گروپە چەکدارە عێراقییەکان ئامادەن بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان

16 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق چەندین جار جەختیان لە هەوڵەکانیان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێی ناوچەکە بۆ ناو خاکی خۆیان، چەند بەرپرسێکی باڵای عێراق ئاشکرایان کرد کە گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی گروپە چەکدارەکان پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دە فەرماندەی باڵای سەربازی و بەرپرسی عێراق ڕوونیانکردەوە کە "ئێستا گروپە چەکدارەکان ئەوانەى لایەنگری ئێرانن ئامادەن چەک داماڵن بۆ ئەوەی عێراق لە توڕەیی ئیدارەی ئەمریکا دووربکەوێتەوە".
هەروەها ئاماژەى بەوەشداوە لەمانگى یەکەمى ئەمساڵدا، چەند گروپێکى چەکدار بارەگانیان چۆڵکردووە و بوونی خۆیان له شاره گه ورەکانی عێراق کەم کردووەتەوه.
هاوکات بەرپرسانى ئەمریکا هۆشداریانداوەو بەرپرسان بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە "ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان لەسەر خاکەکەی، ئەوا ئەمریکا لەوانەیە بە هێرشی ئاسمانی ئەو گروپانە بکاتە ئامانج.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو گروپانەی "نەرمی"یان لە تەسلیمکردنی چەکەکانیاندا نیشانداوە، بریتین لە كتائب حزب الله، والنجباء، وكتائب سيد الشهداء، وأنصار الله الأوفياء.
سەرکردەیەک لە حزبوڵڵای کەتایب کە بەهێزترین میلیشیای شیعەیە لە عێراق، لە پشت دەمامکێکی ڕەشەوە قسەی کردوەو ڕوونیکردەوە: ترەمپ ئامادەیە شەڕ لەگەڵ ئێمە بەرەو ئاستێکی خراپتر ببات، ئێمەش ئەوە دەزانین، بەڵام دەمانەوێت خۆمان لە سیناریۆیەکی وەها خراپ بەدوور بگرین.
