ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیل: دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران هەرەس دەهێنێت 

2 مانگ لەمەوپێش



 

رۆژنامەی"ئیسرائیل هیۆم" لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویكردووەتەوە، پێدەچێت دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا هەرەسبهێنێت، راشیگەیاندووە، واشنتۆن دەستبەرداری داواکارییە سەرەتاییەکانی نەبووەو، ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە راگرتنی پێشخستنی موشەکی بالیستی ئێران و، راگرتنی چالاکی گروپە هاوپەیمانەكانی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامە ئیسرائیلیەكە، لەزاری بەرپرسەكەی ئەمریكاوە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، ترەمپ بە شێوازی خۆی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەبات و دەزانێت چی دەکات،  ئاگاداری ئەو هەڕەشە ترسناكەیە كە ئێران دروستیكردووە.

هاوكات بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانیش، رایگەیاندووە، دانوستانەکانی ئەمریکاو ئێران هەرەسدەهێنن، کاتێک واشنتۆن داواکارییەکانی خۆی دەخاتەڕوو.

رۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
 
دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەن.
 
گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار