ترەمپ هەڕەشە لەچین دەکات: باجتان بە رێژەی 50% لەسەر زیاد دەکەین

5 ڕۆژ لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جارێکى دیکە هەڕەشەى توند لە چین دەکات و دەڵێت چین باجی 34% هەڵنەوەشێنێتەوە لە 9ی ئەم مانگەوە باجی 50%ی بەسەردا دەسەپێنین.
لەپەیامێکیدا لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى تروس، بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ نوسیویەتى هەموو گفتوگۆكان لەگەڵ چین سەبارەت بە داواكارییەكەیان بۆ سازدانی كۆبوونەوە لەگەڵمان كۆتایی پێ دێت.
هەروەها دەشڵیت هەر وڵاتێك بۆ تۆڵەسەندنەوە باجی گومرگیمان بەسەردا بسەپێنێت، دەستبەجێ روبەڕووی باجی نوێ و زۆر زیاتر دەبێتەوە.
لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا، سەرۆکى ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوە دەخاتەڕوو لە رۆژی 9ی ئەم مانگەوە، بەبەهای 50% باجی زیاتر بەسەر چیندا دەسەپێنین، ئەگەر بێتو ئەو باجە 34%ە هەڵنەوەشێنێتەوە كە سەپاندویەتی.
ترەمپ سەرەتا 20٪ و دواتر 34٪ـی باجی خستەسەر کاڵا هەناردەکراوەکانی چین بۆ ئەمریکا، ئەگەر ئەم 50ـیەش بسەپێنێت، پێناسی گومرگیی چین دەبێتە 104٪.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "هەموو گفتوگۆیەکی تایبەت بە پێناسی گومرگی لەگەڵ چین رادەگیرێن. جگە لە چین، لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان گفتوگۆ دەکەین."
پێش ئەم پۆستە، ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسی: "هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر پێناسە گومرگییەکان گفتوگۆمان لەگەڵدا دەکەن. پێناسە گومرگییەکان قورسن بەڵام دادپەروەرانەن."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کردووە. ئەو بە ترەمپی راگەیاندووە، تۆکیۆ تیمێک بۆ دانوستاندن دەنێرێتە واشنتن.
ترەمپ لەبارەی ژاپۆن گوتی: "ژاپۆن لە رووی بازرگانییەوە مامەڵەیەکی زۆر خراپی لەگەڵدا کردووین. ئەوان ئۆتۆمبێلی ئێمە ناکڕن کەچی ئێمە ملیۆنان ئۆتۆمبێلی ئەوان دەکڕین."
ترەمپ بەکورتی باسی چینیشی کرد و گوتی: "دەبێت هەموو شتێک لەگەڵ چین بگۆڕێن."
