هاوڵاتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو ڕۆژی چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێکس سەرکۆنەی ئەو لێدوانەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد کە تیایدا بە " هاوشێوەی هیتلەر " ناوی برد کاتێک بیر لە کردەوەکانی دەکاتەوە لە جەنگی غەزەدا. ئهمڕۆ لە میانی بهشداریكردنی بۆنەیەکدا رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆكی توركیا رایگهیاند: نەتەنیاهۆی سهرۆكی ئیسرائیل جیاوازییەکی ئهوتۆی لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەردا نییە و ئهو هێرشهی كه دهكرێته سهر كهرتی غهززه له فەڵەستین ههمان مامهڵهی نازییەکانە كه بهرامبهر بهجولهكه دهكرا. لە وڵامی قسەکانی ئەردۆغاندا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕۆ کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی قسەکانی ئەردۆغانی دایەوەو دەڵێت،" ئهردۆغان کە زۆرترین ژمارەی رۆژنامەنوسانی زیندانی کردووە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ شێوازی حکومڕانییدا نین و جینۆساید دژی گهلی کورد دهكات، دوا کەسە باسی ئەخلاق لەگەڵ ئێمه بکات." ڕەخنەکانی ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل لە ئێستادا چڕتر بوونەتەوە و ئەردۆغان لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە لە وڵامی ئەمەشدا، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل بێنی گانتز لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، "من سەرکۆنەی لێدوانەکانی سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان دەکەم. ئەو قسانەی کە بە ئاشکرا شێواندنی واقیع و وێرانکردنی یادەوەری هۆلۆکۆستن. حەماس ئەو ڕێکخراوەیە کە کۆمەڵکوژییەکی قێزەونی ئەنجامدا. لابردنی هەڕەشەی حەماس لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل پێویستییەکی ئەخلاقی بێهاوتایە." هاوکات ئیسرائیل بڕیاری گەڕاندنەوەی نوێنەران و دیپلۆماسییه ئیسرائیلییهكانی لە تورکیا داوەو لهبهرامبهریشدا تورکیا دەڵێت باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بۆ ڕاوێژکاری بانگهێشت دەکاتەوە، بەڵام پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ناپچڕێنێت. زیاتر لە دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە دوای ئەوەی لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند و کەرتی غەززە چووە نێو دۆخی جەنگەوە هاوکات تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە. بە گوێرەی نوێترین زانیارییەکانی تەندروستیی غەززەشەوە،تائێستا 21 هەزار و 110 کەس کوژراون هەروەها 55 هەزار و 243 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.
هاوڵاتی لە رووداوێکی دەگمەن و سەیر رۆبۆتێکی کۆمپانیای تسێلا پەلاماری ئەندازیارێکی کۆمپانیاکەی دا. پەلامارەکەش لە کاتێکدا بووە کە بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە کۆمپانیای (گێگا تەکساس) ی سەر بە کۆمپانیای تسێلا بانگهێشتی کۆمپانیاکە کرا بوو . هەر بە پێی وتەی شایەتحاڵەکانی ناو کۆمپانیاکە لە دوای پەلاماری رۆبۆتەکە کە تایبەتە بە گواستنەوە و وەرگرتنی پارچەی ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراو لە ئەلەمنیۆم ، ئەندازیارەکە لە پشت و قۆڵییەوە بریندار بووە . شایەتحاڵەکان ئەوەشیان خستە ڕوو کە سەرەتا ڕۆبۆتەکە ئەندازیارەکەی کە خەریکی پرۆگرامکردنی دوو ڕۆبۆتی دیکەی نزیک لە ڕۆبۆتی پەلاماردەر بوو گرتووە و دوای ئەوە بە چنگ، پشت و دەستی بریندار کردووە و خوێنێکی زۆر لە ئەندازیارەکە ڕۆیشتووە. زانیارییەکانی ئەم ڕووداوەش بە پێی رۆژنامەی دیلی مەیل لە دوای ڕاپۆرتێکدا هاتووە کە بەرز کراوەتەوە بۆ ویلایەتی ترافیس و ڕێکخەرە فیدڕاڵییەکان . جێی ئاماژەیە زاناکانی بواری تەکنەلۆژیا ماوەیەکە بەردەوام هۆشداری لەو پێشکەوتنە بەرچاوەی زیرەکی دەستکرد دەدەن و بە هەرەشەیەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر داهاتووی مرۆڤ دەزانن.
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە ڕایگەیاند سووپای ئیسرائیل خەریکی کێوماڵکردنی چەند حەشارگەیەکی ژێرزەمینن لە خان یونس، کە گومان دەکرێت یەحیا سنواری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس خۆی تێدا حەشاردابێت. سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەشی وتووە کە یەکەی 98 ی سووپا بە تەواوی کۆنترۆلی خان یونسی کردووە و بە چڕی خەریکی چاودێری و گەڕانن لە ناو تونێل و دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی بزووتنەوەکە. بە بۆچوونی ئیسرائیلییەکان سنواری سەرۆکی بزووتنەوەکە لە بەرامبەر دوو بژاردەدایە کە یەکێکیان بریتییە لەوەی چاوەڕێی ئەوە دەکات تا ئەو کاتەی سووپای ئیسرائیل گەمارۆی خۆی و بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەکەی دەدەن لە حەشارگەکەی و دوای ئەوە داوای دانووستان و بەکارهێنانی بارمتە ئیسرائیلییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بكات، تا ئەو کاتەی رێگەیەکی ئەمنی بۆ دەکرێتەوە بۆ چوونە ئەو ووڵاتەی کە ڕازی دەبێت داڵدەیان بدات. بەوتەی سەرچاوەكە بژاردەیەكی دیكە ئەوەیە دوای گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی تەواوی خان یونس و نەمانی ڕێگەی دەرباز بوون، سنوار خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات. مانگێك لەمەوبەر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆری فۆکس نیۆزی وتبوو : سەرکردەکانی حەماس و لەناویاندا یەحیا سنوار هێشتا لە کەرتی غەزەن یاخود لەناو یەکێک لە تونێلەکانی ئەو شارەن و چ زوو چ درەنگ دەستمان پێیان دەگات.
