نرخی بیتکۆین گەورەترین دابەزینی تۆمارکرد

5 كاتژمێر لەمەوپێش
نرخی بیتکۆین گەورەترین زیانی لە 24 کاتژمێردا بەرکەت و لەو ماوەیەدا، بەرێژەی نزیکەی 8٪ دابەزی.
پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەسەڵاتی کۆشکی سپی گرتە دەست، بیتکۆین بەرزترین نرخی لە نزیکەی 104 هەزار دۆلاردا تۆمارکرد، بەڵام ئەمڕۆ نرخی یەک بیتکۆین بۆ 76 هەزار و 680 دۆلار دابەزی.
هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی گەورەترین دراوی ئەلیکترۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕە بازرگانییەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی ترەمپ دەستیپێکردووە، کە لەماوەی رابردوودا گەورەترین پاڵپشتیی دراوەکە بووە، پاش ئەوەی باجی خستەسەر 185 وڵات، متمانە بە سیاسەتی دارایی ئەمریکا لاواز بووە و رێگەکانی بازرگانیکردن لەگەڵ ئەمریکا بەرتەسک بوونەتەوە.
دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە هاوشێوە بیتکۆین دابەزینیان تۆمارکردووە، بەجۆرێک نرخی یەک ئیسریۆم دابەزیوە بۆ یەک هەزار و 507 دۆلار، نرخی یەک سۆلانە دابەزیوە بۆ 99 دۆلار و 74 سەنت و نرخی یەک ریپڵ دابەزیوە بۆ یەک دۆلار و 70 سەنت، لەکاتێکدا، ترەمپ بەنیاز بوو وەکو یەدەگی ستراتیجیی ئەمریکا پشتیان پێببەستێت.
