هۆڵەندا قەرەبووی عێراق دەکاتەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

ڕوبێن برێکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقی لە کورتەیەک لە ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتەی سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی هۆڵەندا بۆ سەر داعش کە پێشکەش بە پەرلەمانی هۆڵەندا کرا بوو و بووە هۆی مردنی هاووڵاتیانی عێراقی، ئاگادار کردەوە.

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ ڕۆبین برێکڵسمان، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گفتوگۆیان کرد." 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە میانی پەیوەندییەکەدا، فوئاد حسێن و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، گفتوگۆیان لەسەر کورتەیەک لە ناوەرۆکی ئەو ڕاپۆرتەی سەبارەت بەو هێرشە ئاسمانیانەی کە فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی هۆڵەندا لە ساڵی 2015  کردبوویانە سەر پێگەکانی داعش، کە بووەتە هۆی زیانی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، کرد.

برێکڵمانس ڕوونی کردەوە، ئەو ڕاپۆرتەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە دەرچووە، پێشنیاری دابینکردنی قەرەبووی ئەو ناوچە زیانلێکەوتووەی کردووە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئاماژەی بە ئامادەیی حکوومەتی هۆڵەنداش کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە هەندێک پێشنیازی پەیوەست بە پڕۆژە نوێیەکان و داوای لە فوئاد حوسێن کرد، بیرۆکەکانی لەم بارەیەوە پێشکەش بکات.

لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە کارەکانی نوێنەرایەتیی ناتۆ لە عێراق کرد، پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی نوێنەرایەتییەکە لە مەشق و ڕاهێنان و هاوکارییە بەردەوامەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق دەربڕی.

هەروەها هەردوولا باسیان لە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم دانوستانە دەربڕی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار