واشنتۆن: لە چوار کاتژمێر وتووێژ لەگەڵ ئێرانییەکان پێشکەوتنمان بەدەستهێنا

13 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دەڵێت، ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆی رۆژی شەممە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، "بەرەوپێشچوونی زۆر باش"یان بەدەستهێناوە. 

بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "ئەمڕۆ لە رۆما، لە ماوەی زیاتر لە چوار کاتژمێری گەڕی دووەمی گفتوگۆکانمان، بەرەوپێشچوونی زۆر باشمان لە دانوستاندنە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکاندا بەدەستهێنا."
 
شاندی ئێرانی بە سەرکردایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و شاندی ئەمریکی بە سەرکردایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە باڵیۆزخانەی عومان کۆبوونەوە. 
 
دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عێراقچی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەنەوە.
 
عێراقچی گوتی: "لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکەی پێشوودا، ئەم جارەش کۆبوونەوەیەکی باش بوو و دەتوانم بڵێم کە دانوستاندنەکە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت. ئەم جارە توانیمان بگەینە ئەنجامێکی باشتر لەبارەی هەندێک بنەما و ئامانج. دواجار بڕیاردرا کە دانوستاندنەکان بەردەوام بن و بچنە قۆناخی داهاتوو."
 
دانوستاندنەکان لە کاتێکدان، هێشتا لەنێو ئیدارەی ترەمپ، هەروەها لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلیش، مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی ئایا دەبێت بە دیپلۆماسی یان هێرشی سەربازی رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە بکرێت؟. 
 
تاوەکو ئێستا، ترەمپ دژی بۆچوونی ئەوانە وەستاوەتەوە کە داوای جەنگ دەکەن، لەنێویاندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵکو پێداگرە لەسەر ئەوەی بە رێککەوتن بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کۆتوبەند بکات. 
 
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 
 
رۆژی هەینی، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەمەوێت ئێران وڵاتێکی مەزن و خۆشگوزەران و ناوازە بێت، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەگەر چەکی ئەتۆمیشیان هەبێت، ئێوە هەمووتان زۆر خەمگین دەبن، چونکە ژیانتان لە مەترسیی گەورەدا دەبێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار