پێنتاگۆن: هێزەکانمان لە سووریا کەم دەکەینەوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی هەزار سەربازیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکشێننەوە و کەمتر لە هەزار سەرباز دەهێڵنەوە. 
 
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ وەزیری بەرگری فەرمانی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێ شوێنی دیاریکراو چڕبکرێنەوە."
 
دەشڵێت: "ئەم پڕۆسەیە کە بە مەبەست و لەسەر بنەمای هەلومەرجەکە دەکرێت، لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ خوار هەزار سەرباز لە سووریا کەم دەکاتەوە."
 
چپێش ئەوە، گوتەبێژێکی پێنتاگۆن  راگەیاند: "ئەمریکا لە دوو بۆ سێ مانگی دیکەدا ژمارەی هێزەکانی لە سووریا بۆ کەمتر لە هەزار سەرباز کەم دەکاتەوە."
 
سەرچاوەیەکی دیکەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان دەستیانکردووە بە بارکردنی کەلوپەلەکانیان لە هەردوو بنکەی کۆنیکۆ و گرین ڤڵیج لە دێرەزوور و بڕیارە ئەو کەلوپەلانە بگوازرێنەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. 
 
لە راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتووە، وێڕای کەمکردنەوەی هێزەکانیان، "فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا وەک پێشتر ئامادە دەبێت بۆ هێرشکردنە سەر پاشماوەکانی داعش لە سووریا؛هەروەها لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشانی خاوەن توانا و ئارەزوومەندی ئێمە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاردەکەین بۆ ئەوەی گوشار لەسەر داعش بهێڵینەوە و وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی دیکەی تیرۆریستیش بدەینەوە ئەگەر سەرهەڵبدات."
 
 هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە یارمەتی ئەو هێزە زۆرینە کوردییە دەدەن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها بوونەتە هێزێکی دابڕێنەر بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لەنێوان هەسەدە و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان. سوپای ئەمریکا لە ناوچەی تەنەفی سووریاش هەیە. 
 
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵی دا هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن بەرهەڵستی بڕیارەکەیان کرد، چونکە پێیان وابوو ئەوە "ناپاکیکردنە" لە هاوپەیمانە کوردەکانیان. لەسەر ئەوە و چەند نیگەرانییەکی دیکە، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەوکات، دەستی لە کارەکەی کشاندەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار