هاوڵاتی سەرۆکی بەرەی گەل پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی کیێر ستارمێر سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەکات، بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا. نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە بارەی پیرۆزباییان لە پارتی کرێکارانی بەریتانیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، پیرۆزباییەکی گەرم بەتایبەتی ئاراستەی بەڕێز کیێر ستارمێر و بەگشتی پارتی کرێکاران دەکەین، بۆ ئەو سەرکەوتنە مێژووییەی تۆماریان کرد لە هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیادا. ئاماژە بەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان و بەریتانیا مێژوویەکی هاوبەشی دوور و درێژیان هەیە و ئێمەش زۆر بە پەرۆشەوە لە توانای ئێوە وەک سەرۆک وەزیران دەڕوانین بۆ بەردەوامیدان بە دۆستایەتیی نێوانمان و بۆ باشتر خزمەتکردن بە خەڵکی هەردوو وڵاتەکەمان لە رێگەی هەماهەنگیکردن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستە بە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوانمان. جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، پارتی كرێكارانی ئەو وڵاتە سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردنەكە بەدەستهێنا و كۆتایی بە 14 ساڵ حكومڕانی پارتی پارێزگاران هێنان پارتەكە لە كۆی 650 كورسی پەرلەمان 326 كورسی بەدەستهێناوە.
هاوڵاتی بەلەمێک لە تورکیاوە بە 110 سەرنشینەوە بەڕێکەوتووە و ونبووە لە تا ئێستادا چارەنووسی سەرنشینەکانی نادیارە. ئەمڕۆ هەینی 5ی تەمووزی 2024، رەنج پشدەری رۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری کۆچبەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، "بەلەمێک ونبووە و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە کە ئاخۆ نقووم بووە یان رێگەیان لێ ونبووە". رەنج پشدەری ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەلەمەکە 110 کەسی هەڵگرتووە کە ژن و منداڵیشی تێدایە، تاوەکوو ئێستا چارەنووسی بەلەمەکە و سەرنشینەکانی دیار نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو بەلەمە لە تورکیاوە بەڕێکەوتووە و بەشێک لە سەرنشینەکانی کوردن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، پیسبوونی هەوا لە 10 شاری گەورەی هیندستان هۆکاری 7٪ی تەواوی ژمارەی مردنە. رێکخراو و چالاکڤانانی ژینگە داوادەکەن بە زووترین کات کار بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک بکرێت. لێکۆڵینەوەکە لەلایەن تیمێک زانای بواری کەشوهەوای هیندی کراوە و لە گۆڤاری بەناوبانگیی زانستیی لانسێت بڵاوکراوەتەوە. زاناکان بۆیان دەرکەوتووە لە هەریەک لە شارەکانی ئەحمەداباد، بەنگالورو، چینای، دەلهی، حەیدەراباد، کۆلکاتا، مۆمبای، پون، شیملا و ڤاراناسی، رێژەی دەنکۆڵەی زیانبەخش کە قەبارەکەی 2.5 مایکرۆ مەترە بەشێوەیەک زیادیکردووە کە خەڵک تووشی شێرپەنجەی سییەکان دەکات. بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە 2008 بۆ 2019، لە هیندستان 33 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە. هۆکاری سەرەکیشی زیادبوونی دەنکۆڵەی قەبارە گەورەیە کە مەزەندە دەکرێت لە هەر مەتر سێجایەک هەوادا 60 دەنکۆڵەی 2.5 مایکرۆ مەتریی تێدابێت. ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت دەبێت زۆرترین دەنکۆڵەی لەو قەبارەیە 15 دانە لە مەترێک سێجا تێپەڕ نەکات. ئەو ژمارەیە 7.2٪ی تەواوی مردنەکانە لەو 10 شارە گەورەیەی هیندستاندا. دەلهیی پایتەختی هیندستانیش خراپترین کواڵتی هەوای هەیە و بەهۆیەوە ساڵانە 12 هەزار کەس دەمرن، ئەوەش 11.5٪ی تەواوی مردنەکانی ئەو شارە پێکدەهێنێت. لەو شارانەشدا کە کواڵتی هەوا باشترە وەک مومبای، کۆلکاتا و چینای، رێژەی مردن بەهۆی خراپی هەواوە بەرزە. رێکخراوی دەبلیو ئێچ ئۆ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەموو دانیشتووانی زەوی ئێستا هەوای پیس هەڵدەمژن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئیسرائیل کە بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، حەماس و سوپای ئیسرائیل لەسەر لێواری دروستکردنی چوارچێوەیەکی گفتووگۆن تاوەکو بگەنە ئاگربەست. قسەکانی سەرچاوە ئیسرائیلییەکە لەکاتێکدایە، حەماس رایگەیاندووە، وەڵامێکی "ئەرێنی"ی پێشنیازێکی ئیسرائیلییان داوەتەوە. لە شوێنێکی دیکەشدا ئاماژە بەوەدراوە، "هەندێک داواکاریمان بۆ ئاگربەست و چوونەدەرەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە پێشکێشکردووە". رێککەوتنەکە کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە بەم جۆرەیە، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەبێت سەرەتا گڵۆپی سەوز بۆ چوونە ناو قۆناخێکی نوێی گفتووگۆ لەگەڵ حەماس هەڵبکات. پاشان گفتووگۆ لەبارەی رێککەوتن لەسەر ئاشکراکردن پاشان ئازادکردنی دەستگیرکراوانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل لەلای حەماس دەکرێت. بەرپرسانی ئیسرائیل پێویستە پێش چوونە ناو گفتووگۆکانەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و وەزیرەکانیان بە وردی تاووتوێی چوونە نێو گفتووگۆکان بکەن. پێشبینی دەکرێت گفتووگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە بە نێوەندگیری میسر، قەتەر و ئەمریکا دەکرێت حەوت بۆ هەشت هەفتە بخایێنێت. بە گوێرەی حەماس، لەلای ئەوانیشەوە ئیسماعیل هەنیە، رابەری بزوتنەوەی حەماس بۆ زیاتر لە دوو کاتژمێر لەگەڵ گفتووگۆکاران لە پەیوەندیدا بووە تاوەکو بەرەو "گەیشتن بە رێککەوتنێک" ئاڕاستەیان بکات. ئەم بەرەوپێشچوونانە لە هەوڵدان بۆ گفتووگۆی زیاتر لە کاتێکدایە، شەقامی ئیسرائیلی لە حکومەتەکەیان بۆ هەوڵنەدان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان توڕەن. هۆشدارییان داوەتە حکومەت ئەگەر تەواوی هەوڵی خۆی بۆ گەیشتنە رێککەوتن نەدات، خۆپێشاندانی چەند ملیۆنی دەکەن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی وردە وردە بە گوێرەی ئیسرائیل، حەماس بە تەواوەتی لەناودەچێت و لە توانا سەربازی و بەڕێوبەرییەکانی دادەماڵرێت. ئەمریکا، هاوپەیمانانی و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ حەماس لە غەززە دەدەن. بە گوێرەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، پلانی سەرەکی ئەوەیە، بەشێک لە خێزانە باڵادەست و بەناوبانگەکانی غەززە حکومەتێکی خۆجێیی لە غەززە پێکبهێنن و بەڕێوەی ببەن و لەگەڵ ئیسرائیل هاوئاهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامیان هەبێت. رۆیتەرز لە راپۆرتێکی بنکۆڵکارییدا دەڵێت، سەرۆکی خێڵ و بنەماڵە بەناوبانگەکانی غەززە دەترسن لەوەی رۆڵی بەڕێوبەریی غەززە بگرنە دەست؛ ئەمە لەکاتێکدایە لە نیوەی جەنگەکەوە ئیسرائیل لە گفتووگۆدایە لەگەڵیاندا. تەحانی مستەفا، توێژەری دۆزی فەڵەستین دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی ئەو ترسە تۆڵەکردنەوەی حەماسە لەو بنەماڵانە، چونکە لەوە دەترسن ئەگەرچی حەماس بە شێوەیەکی فەرمی لە غەززەدا باڵادەستیی نەمێنێت، لەسەر شەقامی غەززە هەر جێ پێی دەمێنێت و دەتوانێت گورزیان لێ بووەشێنێت. رۆیتەرز گفتووگۆی لەگەڵ 5 لەو سەرۆک خێڵ و بنەماڵانەی غەززە کردووە و هەموو دەڵێن رەتیانکردووەتەوە غەززە بەڕێوەببەن. ئاژانسە بەریتانییەکە لەبارەی ئاستی هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوەی حەماس لەو بنەماڵانە ئەگەر بڕیاری بەڕێوەبردنی غەززە بدەن، گفتووگۆی لەگەڵ ئیسماعیل سەوابتە، سەرۆکی میدیایی حکومەتی حەماس کردووە، ئەو بەرپرسە لە وەڵامدا دەڵێت، پێی وایە تۆڵەسەندنەوەکە زۆر سەخت دەبێت. بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لەو بارەیەوە قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێت، هەوڵی زۆریان داوە لەگەڵ بنەماڵەکانی غەززە لێک نزیکببنەوە، بەڵام حەماس هەوڵەکانیانی هەڵوەشاندووەتەوە. گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی دوای 17 ساڵ بۆ غەززە ئەمریکا خواستی وایە دەسەڵاتی فەڵەستینی کە ئێستا کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بەڕێوەدەبات بگەڕێنێتەوە غەززە، بەڵام ناتانیاهو لەگەڵ ئەم بیروڕایەدا کۆک نییە. هۆکاری بە دڵ نەبوونی ئەو رێگەچارەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، خەڵکی غەززە بە حوکمی دەسەڵاتی فەڵەستینی رازی نین؛ ئەمە بە گوێرەی راپرسییەکی ناوەندی فەڵەستینی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و راپرسی کە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە. ناتانیاهو دەیەوێت لە ناوخۆی غەززەدا حکومەتێکی خۆجێیی پێک بهێنێت کە قایل بن بەوەی بە ئاشتی و ئارامی لە پاڵ ئیسرائیلدا بژین بەبێ هێرشکردنە سەر یەکدی و کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل. هاوکات خواستی وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری ئاسایشی غەززە بکەن و پلانی بنیاتنانەوەی غەززە جێبەجێ بکرێت. لەو بارەیەوە دوو بەرپرسی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان گوتووە، ناتانیاهو لەم کاتەدا هیچ بژاردەیەکی دیکەی بە دەستەوە نییە جگە لە گێڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ ناوچەکە. ئەمریکا هەوڵی جیددی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ باشترکردنی سیستمی بەڕێوبەرییەکەی و نەهێشتنی گەندەڵی لە ژێر دەسەڵاتەکەدا داوە و ئامادەی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە. مانەوەی حەماس بە گوێرەی رۆیتەرز، لە کاتێکدا دانیشتووانی غەززە بەشێکیان دڵیان لە حەماس بەرامبەر ئەو جەنگە نا بەرامبەرەی هەڵیگیرساند تۆراوە، بەشێکیان لە داخی ئەو توندوتیژییەی ئیسرائیل بەرامبەری کردوون بیرێکی پەڕگیریان بۆ دروستبووە و زیاتر لە حەماس نزیکبوونەتەوە. هەربۆیە حەماس ئەگەر دەسەڵاتیش لە غەززە نەگرێتەوە دەست، هێشتا توانای بۆ چالاکی جۆراوجۆر دەمێنێت لە ناو غەززەدا. حەماس تاوەکو ئێستاش هێزی سەرەکییە لە غەززە و هەژموونی بەسەر بازرگانان و خەڵکەکەشدا هەیە. بە گوێرەی گوتەی چوار دانیشتووانی غەززە کە رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵیاندا کردووە، حەماس دەستی بە هەڕەشەکردن لە بازرگان و سەرۆک خێڵەکان کردووە و ژمارەیەک ئەندامی ئەو خێڵانەشی کوشتووە. جگە لە ئەندامی سەرۆک خێڵەکان، بەرپرسانی حەماس ئەو کەسانەش دەستگیردەکەن کە سۆزیان بۆ دەسەڵاتی فەڵەستینی هەیە. لە مانگی نیسانی ئەمساڵ حەماس ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی خۆی بە تۆمەتی هاوئاوازی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی دەستگیرکردووە. دەسەڵاتی فەڵەستینی رایگەیاند، سێ ئەفسەریان دەستگیرکراوە کە هاریکاریی مرۆییان گەیاندووەتە باکووری غەززە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان دەڵێت، تاوەکو ئاگربەستی تەواوەتی لە غەززە رانەگەیێنرێت، پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناوەستێت. نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئاگربەست لە غەززە بکرێت، بێ قسە واز لە شەڕ دێنین. باس لەوەش دەکات، بەشداریکردنی ئەوان لە شەڕی دژی ئیسرائیل بۆ هاریکاریکردنی حەماس بووە، ئەگەر شەڕیش نەمێنێت، ئیدی پێویست بە هاریکاری ناکات. ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبوڵا دەڵێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە رووبدات و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە نەکشێنەوە، ئەوا چارەنووسی پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناڕوون دەبێت. قاسم لە گفتووگۆیەکی 40 خولەکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، هەموو کاردانەوەیەکی ئەوان پەیوەستە بە بەردەوامی یان وەستانی جەنگ، دروستبوونی ئاگربەست یان پێچەوانەکەی؛ تاوەکو ئەو شتانەش دڵنیا نەبنەوە، ئەمان ناتوانن هەڵوێستی راستیی خۆیان دڵنیابکەنەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا کە گفتووگۆی ئاشتی و ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل تێکچوو و لەلایەن هەردوولاوە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا رەتکرایەوە، پێکدادانی حیزبوڵا و ئیسرائیل لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل زیادیکردووە. هەر لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حیزبوڵای لوبنان بە نزیکەیی رۆژانە ئاڵووگۆڕی هێرشی مووشەکیی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە. بەهۆی ئەو گرژیانەوە دەیان هەزار هاووڵاتی لە گوند و شارۆچکەکانی سەر سنووری هەردوو وڵات ئاوارەبوون.
هاوڵاتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە کوردستان ئەوانەی توندوتیژی دژی ژنان دەكەن لە سزادان رزگاریان دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەمووزی 2024، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی، لەوانە حاڵەتە ترسناکەکانی کوشتن، دەستدرێژی، لێدان و ئاگرتێبەردان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. رێکخراوەکە نیگەرانی خۆى دەربڕیوە بەهۆى بوونى ژمارەیەکی کەمی ماڵى داڵدەدان کە بۆ ژنانی قوربانی توندوتیژی خێزانی لە ناوچەکەدا بەردەستە، راپۆرتەکە لەسەر بنەمای 57 چاوپێکەوتن لەگەڵ کرێکارانی مرۆیی و بەرپرسان و 15 کەسی رزگاربووە. رێکخراوەکە، لە راپۆرتەکەیدا داوای دابینکردنی بودجەی زیاتری بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژنان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، بەربەستى سەرەکی بەردەم رزگاربووان ئەوەیە "دەبێت خۆیان سکاڵای تاوانکاری لەسەر هێرشبەرەکەیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەم سکاڵایە پێویستە بۆ ئەوەى لەماڵى داڵدەدان بپارێزرێن. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەشڵێت، ساڵی 2023 لانی كەم 30 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ساڵی 2022 ژمارەی ئەو ژنانەی كە كوژراون 44 ژن بووە، بەڵام رێكخراوە ناحكومییەكان دەڵێ رەنگە ژمارەكە زۆر لەوە زیاتریش بێت. ڕاپۆرتەکە لە زاری توێژەرێکی کۆمەڵایەتییەوە نووسراوە، ژنان نایانەوێت بچنە دادگا چونکە لێیان دەپرسن، ،چیتکردووە واى لە بەرامبەرەکەتکردوە بەمشێوەیە مامەڵەت لەگەڵبکات؟، و راپۆرتەکە دەڵێت، نابێت ئەو پرسیارەبکرێت. لەم بارەیەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "لایەنگری"ی نێوان هەندێک لە دادوەرەکانی لە بەرژەوەندی پیاوان سەرکۆنە کردووە، کە سزاى هەندێک تاوانباریان وەکو پێویست و بەگوێرەى گەورەیی تاوانەکە نەداوە.