ئێران: ئامادەیە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا

6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرەڕای ئەوەی ئێران سەبارەت بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ هیچ وەڵامێکی لەلایەن ئەمریکاوە وەرنەگرت، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بە نێوەندگیری سوڵتانی عومان دووپاتکردەوە.
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەموو ئەو هەواڵانەی لەبارەی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا ڕەتکردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئێڕان دەڵێت: ئێمە پێشنیاری دانوستانی ڕاستەوخۆ بە هۆکارێک کە چەندین جار باس کراون قبوڵ ناکەین، بەڵام ئامادەین بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەوڵەتی عومانەوە.
ناوبراو زیادی کرد: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکەی ئێران، هەرچەندە ئێمە هیچ پەلەیەکمان نییە.
سەبارەت بە بەشێک لەو ناوانەی کە وەک دانوستانکار ئاماژەیان پێکراوە، ئاراغچی ڕوونیکردەوە "هەموو ئەو گریمانانەی کە خراونەتەڕوو نادروستن، بەڵام دڵنیایە بەرپرسیارێتی دانوستانی ئەگەری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبردنەکەی دەکەوێتە سەر شانی وەزیری دەرەوە".
ساڵی 2015، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و پێنج دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بریتین لە ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا، لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆکرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی.
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران لاببرێن.
لە ساڵی 2018ـدا، لە ماوەی یەکەم خوولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەر ئێرانی چالاککردنەوە. لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە راگرت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر بەرەو پێش برد.
رۆژی دووشەممە، عەلی لاریجانی، راوێژکاری نزیکی رێبەری ئێران، هۆشداری دا کە تاران سەرەڕای ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، "ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە بەدەستهێنانی".