هاوڵاتی بەرپرسانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكییان وتووە حكومەتی جەنگ لە ئیسرائیل لەدواین كۆبوونەوەیاندا تاوتوێی پێشنیارێكی میسریان كردووە بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی غەززە. وەك ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی پێكردووە پێشنیارەكەی میسر پلانێكی ئاشتی لەخۆدەگرێت بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگەی 11 هەفتەیە بەردەوامە، بەشێك لەپێشنیارەكە ئەوەیە ڕێگا بدرێت ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لەغەززەن ئازاد بكرێن، لەبەرامبەریشدا 140 زیندانی فەلەستینی ئازاد بكرێن. بەوتەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێشنیارەكە پێكهێنانی حكومەتێكی ڕاگوزەری لەكەرتی غەززە و كەناری ڕۆژئاوا لەخۆدەگرێت كە سەرجەم لایەنە فەلەستینیەكان لەخۆ بگرێت. كۆبوونەوەی حكومەتی جەنگ لەئیسرائیل پاش ئەو فشارانە دێت بۆ ئازادكردنی 129 بارمتەی ئیسرائیلی لەحكومەت دەكرێت هاوكات بەرزبوونەوەی بەردەوامیی ڕێژەی كوژراوانی سوپا لەو ئۆپەراسیۆنە وشكانییەدا كە نزیك دەبێتەوە لە 160 ڕۆژ. هەوڵەكەی میسر و گفتوگۆی پێشنیارەكەی لەلایەن حكومەتی جەنگ لەئیسرائیل لەكاتێكدایە، لەمیانی سەردانیدا بۆ بەرەكانی جەنگ لەباكوری غەززە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند جەنگ ناوەستێت و تا كۆتایی بەردەوام دەبێت. لەوتارێكدا لەڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بنیامین ناتانیاهۆ سێ مەرجی پێشوەختی بۆ وەستاندنی شەڕ لەغەززە پێشنیار كردوووە، ئەوانیش لەناوبردنی تەواوەتی حەماس و چەكداماڵینی ئەو حزبە، هاوكات لەناوبردنی توندڕەوی لەناو فەلەستینەكاندا. لەبەرامبەردا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لەكۆشكی سپی ئەمریكا پێشنیارەكەی میسری ڕەتكردووەتەوە ، بەپاساوی ئەوەی بوونی حەماس لەهەر حكومەتێكی كاربەڕێكەردا لەفەلەستین پێچەوانەی ئامانجی ئیسرائیلە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو حزبەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا هۆشداریشیداوە لەوەی ئازادكردنی زیندانییە زیندانییە بەتەمەنەكانی فەلەستین ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی حكومەتە ڕاستڕەوەكەی ئیسرائیل دەبێتەوە. ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا جەختیشیكردووەتەوە پێكهێنانی حكومەتی كاربەڕێكەر لەفەلەستین لەلایەن فەتح و حەماسەوە پێویستی بە ئاشتبوونەوە و كاركردنی پێكەوەییە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەستپێشەخری زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی غەززەی پەسەندکرد، هەروەها داوا دەکەن هەنگاوی بەپەلە بۆ هێورکردنەوەی دۆخ و هەڵوێستە جەنگییەکان لە کەرتی غەززە بگیرێتە بەر. ئەمڕۆهەینی، 22-12-2023، پانزە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەک، بڕیاردرا بۆ ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە. پڕۆژەیاساکە دەنگی 13 ئەندامی بەدەستهێنا، ئەمریکا و رووسیا دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا، بەڵام ڤیتۆشیان نەکرد. ئەنجومەنی ئاسایش داوا دەکات ھەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ گەرەنتیکردنی گەیشتنی ھاوکاریی مرۆیی بە شێوەیەکی سەلامەت و بەبێ گرفت بۆ کەرتی غەززە. ھەر بەپێی پڕۆژەبڕیارەکە ئەنجومەنی ئاسایش، داوا لە سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە دەکات، رێکخەرێک بۆ کاروباری مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە دابمەزرێت، لەپێناو پەلەکردن لە گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بە مەدەنییەکانی کەرتی غەززە. بڕیاری ناردنی هاوکاریی زیاتر لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، رێکخراوی پۆلێنەکانی قۆناخی ئاسایشی خۆراک راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێوەڕۆکەکەی پشڕاستکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دۆخی مرۆیی کەرتەکە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو خۆراک، ئاو و پێداویستییە پزیشکیانەی لە میسرەوە دەگەیێندرێنە غەززە 10٪ـی پێداویستییەکانی کەرتەکە پڕدەکەنەوە". ئاماژە بەوەش کراوە، 577 هەزار کەس رووبەڕووی "قەیرانی برسێتی کارەساتبار" بوونەتەوە و بەدەست نەبوونی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنن.
هاوڵاتی گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە چیک دوای ئەوەی باوکی خۆی دەکوژێت ١٥ خوێندکاری زانکۆکەشی بەر دەسڕێژی گولەدەدات و دەیان کوژێت. پۆلیسی چێک، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢١ی کانوونی یەکەم رایگەیاند، بە هۆی دەستڕێژەوە لە کۆلێجی فەلسەفەی زانکۆی چالز، لە ناوەندی شاری پراگ، ١٥ کەس کوژراون و دەیان کەس بریندار بوون. بە پێی راپۆرتی میدیاکانی چیک، هێزەکانی پۆلیس لە ناو زانکۆکە و گۆڕەپانی نزیک زانکۆ و سەرجەم ئەو رێگایانەی ئەگەنە زانکۆکە بڵاوەیان پێکراوە. مارتین ڤووندراسک، بەڕیوەبەری پۆلیسی چێک، رایگەیاند زیاتر لە ١٥ کەس لە رووداوەکەدا مردوون و لانیکەم ٢٤ کەس بریندار بوون. بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە، هێرشبەرەکە خوێندکارێکی تەمەن ٢٤ ساڵی بەشی مێژوو بووە و باری دەروونی ناجێگیر بووە. ناسنامەی تەقەکەرەکە لە لایەن پۆلیسەوە ئاشکرا کراوەو ئەو کەسە ناوی دەیڤید کازاک بووە. ڤیت راکۆسان، وەزیری ناوخۆی کۆماری چێک رایگەیاند ئەم کردەوەیە پەیوەندی بە تیرۆریسمی نیودەوڵەتییەوە نییە و تەنها کاری سەرەڕۆیانەی ئەو گەنجە ٢٤ ساڵە بووە کە باری دەروونی جێگیر نەبووەو تەقەکەرەکە لە رووداوەکەدا لە لایەن پۆلیسەوە کوژراوە هەروەها بە پێی زانیارییەکانی پۆلیس، تەرمی باوکی تەقەکەرەکە پێش رووداوەکە دۆزراوەتەوە.
هاوڵاتی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا تادێت فشارەکانیان زیاددەکەن بۆ سەر ئیسرائیل کە کۆتایی بەبۆردومانە فراوانەکانی بهێنێت و قۆناغی جەنگ تەواو ببێت، ئیدارەی بایدن پەیامێکی بەگوێی بەرپرسانی ئسیرائیلدا داوە کە «دەبێت لەسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بەجەنگ بێت». رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، ئیدارەی بایدن و چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەستیان کردووە بەفشار خستنەسەر ئیسرائیل کە لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئیسرائیل پێگەی خۆی لە «ئۆپراسیۆنی سەربازی چڕ»ەوە بگۆڕێت بۆ هێرشی دیاریکراوو بۆردومانی وردو کوشتنی سەرکردەکانی حەماس. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا کە رۆژی دووشەممە گەیشتە ئیسرائیل و جەیک سەڵیڤان، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی کەهەفتەی رابردوو سەردانی ئیسرائیلی کرد، هەردووکیان پەیامێکی روونیان بە بەرپرسانی ئیسرائیل داوە لەسەر ئەو بابەتە. بەشێوەیەکی ئاشکرا، واشنتن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی ئامانجەکانی ئیسرائیل. دوای سەردانەکەی سەڵیڤان، جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند ئیدارەی بایدن پێیوایە «ئەم ململانێیە رەنگە چەندین مانگ بخایەنێت.» کێربی باسی لەوەشکرد ئیسرائیل و ئەمریکا تاووتوێی گۆڕانکاری جەنگیان کردووە لەئۆپەراسیۆنی چڕەوە بۆ ئۆپراسیۆنی ناچڕ. دوای کۆبونەوەی لەگەڵ یۆڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئۆستن وتەیەکی کورتی لەسەر کۆبونەوەکەیان بڵاوکردەوەو وتی کە باسیان لەئامانجەکانی جەنگ، قۆناغەکانی داهاتوو و هەروەها پارێزگاریکردن لەخەڵکانی مەدەنی کردووە. رۆژنامەی هائارتز لەزاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیل کە لەسەر کۆبوونەوەکە زانیاری پێدراوە دەڵێت کەوەزیری بەرگری ئەمریکا ئەوەی بەڕاشکاوی گەیاندووە کە قۆناغی ئێستای جەنگ، کەتێیدا هێزەکانی ئیسرائیل لەقوڵایی غەززە خەریکی ئۆپەراسیۆنی چڕن و زیانێکی زۆریان گەیاندووە، دەبێت تاسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بێت. پێش ئەوەی بگاتە ئیسرائیل، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا وتی لەئەزمونی وەزیری بەرگری لەئەفغانستان و عێراق پەیوەندیدارە بەو گرێکوێرەیەی ئێستا ئیسرائیل تێیکەوتووە. پێشتر لۆید ئۆستن فەرماندەی جەنگ بووە. «ئەو دەتوانیت روانگەی گرنگ لەسەر ئەو پرسانە بخاتەڕوو و هەر ئەوەش دەکات. ئەو دەیەوێت قسە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بکات سەربارەت بە رێگەشێوازی گۆڕینی قۆناغە جیاوازەکانی جەنگ»، بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وای وت. هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکا بەنهێنی ئەوەیان راگەیاندووە کەدەیانەوێت قەبارەی جەنگ لەماوەی چەند هەفتەیەکدا کەم ببێتەوە. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئەوەیان بۆ رۆژنامەکە ئاشکرا کردووە کە جەیک سەڵیڤان فشاری لەسەرکردەکانی ئیسرائیل کردووە کەئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی کەمبکاتەوەو لەغەززەو بەرەو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئامانج بۆدانراو هەنگاو بنێت. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، سەڵیڤان هۆشداری ئەوەشیداوە کە جەنگی درێژخایەن دەبێتە هۆی ئەوەی لەداهاتوودا بەڕێوەبردنی ناوچەکانی فەڵەستین قورس بێت. بەرپرسێکی ئەمریکی کە لەدانیشتەنەکاندا ئامادەیی هەبووە ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کەئیسرائیل بێچەندوچوون ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەیەوێت لە «ئامانجەکەی» سەرکەوتن بەدەستبهێنێت کەگرتنی غەززەو لەناوبردنی حەماسە. تەنها ئیدارەی بایدن نییە کە ئەم پەیامەی بەئیسرائیل گەیاندووە لە چەندرۆژی رابردوودا بەریتانیاو ئەڵمانیا، کە بەدوو وڵاتی بەرگریکاری سەرسەختی ئیسرائیل دادەنرێن، داوای «ئاگربەستێکی جێگر»یان کرد، بەڵام ئیسرائیل وەڵامی داواکاری ئەو دوو وڵاتەی نەداوەتەوە. هاوکات واشنتن تاکە وڵاتەکە کەدژی ئاگربەستەو ئەمەش لەدەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکەوت کە لەهەفتەی رابردوودا ئەنجامدراو ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر ئاگربەست دا. بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییەی کەقسەی بۆ رۆژنامەی هائارتز کردووە، داوای ئاگربەست لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکان و رەخنە زۆرەکانی ناو کۆنگرێس لەسەر ئیسرائیل بەئاگاداری ئیدارەی بایدنە. «بایدن بیر لەم شتانە دەکاتەوەو جارێ بەڕاستەوخۆ نایانڵێت، بەڵام قسە بۆ خەڵکانی تر دەکات و ئەوانیش بەدڵنیاییەوە پەیامەکە دەگەیەنن»، سەرچاوە ئیسرائیلییەکە کە ناوی نەهاتووە وای وت. هاوکات سیناتۆر کریس کوونس، کەیەکێک لەنزیکترین هاوپەیمانی بایدن لەکۆنگرێس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرکوەزیرانی ئیسرائیلی بە «هاوبشیکی سەخت» ناوزەند کرد بەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ دژایەتی کۆنترۆڵکردنی غەززە دەکات لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوەو روانگەی بایدن لەسەر چارەسەر دوو دەوڵەتە. لەهەفتەی رابردوو، کریس کوونس بەکەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی راگەیاند، ناتانیاهۆ «هەموو شتێک دەکات کە لەدەسەڵاتیدا بێت بۆ لەباربردنی روانگەیەکی ئەرێنی سەبارەت بەپرسی ئاشتی بۆ ئیسرائیل». کریس کوونس کەسیناتۆرێکی دیموکراتی جولەکەیە باسی لەوەکرد کە بایدن «بێزاربووە لەجەنگە بێسنورەکەی بیبی [ناتانیاهۆ]» و هۆشداری ئەوەیدا کەدەبێت «بۆردومانەکان بەشێوەیەکی فراوان سنورداربکرێن ئەگەر نا ئیسرائیل هاوڕێ راستەقینەکەی لەدەستدەدات». شیکەرەوان گومانیان هەیە لەوەی ئیسرائیل بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەوکاتەی ئەمریکا بۆی دیاریکردووە، بەتایبەتی ئەگەر ناچاربکرێت ئۆپەراسیۆنەکەی تاکۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو سنوردار بکات. «ئەگەر ئێستا جەنگ کۆتایی پێ بهێنین، ئەوا دەبێتە شکستێکی خراپ بۆ ئیسرائیل»، جیۆرا ئیلاند، جەنەڕاڵێکی پێشووی سوپای ئیسرائیل ئەمەی بە رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ وتووە. ئیلاند دەشڵێت کەپێیوانییە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و پشتبەستن بەهێرشە ئاسمانی و پەلاماری کۆماندۆیی سەرکەوتوو بێت لەڕیشەکێشکردنی حەماس. رۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند «هێرشی بەئامانجگیراو»ی لە خان یونس ئەنجامداوەو بنکەیەکی عەمبارکردنی چەک و تەقەمەنی حەماسی دۆزیوەتەوە. حاتم سالم، کە لەگەڕەکی ئەلدەراج لەغەززە دەژی بەرۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی راگەیاندووە کە چەندرۆژی رابردوو زۆر سەخت بووە بۆ ئەو دانیشتوانانەی غەززە کە ماونەتەوەو نەڕۆیشتوون. «گولـلەتۆپی تانکەکان نە بەڕۆژ نە بەشەو نەوەستاون، ئێمە لیرە دەژین بچین بۆ کوێ؟ سوپای ئیسرائیل پەیام دەنێرێت بۆ خەڵک کە بچن بۆ پەناگەکان، کام پەناگانە؟»، سالم وای وت. بەپێچەوانەی ئەوکاتەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیلی داناوە بۆ کۆتایهێنان بەجەنگ، جەنەڕاڵەکەی پێشووی سوپای ئیسرائیل پێیوایە جەنگ درێژە دەخایەنێت. «لەئێستادا، پێموانییە نزیک بین لەسەرکەوتن لە خان یونس، رەنگە چەند هەفتە یان زیاتری پێبچێت»، جیۆرا ئیلاند وای وت.
هاوڵاتی به تۆمهتی یاخیبوون و ههوڵدان بۆ ههڵگهڕاندنهوهی له ئهنجامهكانی ههڵبژاردن، دادگای باڵای فیدراڵی ویلایهتی كۆلۆرادۆی ئهمریكا بڕیاری كه دۆناڵد ترهمپ سهرۆكی پێشووی ئهمریكا، شایستهی ئهوه نییه كه خۆی بۆ پۆستی سهرۆكایهت ئهمریكا كاندید بكات و له مافی خۆكاندیدكردن بێبهشی كرد. ستیڤن چونگ وتهبێژی ههڵمهتی ههڵبژاردنهكانی ترهمپ ڕایگهیاند، "ئێوارهی ئهمڕۆ دادگای باڵای ویلایهتی كۆلۆرادۆ بڕیارێكی تهواو كهموكوڕی دهركرد، ئێمهش به خێرایی ڕو له دادگای باڵای ویلایهته یهكگرتوهكانی ئهمریكا دهكهین بۆئهوهی داوای ڕاگرتنی تهواوهتی ئهم بڕیاره دژه دیموكراسییه بكهین". دادوهرانی دادگای باڵای كۆلۆرادۆ پشتیان به ههمواری 13ـهمینی دهستوور بهستووه، كه ئاماژهوه بهوه دهكات كهسێك ههوڵی یاخیبوون و ئاژاوهنانهوه بدات به واتای ناپاكی بهرامبهر وڵات دێت، ههموارهكه مافی ئازادی رادهربڕینیش گهرهنتی دهكات، لهكاتێكدا دادگاكه پێیوایه دۆناڵد ترهمپ له رووداوی 6ی كانوونی دووهمی ساڵی 2021 و ههڵكوتانه سهر بینای كاپیتۆڵ "كۆنگرێس" له واشنتن دی سی ههوڵی گۆڕینی ئهنجامهكانی ههڵبژاردنی داوه. جێبهجێكردنی بڕیارهكهی دادگاكه تا 4ی مانگی داهاتوو، كه وادهی كۆتاییهاتنی وادهی تانهدانه لێی لهبهردهم دادگای باڵای ئهمریكا، ڕادهگیرێت. ههڵبژاردنی سهرۆكایهتی ئهمریكا بڕیاره له مانگی (تشرینی دوهم/11)ی 2024 بهڕێوهدهچێت و ترهمپ و بایدن و ژمارهیهك كاندیدی دیكه له كێبڕكێدان و لهئێستاشهوه بهنافهرمی بانگهشهی ههڵبژاردنیان دهستپێكردهوه.
هاوڵاتی کاترین لۆکۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی ئیسرائیلی کرد و خوازیاری ئاگربەستی نوێ و جێگێر بوو لە کەرتی غەزە. لە وەڵامدا ئێلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەرجۆرە داواکارییەک بۆ راگرتنی جەنگی بە هەڵە ناوبرد. کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی یەکشەممە ١٧ی کانوونی یەکەم، دوای دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ئێلی کۆهن و لە تێل ئەڤیڤ، لەگەڵ ئەوەی داوای راگرتنی جەنگی کرد وتی، پاریس نیگەرانە لەوەی کە ژمارەیەکی زۆر کەسانی مەدەنی و سڤیل لە غەزە دەکوژرێن و خوازیاری ئاگربەستی نوێ و جێگیرە لە ئێستادا. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جارێکیتر هەڵوێستی دەوڵەتی ئیسرائیلی لەمەڕ ئاگربەست دووپات کردووەو ئاگربەستی بە هەڵە ناوبرد و وەک دیارییەک بۆ حەماس باسی لە ئاگربەست کرد. لە داوا کارییەکی هاوشێوەدا، وەزیری دەرەوەی دوو وڵاتی بەریتانیا و ئەڵمانیا داوایان لە ئیسرائیل کرد قایل بێت بە ئاگربەستی نوێ و جێگیر لە ئێستادا. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ئەڵمانیا رایانگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەو مافە بۆ ئیسرائیل بە رەوا ئەزانین کە مەترسییەکانی حەماس کەم بکاتەوە، بەڵام نیگەرانین لە ژمارەی زۆری کوژراوانی مەدەنی و سڤیل لەم جەنگەدا. دەیڤید کامێرن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە هەڵوێستێکی نوێدا، لە وتارێکی هاوبەشیدا لەگەڵ ئانالنا بائیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، نووسی :" ئامانجی ئێمە ئەوە نییە کە تەنها کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت لە ئێستادا. بەڵکوو دەخوازین ئاشتییەک سەقامگیر بێت کە ئەو ئاشتییە بۆ رۆژان و ساڵان و جیلەکانی داهاتوو بمێنێتەوە، کەوایە ئێە پشتیوانی لەئاگر بەست ئەکەین، بەڵام بەو مەرجەی جێگیر و بەردەوام بێت.
