ئیسرائیل باشترین کات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دیاریدەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیسرائیلییەکان نیگەرانن و بەکەمتر لە لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران رازی نابن، هەروەها لە دیدگای ئیسرائیلەوە ئێستا باشترین کاتە بۆ لێدان لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوەش لەگەڵ گەڕى دووەمى دانوستانەکانى تاران و واشنتن لەسەر بەرنامەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت.
بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، جیروسلام نیگەرانە لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، ترسیان هەیە ئەمەریکا بە رێککەوتن رازی ببێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن ئەمەریکییەکان بە هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران رازی بکەن.
پێگەی جیروسلام پۆستى ئیسرائیلى نوسیویەتی، ئیسرائیل هەرگیز دەستبەرداری بیرۆکەی هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران نەبووە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە کە لەم قۆناغەدا ئەمەریکا پشتیوانی هەنگاوێکی هاوشێوە ناکات، ئەوەش بە وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی و دوو کەسی دیکەی ئاگادار لەو بابەتە.
هەر لەسەر ئەو پرسە، نەتەنیاهۆ جەختی کردووەتەوە کە رێگری دەکەن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی بۆ تاران، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێداگیری دەکات لەوەی هەر دانوستانێک لەگەڵ تاران دەبێت ببێتە هۆی لەناوبردنی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسرائیلدا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل گەیشتوونەتە فەڕەنسا بەمەبەستی کاریگەریی دروستکردن لەسەر بڕیارەکانی ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکان کە بڕیارە سبەینێ ئەنجامبدرێت، ئەوەش بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆس.
ئەکسیۆس نوسیویەتی، " بەمەبەستی دروستکردنی لۆبی و رازیکردنی ئەمەریکا، هەر یەکە لە رۆن دێرمە، وەزیری کاروباری ستراتیژی و دەیڤد بارنیا بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی مۆساد-یش گەیشتوونەتە پاریس بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەڵوێستی ئەمەریکا پێش گەڕی دووەمی دانوستانەکان".
ئەمڕۆ نوێنەرانى ئەمەریکا و ئێران لە رۆماى پایتەختى ئیتاڵیا رووبەڕوو کۆدەبنەوە، لەخولى دووەمى دانوستانەکانى نێوانیاندا لەسەر بەرنامەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە.
ستیڤ ویتکۆف نێردەى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەرۆکایەتى شاندى ئەمەریکا دەکات و وەفدى ئێرانیش لەلایەن عەباس عەراقچی وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتەوە سەرۆکایەتى دەکرێت. بەدر بوسەعیدى وەزیرى دەرەوەى عەممانیش وەک نێوەندگیر بەشدارى لە دانوستانەکاندا دەکات، لەگەڵ ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
لەخولى دووەمى دانوستانەکاندا، هەردوو وڵات تاوتوێى دانانى خشتەیەکى کاتى دەکەن بۆ ماوەى دانوستانەکان و گەیشتن بە ئامانج، لەگەڵ تاوتوێکردنى چوارچێوەى گشتى رێککەوتنى نوێ، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمەریکى.