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنووریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لە 1ی تەمووزی 2024 لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنوریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان. ئاژانسەکە دەشڵێت، هێزەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا روبەڕوی پەلاماری چەكداری دەبنەوە، ئەوەش دوای ئەو كردەوە توندوتیژیانەی بەنابەرە سورییەكانی لە توركیا كردە ئامانج. سەرچاوەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوو، توركیا دەروازە سنوریە سەرەكییەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا داخستووە، دوای ئەوەی هێزەكانی روبەڕووی هێرشی چەكداری بوونەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانی سوری توڕە، بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سوریا لەتوركیا. لەم بارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆباڵی "پلانی ئاژاوە"ی نایە ئەستۆی گروپەكانی پەیوەست بە رێكخراوە تیرۆرستیەكان، بەڵێنیشدا ئەو "دەستە پیسانە" ئاشكرابكات كە لەپشتی روداوەكانی ئەم دواییەوەن. سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، دەزانین كێیە ئەم جۆرە گەمانە دەكات لەگەڵ بەزیوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی، ئێمەو برا سوریەكانمان ناكەوینە ئەو بۆسە پیسە, رادەستی كاری تێكدەرانەی رەگەپەرستی نابین. ئەردۆغان ئاماژەی باسی لەوەشکردووە، زیاتر لە 670 هەزار سوری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا، دوای ئەوەی توركیا بە درێژایی دەیەی رابردوو كاری لەسەر بنیادنانی ناوچەی ئارام كردووە. چارەسەری كێشەی پەنابەران بەشێوەیەكی مرۆیی و ئەخلاقی دەكرێت بەجۆرێك تەریبی دۆخی ئابوری توركیا بێت, كە میوانداری زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری جەنگی سوریای كردووە. سەرۆک کۆماری تورکیا، هەینی رابردووش وتی، دەكرێت كۆبونەوە لەگەڵ ئەسەد هاوكاربێت لە گێڕانەوەی پەیوەندیە دووقۆڵییەكان، توركیا لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بچڕاندو پشتیوانی یاخیبووەكانی كرد، كە هەوڵی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەدەن. لەم بارەیەوە دوێنێ سێشەممە، 2ی تەمووزی 2024، عەلی یرلیكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا لە تویتێکدا رایگەیاند، پۆلیسی وڵاتەكەی 474 كەسی تێوەگلاویان لەو هێرشانە دەستگیركردووە، كە رەوەندی سوری لەسەرانسەری توركیا كردووەتە ئامانج، كە شەوی یەك شەممەی رابردوو ئەنجامدرا. وتیشی، موڵك و ماڵ ئۆتۆمبیلی سوریەكان رووبەڕوی كاری تێكدەرانەو سوتاندن بووەوە لە ویلایەتی قەیسەری ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیكردنی پیاوێكی سوری بۆ سەر منداڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان. هەر لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی خستەڕوو، كارە توندوتیژیەكان گەیشتووەتە هەرێمەكانی، هاتای و غازی عەنتاب و قۆنیاو بۆرسەو ناوچەیەك لە ئەستەنبوڵ، كە تیایدا ژماریەك هاوڵاتی سوری برینداربوون. ئەوەش وایكرد، سەدان هاوڵاتی سوری توڕە بڕژێنە سەر شەقامەكانی چەندین ناوچە لە باكوری خۆرئاوای سوریا, كە چەكدارە یاخیبووەكان كۆنتڕۆڵیان كردووەو توركیا هەزاران سەربازی لەو ناوچانە بڵاوكردووەتەوەو, كردوویەتی بەناوچەی هەژموونی خۆی، بەجۆرێك رێگە بە رژێمی سوریا نادات بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. هاوکات لەسەر ئەم پرسە بەرپرسێكی ناوچەكە سنوریەكان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، توركیا