هاوڵاتی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئێزیدی دانیشتووی ئەمریکا بە سەرکردایەتی نادیا موراد، کچە کوردی ئێزیدی براوەی نۆبڵی ئاشتی، سکاڵایەکیان دژی کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی تۆمارکرد بەتۆمەتی "هاوکاریکردن"ی داعش لە کردەوە توندوتیژییەکانیدا لە عێراق و سوریا. ئێمێل کلۆنی، پارێزەری مافی مرۆڤ، لی ڤلۆسکی، دیپلۆماتێکی پێشتری ئەمریکا، پارێزەری ئەم دۆسیەیان گرتووەتە دەست. سکاڵاکەرەکان و بنەماڵەکانیان، لەو کەسانەن کە لە دەست داعش رزگاریان بووە. لە سکاڵاکەدا کە ئێزیدییەکان پێشکەش بە دادگای فێدراڵی نیۆیۆرکیان کردووە هاتووە، "لافارج یارمەتی کردەوە تیرۆریستیەکانی داعشی کردووە و بەشداربووە لە پیلانگێڕییەکانی داعش و پێویستە ئەم کۆمپانیایە قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە لە دەست داعش رزگاریان بووە." لەدوای سکاڵاکە، نادیە موراد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، خانەوادەکەم کوژران و منیش وەک کۆیلە گیرام. هەتا ئەو رۆژەی رزگارم بوو، هەموو رۆژێک ئیستیفزاز دەرکرام و هێرش دەکرایە سەرم." نادیە موراد کە ساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا دەشڵێت، "بەداخەوە لەنێو ئێزیدییەکاندا چیرۆکی من تاک نییە بەڵکو واقعی هەزارەها ژنە ئێزیدییە و لەوەش دڵتەزێنتر ئەوەیە ئەو کارەساتەی بەسەرماندا هات بە ئاگایی و پاڵپشتی کۆمپانیای بەهێزی وەک لافارج روویدا." لە مانگی ئابی 2014 رێکخراوی داعش چووە نێو شەنگالەوە و لە ئەنجامدا توندوتیژییەکی گەورەی بەرامبەر ئێزیدییەکان کرد و تێیدا پێنج هەزار کەس کوژران، ئەمە جگە لەوەی کە داعش زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی رفاند کە زیاتر لە نیوەیان ژنان و کچانی ئێزیدی بوون. تا ئیستا لەو شەش هەزار کەسە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسیان رزگارکراون. کۆمپانیای چیمەنتۆی لافارج، لە تشرینی یەکەمی 2022 لە دادگایەکی فێدراڵی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە هاوکاری داعش و گروپە هاوشێوەکانی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە سوریا درێژە بە کارەکانی بدات. وەک بەشێک لەو سکاڵایە، کۆمپانیاکە رازیبوو بەوەی 778 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە زیانلێکەوتووەکان. لافارج یەکەم کۆمپانیا بوو کە لەلایەن دادگای فێدراڵی ئەمریکاوە بەوە تاوانبار کرا کە پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە لە سوریا.
هاوڵاتی بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا نیازی وڵاتەكەی بۆ وەستاندنی شەڕ لەكەرتی غەززە لەفەلەستین لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل دەربڕی. له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا جۆن كێربی بەرپرسی ئهنجوومهنی ئاسایشی نیشتمانی ئهمریكا ڕایگەیاند: ئەمریکا دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی بێت و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. کێربی سێ مەرجی ئیدارەی بایدنی بۆ وەستاندنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس ئاشکرا کردووە، ئەوانیش بریتین لە دانانی چهك، ڕادهستكردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی حەوتی تشرینی یهكهمی سهر ئیسرائیل، سێیەمیشیان ئازادكردنی سهرجهم بارمتهكان کە لای حەماسن. هاوکات میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە ئیدارەی جۆ بادین لە ئێستادا هانی ئیسرائیل دەدات هێرشەکانی بوەستێنێت بۆ ئەوەی ئاگربەستێک ڕابگەیەنرێت و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا ئەو ئاگربەستە درێژ بکرێتەوە. وەك میدیاكانی ئەمریكا دەڵێن، ئەمریکا لەگفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاستی هێرشەکانی سنووردار و کەم بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان و ئازادکردنی بارمتەکان بدرێت. هەڵوێستەكەی كێربی کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە، ئەمریکا ڤیتۆی لە دژی پڕۆژە بڕیارێک بەکارهێنا کە داواکرابوو بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە ١٣ وڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشکەش بە ئەنجوومەنەکەیان کردبوو.
