نەتانیاهۆ گەیشتە واشنتن ئەمرۆ چاوی بە ترەمپ دەکەوێت

10 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ دۆناڵ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن چاوی دەکەوێت بە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گرنگترین ئەو تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەن، بابەتی باجی گومرگی و دۆسیەی ئێران و ئاگربەستی غەزەیە.
ئامانجی سەرەکی نەتانیاهۆ کە ئەمڕۆ لە هەنگاریاوە دەگاتە واشنتن لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ ئەوەیە، هانی سەرۆکە ئەمریکییەکە بدات بکشێتەوە لە بڕیاری سەپاندنی باجی زیادەی گومرگی، یاخود کەمکردنەوەی بڕی باجەکە پێش ئەوەی دژی ئیسرائیل بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نەتانیاهۆ دوێنێ پێش ئەوەی هەنگاریا بەجێبهێڵێت باسی لەوەکرد، ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی بارمتەکان و سەرکەوتن لە غەزە بکات، لەپاڵ ئەوەشدا بابەتی ئەو باجە گومرگییەی ئەمریکا بەسەر ئیسرائیلدا سەپاندوویەتی تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەی دەبێت.
ناتانیاهۆ دوای سەردانیکردنی هەنگاریا، درەنگانی شەوی یەکشەممە، بە سەردانێک گەیشتە واشنتن بەرپرسان دەڵێن؛ سەردانەکەی پلانی بۆ دانەنراوە و هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ترەمپ کۆ ببێتەوە.
ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەو گفتوگۆیەدا باس لە پرسی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە دەکرێت کە ماوەی 18 مانگە لە غەززە دەستبەسەرن، بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە غەززە، هەروەها باجی گومرگی سەر ئیسرائیل".
سەبارەت بە باجەکان ناتانیاهۆ گوتی: هیوادارم بتوانم هاوکاربم لەم بابەتەدا، ئەوە ئامانجی منە، من یەکەم سەرکردەی بیانیم لەگەڵ ترەمپ کۆ دەبمەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە، کە زۆر گرنگە بۆ ئابووریی ئیسرائیل.
ناتانیاهۆ گوتیشی: پەیوەندیی تایبەتی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل کە لەم کاتەدا زۆر گرنگە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند "دوایین ڕاگەیاندنی باج لەلایەن ترەمپەوە ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی ئامێر و کەرەستەی پزیشکی لەلایەن ئیسرائیلەوە هەبێت".
هەردوو وڵات 40 ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادیان ئیمزا کرد و ئێستا نزیکەی 98%ی کاڵای ئەمەریکی لە باج بەخشراون.