لەوەڵامی ئەو كردەوانەدا دەروازەی"باب ئەلهەوا"ی سنوریی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە، كە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی و گواستنەوەیە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی, هاوشانی "باب ئەلسەلام"و دەروازە بچوكەكانی تر. جێگای ئاماژەیە، شاری عەفرینی سنوریی، بووە شانۆی توندترین پێكدادان، كە تیادا لایەنی كەم چوار كەس لە تەقەی نێوان خۆپیشاندەرە چەكدارەكان و هێزەكانی توركیادا كوژران. ئەمەش لە کاتێکدایە، لەناوچەكانی تریش بەریەككەوتن و پێكدادانی چەكداری روویداوەو هاوڵاتیانیش لەچەند شارۆچكەیەك بە بەرد پەلاماری هێزەكانی توركیایان داوەو، ئاڵای توركیا لەسەر هەندێك لە نوسینەگەكان پارچە پارچە كردووە. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە، چەندین بەرپرسی توركیا ئەو ئاڵۆزیانەیان لە سوریا بە وروژاندن و كاری ئیستفزازی ناوبردووە. وەزارەتی دەرەوەیی تورکیا ئەوەی خستۆتەڕوو، هەڵەیە رووداوە خەمناكەكان كە لە ولایەتی قەیسەری روویداوە، بكرێتە بنەمایەك بۆ كاری وروژاندن و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەكانمان. سەرچاوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، درەو
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەپێی ئامارێک کە ماڵپەڕی ترەید ماپ بڵاویبکردۆتەوە ، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و بەڕازیل لە ماوەی ساڵی 2023دا زیاتر بووە لە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار. بەپێی ئاماری ماڵپەرەکە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە ملیارێک و 257 ملیۆن و 56 هەزار دۆلار. دەشڵێت، ، بەڕازیل %98.3ی قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە پێکدەهێنێت، لەناو ئەو رێژەیەشدا بە بەهای زیاتر لە 477 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار شەکر و شیرینی و بە بەهای 351 ملیۆن دۆلار بەرهەمی ڕۆن و میوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەهای 313 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار گۆشتی هەناردەی عێراق کردووە. لە بەرامبەر ئەوەشدا، عێراق بە بەهای دوو ملیۆن و 394 هەزار دۆلار سووتەمەنی و ڕۆنی ئۆتۆمبێلی هەناردەی بەڕازیل کردووە.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی تێچووی رێکارەکانی جیابوونەوەی خێزانی لە رووسیا لە پێشووتردا تەنیا بە 650 رۆبڵ واتە 7 دۆلار و 39 سەنت بوو، ئێستا وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە تێچووەکەی بۆ 5000 رۆبڵ، 56 دۆلار و 84 سەنت بەرزکردووەتەوە. بە گوێرەی بلۆمبێرگ، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی رووسیا لەکاتێکدایە، کەمترین مووچە لە رووسیا تەنیا چوار هێندەی ئەو بڕەیە کە بۆ رێکارەکانی جیابوونەوە خەرجدەکرێت. ئامانج لە بڕیارەکە دووانە، یەکەمیان کۆمەککردنی ئەو پارەیەی زیادکراوە بۆ سوپای رووسیا کە ئێستا وەک میدیاکانی رۆژئاوا باسی دەکەن دووچاری کورتهێنانی دارایی بووەتەوە. ئامانجی دووەمیش کەمکردنەوەی ژمارەی جیابوونەوەی خێزانە لە رووسیا کە لە 2023دا 683 هەزار و 700 جیابوونەوە تۆمارکراوە. هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی جیابوونەوەی خێزانی، تێچووی گۆڕینی ناویش لەو وڵاتە سێ هێندە کراوە. هاندەری بڕیاری زیادکردنی تێچووی جیابوونەوەی خێزانی دەکرێت خواستی حکومەتی رووسیا بێت بۆ گەورەبوونی خێزان و خستنەوەی منداڵی زیاتر. رووسیا لە 2023دا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کەمترین لەدایکبوونی منداڵی تێدا تۆمارکراوە. بلۆمبێرگ دەڵێت، هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لە رووسیا، کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە لە جەنگی ئۆکراینادا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە مەراسیمێکی ئاینیی هیندوودا لە هەرێمی ئوتار پرادیشی باکووری هیندستان، بەهۆی پاڵەپەستۆوە 87 کەس گیانیان لەدەستدا. رۆژی سێشەممە 2-7-2024، قەرەباڵخییەکی گەورە لە پارێزگای هاتراس روویدا، ئەوەش بەبۆنەی کۆبوونەوەیەکی ئاینیی هیندوو. هاووڵاتیانی پەیڕەوکاری ئەو ئاینە سەردانی پەرستگایەکییان کردووە، ئەوەش چونکە پیاوێکی ئاینی بانگەشەی کۆبوونەوەیەکی دینی کردووە. ژمارەیەک ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە کە تەرمی خەڵک لەسەر زەویی نەخۆشخانە و پەرستگاکە کەوتوون. ئاشیش کومار، قایمقامی پارێزگای هاتراس رایگەیاندووە، "رووداوەکە بەهۆی قەرەباڵخی لە رادەبەدەر لەکاتی جێهێشتنی پەرستگاکە روویداوە". ئەوەشی باسکردووە، پێشبینی دەکەن ژمارەی گیانلەدەستدان زیادبکات. بە گوێرەی شایەدحاڵێک، دەرگای دەرچوونی پەرستگاکە بچوکبووە و لەو کاتەدا کە خەڵکەکە ویستویانە بچنە دەرەوە لە پڕ قەرەباڵخییەکی زۆر چڕ دروستبووە و کەس نەیزانیوە چیبکات. ئوتار پرادیش پڕ دانیشتووانترین هەرێمی هیندستانە کە ژمارەیان 200 ملیۆن کەسە.
هاوڵاتی نرخی نهوتی خاوی برێنت له بازاڕهكانی جیهان جارێكی تر بەرزبۆوە ببهجۆرێك نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی برێنت له 87 دۆلار نزیك دهبێتهوه. ئهمڕۆ سێشهممه 2ی تهممووزی 2024، نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی برێنت له بازاڕهكانی جیهان بهرزبوهوه بۆ 86 دۆلار و 83 سهنت. ئەمەش له كاتێكدا دوێنێ به 85 دۆلار و 42 سهنت فرۆشرا. جێگەی ئاماژەیە، نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی ئهمریكی بهرزبوهوه بۆ 83 دۆلار و 53 سهنت، لهكاتێكدا دوێنێ به 81 دۆلار و 96 سهنت مامهڵهی پێوهكرا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ناتانیاهو دەڵێت، لە کۆتایی لەناوبردنی تەواوەتی چەکدارانی حەماس لە غەززە نزیکبوونەتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە تاوەکو لەناوبردنی یەکجاریی ئەو بزوتنەوەیە کۆتایی بە جەنگ ناهێنن. ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1-7-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی ئیسرائیلی گوت، “لە سەردانێکم بۆ لای هێزەکانمان لە غەززە گەڕاومەتەوە. هەموو دەستکەوتە دیارەکانمانم لە شەڕەکەمان لە رەفەح بەرچاوکەوت. خەریکە دەگەینە قۆناخی کۆتایی لەناوبردنی سوپای تیرۆرستانی حەماس”. لە قسەکانیدا ناتانیاهو جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجەکانیان هاوشێوەی پێشوو گەڕاندنەوەی بارمتەکانی ژێردەستی حەماس، دڵنیابوونەوەیە لەوەی حەماس چیدیکە هەڕەشە نییە دژی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە ئاوارەکان لە باکوور و باشووری ئیسرائیلە. پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرش بۆ سەر شاری رەفەحی باکووری غەززە بکات، ناتانیاهو رایگەیاند، رەفەح دواین پەناگەی پارێزراوی حەماسە. قسەکانی سەرۆکوەزیرانەکەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، قۆناخی سەختی شەڕی حەماس لە غەززە کۆتاییهاتووە. ئاماژەی بەوەشکرد دەتوانن هێزەکەیان بۆ سەرنج خستنەسەر سنووری باکووری وڵاتەکەیان لەگەڵ لوبنان بەکاربێنن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی هێزە چەکدارەکانی مقاوەمەی ئیسلامی ئاگربەستیان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق شکاند و دەڵێن، ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر لوبنان، بە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چڕدەکەنەوە. راگەیێنراوی ئەو هێزە میلیشیایە دوای ئەوە دێت، لە ماوەی کەمتر لە دوو رۆژدا بەرپرسانیان لەبارەی بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کۆبوونەتەوە. رۆژی دووشەممە 1-7-2024، مقاوەمەی ئیسلامی کە هێزێکی میلیشیای نزیک لە ئێرانە رایگەیاند، “لە وەڵامی دوژمنانی زایۆنی و ئەمریکی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەسەر لوبنان و بەرگرییە ئازاکەی، لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم هەڕەشانە هێرشەکانمان بۆ سەریان توند دەکەینەوە”. لە ماوەی رابردوودا، چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامی هێرشی میدیاییان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زیادکردووە. باس لەوە دەکەن بە هەر جۆرێک کە پێویست بێت هەوڵیان دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق. سەرچاوەیەکی عێراقی بە رۆژنامەی ئەخباری لوبنانیان گوتووە، هەزاران چەکداری میلیشیا جیاجیاکانی شیعە لە نێویاندا کەتایبی حیزبوڵا دەستیان بە مەشقی چڕ کردووە. بە گوێرەی سەرچاوەکە، تەواوی مەشقەکان بە سەرپەرشتی ئێران دەکرێن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئۆکراینا بەهۆی کەمی و قەیرانی ژمارەی سەربازەوە لە ئۆکراینا بڕیاریداوە 27 هەزار بەندکراو کە گونجاون بۆ شەڕکردن لە بەرەکانی جەنگی وڵاتەکە لە دژی رووسیا ئازادبکات. ئەمە یەکەم جارە لە دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە جەنگ ئۆکراینا روو لە بەندینخانەکانی بۆ کۆکردنەوەی سەرباز لە سوپای وڵاتەکەدا بکات. بڕیارەکە مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی ئۆکرایناوە پەسەند کرا. بە گوێرەی ئاماری یەکێتی ئەوروپا، 42 هەزار زیندانی لە بەندینخانەکانی ئۆکراینادا هەن؛ وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە دەڵێت، نزیکەی 27 هەزار زیندانی گونجاون بۆ ئەو ئەرکە. ئۆکراینا هیچ ژمارەیەکی دیار و روون لەبارەی ژمارە و شوێنی سەربازەکانی لە جەنگەکەی دژی رووسیادا بڵاوناکاتەوە، بەڵام فەرماندەکانی جەنگ لە ماوەی رابردوودا بە ئاشکرا ئاماژەیان بە قەیرانی کەمیی ژمارەی سەربازانی ئۆکراینا باسکردووە. رێککەوتن لەگەڵ سەربازەکان بەو جۆرەیە، دەبنە سەرباز بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان و هیچ پاداشتێکی مادی وەرناگرن، بەڵام ئەگەر مان و نەمردن، دەتوانن ئازاد بن. سەربازێک دەڵێت، "هاندانێکی زۆر لە نێوان زیندانییەکاندا هەیە کە دەیانەوێت وەک پاڵەوانێک بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، نەک وەک زیندانییەک". زیندانییەکی دیکە دەڵێت، "کارێکی گێلانەیە لەم بەندینخانەیەدا دانیشیت و هیچ نەکەیت، هەمیشە ویستوومە شتێک بۆ ئۆکراینا بکەم و لە سوپادا ناوم بنووسن، ئەوە ئەو هەلە هاتە پێشەوە". ئەم پێشنیازە هەموو بەندکراوەکانی ئۆکراینا ناگرێتەوە؛ ئەوانەی بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی، هەراسانکردنی سێکسی، کوشتنی دوو کەس یان زیاتر دەستگیرکراون یاساکە نایانگرێتەوە. ئەو زیندانیانەش کە بڕیارە ئازادبکرێن، پێش ئەوە پشکنینی دۆخی مێشک و لایەنی دەروونی و تەندروستییان بۆ دەکرێت. ئازادکردنی زیندانییان لەلایەن ئۆکرایناوە لەکاتێکدایە، جەنگ لە دوو مانگی رابردوودا سەختتر بۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئایاردا رووسیا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر خارکیڤ و رووبەرێکی گەورەی کۆنترۆڵکردەوە.