هاوڵاتی بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی پەیامنێرانی بێسنوور، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەجیهان ٤٥ ڕۆژنامەنووس كوژراون، ٥٤ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان و ٨٤ ڕۆژنامەنووسیش بێسەروشوێنن. ڕێكخراوی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور (RSF) ئاماری پێشێلكاری و كوشتنەكانی ساڵێكی ڕۆژنامەنووسانی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: لە جیهاندا ٥٢١ ڕۆژنامەنووس لە كاتی كاركردنیاندا دەستگیركراون، هەروەها بە لایەنی كەمەوە ٤٥ ڕۆژنامەنووس كوژراون كە ١٣یان لە غەزە بوون، ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، نۆ ڕۆژنامەنووس لە كاتی لێكۆڵینەوە لە تاوانی ڕێكخراوەكان و شەش ڕۆژنامەنووسیش لە كاتی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵیدا كوژراون. ئەو ڕێكخراوە ئەوەشی خستووەتەڕوو: ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە غەزە كوژراون ٥٦ ڕۆژنامەنووسن، هەروەها ٥٤ نوێنەری ڕاگەیاندن دەستگیركراون و ٨٤ ڕۆژنامەنووسیش لە جیهاندا بێسەروشوێنن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٦١ ڕۆژنامەنووس كوژراون. ئەمساڵ لە كۆی ٤٥ ڕۆژنامەنووس ٢٣ ڕۆژنامەنووس لە ناوچەكانی جەنگ و ١٧ ڕۆژنامەنووس لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس كوژراون، كریستۆف دەلۆیر، سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە كوشتنی ١٣ ڕۆژنامەنووس لە غەزە وتی: ڕۆژنامەنووسان لە غەزە وەك هاووڵاتی مەدەنی باجێكی زۆر دەدەن، هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە، سكاڵای لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (DCN) تۆمار كردووە بۆ ئەوەی بزانێت چۆن ڕۆژنامەوانان بە مەبەست كراونەتە ئامانج. ڕاپۆرتەكە باس لە هاوشێوەیی ئێران و توركیا دەكات و ئاماژە بەوە كراوە، لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٦٩ كەس بووە و ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیكراو لە ئێران (٢٤) و توركیا (٢٣) كەمتر بووە لە ساڵی ڕابردوو و تا مانگی كانوونی یەكەم، هەرچەندە ناوی ئەو دوو وڵاتە لە “دەستگیركردنی سێ ڕۆژنامەنووس”دا نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە دەستگیر نەكراون، ئەوە ڕاستییە كە شێوازی فشارەكان لە ئێران و توركیا لەسەر بنەمای دەستگیركردن و ئازادكردن دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٤٣ ڕۆژنامەنووس لە توركیا و ٥٨ ڕۆژنامەنووس لە ئێران زیندانی كراون، لە كۆی ٥٦٩ ڕۆژنامەنووسی زیندانیكراو، ٢٥٨یان لە چین “هۆنگ كۆنگ” میانمار، بێلاڕووس و ڤێتنامن. ڕۆژنامەنووسانی كوردیش لە ڕاپۆرتەكەدا باسیان لێكراوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٤٣ڕۆژنامەنووس لە زیندانەكانی توركیا بوون، ٧یان لە ١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣ لە زینداندا بوون و چواریان بەهۆی خۆپاراستنەوە دەستگیركراون، ئەم ژمارەیە ئەوە نیشان دەدات كە دەستگیركردنەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان بە كار دەهێنرێن بۆ هەڕەشەكردن. ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕاشیگەیاند، لە ١ی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە ٦٧ ڕۆژنامەنووسی ژن لە سەرانسەری جیهاندا لە زینداندان و ٨یان لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستگیركراون، بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، چین و بێلاڕووس و میانماریش لە پرۆسەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن وەك ڕۆژنامەنووسانی پیاوە، لە كۆی ١٢١ڕۆژنامەنووس، ١٤یان لە چین، ٣٩ڕۆژنامەنووس لە بێلاڕووس ژنن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ژنانی ڕۆژنامەنووس لەژێر زۆرترین فشاردان، هەروەها لە هەشت سزا كە بەسەر ڕۆژنامەنووساندا سەپێندراون لە سەرانسەری جیهاندا، شەشیان ژنن. پێنج لەو ٣١ ڕۆژنامەنووسە ژنە (لەنێویاندا نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەممەدی) كە دوای ڕاپەڕینەكەی ئێران و دوای كوشتنی ژینا ئەمینی دەستگیركران، هێشتا لە زینداندان. هەروەها ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ٥٤ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا بە بارمتە گیراون، دوو لەو حەوت ڕۆژنامەنووسەی ئەمساڵ ڕفێنران هێشتا لە دەستی ئەو ڕێكخراوانەدان كە ڕفاندوویانن، لەو ڕۆژنامەنووسانە ٣٨یان بارمتەن لە سووریا، نۆیان لە عێراق، چوار لە یەمەن و یەكێك لە مەكسیك.
هاوڵاتی ڤیتۆکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ ئاگربەست ئەمریکای رووبەڕووی لێشاوێک لەڕەخنە کردووەتەوە لەلایەن وڵاتانی زلهێزو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، بەجۆرێک بەشێک لەوڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک فەرەنسا ئەم هەنگاوە بە «شکستی» ئەنجومنەکە ناوزەند دەکەن، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێن واشنتن بەم هەنگاوەی بووەتە «هاوبەش» لەبۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو، لەسەر پێشنیاری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان پرۆژەیاسای ئاگربەستی بەپەلە لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خرایە دەنگدانەوە، ئەمریکا ئەم پرۆژەیاسایەی ڤیتۆ کردو رێگری کرد پەسەند بکرێت. ڤیتۆکردنی پرۆژەیاساکە کاردانەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە. لەهەمانکاتدا حەماس و دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین، ڤیتۆکردنیان بەبەشداری راستەوخۆی ئەمریکا لەتاوان دژ بەخەڵک لێکدایەوە. پرۆژەیاساکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کراو لەئەنجومەنەکەدا دەنگی لەسەردرا کەتێیدا 13 دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا لەکۆی دەنگی 15 ئەندام، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا پرۆژەیاساکە تێنەپەڕی. پێنج ئەندامی هەمیشەیی لەئەنجومەنەکەدا هەن کەدەتوانن هەر پرۆژەیاسایەک رەتبکەنەوە ئەوانیش، ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنساو روسیا. لەپرۆسەی دەنگدانەکەدا بەریتانیاش خۆی لەدەنگدان بەدوورگرت. نوێنەری ئەمریکا لەئەنجومەنەکە هۆکاری رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کەپرۆژەیاساکە «ناهاوسەنگ» و ناواقعییە، هەروەها رەخنەشی لەپرۆژەیاساکە گرت چونکە ئاماژەی بەئیدانەکردنی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 نەداوە کە لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا. ژمارەیەک لەدیپلۆماتەکان رەخنەی توندیان لەڤیتۆکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی ئاگربەستی غەززە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستین گرت و لایان وابوو ئەم کارەی ئەمریکا پێگەی ئەو وڵاتەی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و پرسی مافی مرۆڤ لەدونیا لاواز کردووەو هەروەها رەنگە ببێت بەهۆی ئەوەی پێگەی ئەمریکا لەدونیا لاواز بکات بۆ بەرگری کردن لەپرسی هاوشێوەی ئۆکراین. هەروەها بووە بەهۆی ئەوەی رەخنەکانی چین و روسیا و ژمارەیەک لەوڵاتان لەحاڵی گەشەدا بەرامبەر بەجۆری روانینی ئەمریکا بۆ پرسی مافی مرۆڤ توندتر بێت. لیندا تۆماس- گرینفێڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرامبەر رەخنەکاندا وتی:» کاتی زیاترمان پێویستە بۆ کاری دیبلۆماسی لەم بارەیەوە». نیت ئیوانز، وەتەبێژی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەم بارەیەوە وتی:» وەک چۆن سەرۆک بایدن و بلینکن، وەزیری دەرەوەی لەگەشتەکانیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختیان کردووەتەوە، ئەمریکا داوا دەکات گرنگی بدرێت بەپێویستییەکانی کەسانی مەدەنی لەغەززە و پێویستە دۆخی کەسانی سڤیل لەغەززە لەبەرچاو بگیردرێت و نابێ ئەوان تاوانی سیاسەتە جەنگخوازییەکانی حەماس بدەن. ڤیتۆکردنی پرۆژەیاسای ئەنجومەنی ئاسایش، چرکەساتێکی گرنگ و چارەنووسساز بوو بۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەم رێکخراوە بونیادی خۆی لەسەر چوار بنەمای سەرەکی، ئاشتی، ئاسایش، مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاساو گەشە دامەزراندووە. ئەم چوار بنەمایە لەئێستادا زیاتر لەهەموو کات بۆ خەڵکی غەززە نامۆیە و نەبوونیان هەستی پێدەکرێت. کەسانی مەدەنی دەبن بەقوربانی. خواردن و خواردنەوەو دەرمان دەستناکەوێت. هاووڵاتیانی مەدەنی و سڤیل تاوانی سیاسەتەکانی حەماس ئەدەنەوە. ‹پێشتر ئەندامان ئاگاداربوون لەڤیتۆی ئەمریکا› سکای نیوز لەڕاپۆرتێکدا لایەنەکانی ڤیتۆکردنی ئەمریکای لێکداوەتەوەو نووسیویەتی :» سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێش دەنگدان ئاگاداربوون ئەمریکا وەک یەکێک لەئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەن دەیەوێت بڕیارنامەی ئاگربەست ڤیتۆ بکات و وەک راستییەک ئەوەیان لەبەرچاو بوو. راستییەک کە بەلای ژمارەیەک لەئەندامانەوە جێگەی داخ بوو». نیکۆلاس دی ریۆیەر، باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەمبارەیەوە بەسکای نیوزی وتووە:» شکستی بڕیارنامەیەک بەهۆکاری ڤیتۆکردن، شکستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە». دی ریۆیەرخوازیاری ئەوە بووە کاتی زیاتر بدرێت بەلایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن بەوەی بە رێککەوتنێک بگەن، لەبەرئەوەی مەترسی ئەوە هەیە، ئەنجومەنی ئاسایش شکستبهێنیت لەبڕیارداندا. رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەدەرکردنی راگەیاندنێک رەخنەی توندی لەڤیتۆکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش گرت بۆ راگرتنی جەنگ لەلایەن ئەمریکاوە. ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەرەبەیانی رۆژی شەممە لەڕاگەیاندراوێکدا لەماڵپەڕی ئەم رێکخراوە، ڤیتۆکردنی ئەمریکای بەکەمتەرخەمی بێبەزەییانەی ئەم وڵاتە بەرامبەر بەئازاری کەسانی مەدەنی ناوبرد. سکرتێری گشتی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەکرد ئەمریکا زۆر بێبەزەییانە کەڵکی لەڤیتۆکردن وەرگرت و وەک چەکێک بەکاریهێناو پێگە و تواناکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی لاواز کرد. کالامارد لەبەشێکی تری راگەیاندنەکەیدا دەربارەی ڤیتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن ئەمریکاوە وتی:» ئەم ڤیتۆکردنە لەباری ئاکارییەوە ناتوانرێت بەرگری لێبکرێت». چاودێری مافی مرۆڤ: ئەمریکا بەڤێتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە، خۆی کرد بەهاوبەشی تاوانە جەنگییەکان رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیارنامەی ئاگربەستی دەستبەجێی غەززەی ڤێتۆ کرد، رایگەیاند کۆشکی سپی بەم کارەی، خۆی کرد بەهاوبەشی تاوانە جەنگییەکان. لۆئیس شاربۆنۆ، بەڕێوەبەری بەشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی چاودێری مافی مرۆڤ لەم بارەیەوە وتی ، ئەمریکا لەحاڵێکدا ئەم بڕیارنامەیەی ڤێتۆ کردووە کەخۆی لەماوەی جەنگی ئیسرائیل- حەماسدا، بەردەوام خوازیاری پاراستنی کەسانی مەدەنی و ئازادکردنیان و هەروەها ئازادکردنی بارمتەکان بووە. لۆئیس شاربۆنۆ، هەروەها وتی :» ئەمریکا بەردەوامە لەوەی بەگەیاندنی چەک و چۆڵ پشتیوانی لەئیسرائیل دەکات و هەروەها لەباری دیپلۆماسییەوە یارمەتی ئیسرائیل دەدات بۆ داپۆشینی تاوانی وەک تەمبێی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان لەغەززە، ئەمریکا بەم کارەی خۆی وەک هاوبەشی ئیسرائیل لەم تاوانە جەنگیانە دەناسێنێت. باڵیۆزی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر وتبووی ئەمریکا پشتگیری ئاگربەستی دەستبەجێ ناکات لەغەززە، لەبەرئەوەی ئەم ئاگربەستە کاتییە و تەنها تۆوی جەنگی زیاتر دەچێنێت. ئۆکسفام: ئەمریکا بزمارێکی تری دا لەتابووتی پێگەی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ مافی مرۆڤ ئۆکسفام یەکێک لەگەورەترین رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، کە لەبواری مافی مرۆڤ و کاری خێرخوازیدا کاردەکات، دوابەدوای ڤێتۆکردنی پرۆژەیاساکەوە، ئەم هەنگاوەی جۆ بایدنی وەک « بزمارێکی تر لەسەر تابووتی جێگەو پێگەی ئەمریکا دەربارەی پرسی مافی مرۆڤ» ناوبرد. ئێبی مەکسمەن، بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتی ئۆکسفامی ئەمریکا لەڕاگەیاندنێکدا شەوی هەینی وتی:» دەوڵەتی بایدن دەرفەتێکی تری لەبەردەم بوو بۆ ئەوەی قسەکانی خۆی دەربارەی مافی مرۆڤ، پرەنسیپی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای یاساکان بەکردەوە بسەلمێنێت. دونیا ئامادەیە بەوەی کۆتایی بەکوشتنی دڕندانەی خەڵکی غەززە بهێنێت و هەموو هەوڵەکانی خۆی بدات بۆ ئازادی بارمتەکان و یارمەتیدان بەفەلەستینییەکان. بەڵام ئەمریکا کە بەتەنیا ئاگربەستی ڤێتۆ کرد، بزمارێکی تری دا لەتابووتی پێگەو جێگەی ئەمریکا دەربارەی پرسی مافی مرۆڤ». بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتی ئۆکسفام لەسەر ئەو باوەڕەیە ئیسرائیل ئەو مافەی هەیە بەرگری لەخەڵکەکەی خۆی بکات لەبەرامبەر هێرشەکاندا، بەڵام ئەمریکا پەیوەندی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئیسرائل بەکارنەهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە. دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین و حەماس ئیسرائیل رۆژی شەممە ٩ی کانوونی یەکەم، بەردەوام بوو لەهێرشەکانی بۆ سەر غەززە، دوای ئەوەی ئەمریکا پرۆژەیاساکەی ڤێتۆکرد. حەماس و دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین، دەستبەجێ ڤێتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیەیان لەلایەن ئەمریکاوە سەرکۆنە کردو بە رەواییدان بەتاوانەکانی ئیسرائیل ناویان برد. وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ژماری کوژراوەکانی جەنگی غەززەی بەزیاتر لە ١٧ هەزارو ٥٠٠ کەس بەراورد کرد. ئەم وەزارەتە رایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، لەباشووری خان یونس شەش کەس و لە رەفەح پێنج کەس کوژراون. بەشێکی زۆر لەغەززە بووە بەوێرانە و نەتەوەیەکگرتووەکان باس لەوەدەکات کە نزیک بە ٨٠ لەسەدی دانیشتوانی غەزە ئاوارەبوون و کێشەی خواردن و سووتەمەنی و ئاوو دەرمانیان هەیە لەم ناوچەیە. حەماس رۆژی شەممە رایگەیاند ڤێتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن ئەمریکاوە، بەشداری راستەوخۆی ئەمریکایە لەکوشتنی خەڵکی فەلەستین و رێخۆشکردنی بۆ تاوانی زیاترو جینۆسایدی نەتەوەیی. مەحموود عەباس، سکرتێری دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین، واشنتۆنی بەبەشداری راستەوخۆ لەتاوانی جەنگی تۆمەتبارکردو ڤیتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیەی بەتاوان دژی فەلەستینییەکان ناوبرد. مافی ڤیتۆ مافی ڤیتۆ لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان مافێکە کەدراوە بەپێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، واتە ئامریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، روسیا و چین، بۆ ئەوەی ئەگەر بیانەوێت و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان رێگری لەپەسەندکردنی هەر رەشنووسێک بگرن لەئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ڤیتۆ، وشەیەکە لەزمانی لاتیندا بەمانای « رێگریکردن» دێت. ئەم وشەیە بۆ بەرپێگرتنی یەکلایەنانەی هەر یاسایەک بەکاردەبرێت. بەم شێوەیە ڤیتۆ هێزێکی بێ سنوورەو دەکرێت ببێت یا بەر بەپەسەندکردن یان ئاڵوگۆر لەهەر بڕیارنامەیەکدا بکات. مافی ڤیتۆ لەسەر بنەمای ئەو ئایدیایەی کەئاشتی سەرترە لەعەداڵەت دراوە بە پێنج وڵاتی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش. تاپێش رووخانی یەکیەتی سۆڤیەت لەساڵی ١٩٩١، یەکیەتی سۆڤیەت زیاتر لەهەموو وڵاتەکان کەڵکی لەم مافە وەرگرتبوو. دوای رووخانی یەکیەتی سۆڤیەت لەساڵی ١٩٩١ ، ئەمریکا زۆرتر لەهەموو وڵاتەکان مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە. لەکاتی رووخانی دیواری بەرلینەوە لەساڵی ١٩٨٩ تاسەرەتای ٢٠٠٥، ئەمریکا ١٩ جار مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە. ئەمریکا و سوودوەرگرتن لەڤیتۆ ئەمریکا تائێستا زۆرتر ئەم مافەی لەبەرژەوەندی ئیسرائیلدا بەکارهێناوە، کەناڵی فرانس ٢٤ لەم بارەیەوە نووسیویەتی ئەمریکا تا ئێستا ٤٤ یان ٤٥ جار مافی ڤیتۆی لەبەرژەوەندی ئیسرائیل بەکارهێناوە. لەسەردەمی جەنگی غەززەدا لەمساڵدا (ساڵی ٢٠٢٣)و دوای هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم، ئەمە دووهەمجارە ئەمریکا مافی ڤیتۆ لەبەرژوەندی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت. رۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم و ١١ رۆژ دوای دەستپێکی جەنگی غەززە، ئەمریکا مافی ڤیتۆی لەبەرژوەندی ئیسرائیل بەکارهێنا. ئەمریکا رۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی یەکەم، بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەمەبەستی یارمەتی گەیاندنی مرۆڤدۆستانە بۆ کەرتی غەززە ڤیتۆ کرد. لەو بڕیارنامەیەدا کە لەلایەن بەڕازیلەوە پێشنیارکرابوو، خوازیاری راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بوو، بەڵام ئەمریکا ئەم بڕیارنامەیەی ڤیتۆ کرد. بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز، دەنگدان دەربارەی رەشنووسی پێشنیارکراوی بەڕزایل دووجار لەماوەی چەند رۆژدا کەوتە دواوە، لەبەرئەوەی ئەمریکا دەیویست خۆی ببێت بەنێوانگری بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ کەرتی غەزە. بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز، لەحاڵێکدا ئەمریکا ئەو رەشنووسەی ڤیتۆ کرد، ١٢ ئەندامی ئەنجومی ئاسایش دەنگیان بەو رەشنووسەداو روسیاو بەریتانیا بێلایەنی خۆیان راگەیاند و دەنگیان نەدا. رۆژی شەممە ٩ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بۆ دووهەمجار لەسەردەمی جەنگی حەماس- ئیسرائیل و دوای هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم، بڕیارنامەی پێشنیارکراوی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ راگرتنی جەنگ لەغەززە ڤیتۆ کرد.
هاوڵاتی لە دەستپێکی شەڕی زەمینی ئیسرائیل و غەززەدا سوپای ئیسرائیل تا ئێستا چەندین سەربازی خۆی بە هەڵە کوشتوە، کە بە یەک لەسەر پێنجی سەربازە کوژراوەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت کە تا ئێستا کوژراون. سهرچاوهیهكى باڵاى سوپاى ئیسرائیل ئاشكرایكردوه، "دوو لەو سەربازانە کەوتونەتە ژێر زرێپۆشەکان، دوی دیکەشیان بەهۆی بۆردومانی تانکەکان، هەروەها دوی تر بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی تۆپو یەکێکیشیان بەهۆی گولەی وێڵی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون". ئاماژ بەوەشكراوە، ئەو سەربازە کوژراوانەی ئیسرائیل كە سوپای وڵاتەكە بە فەڵەستینی زانیون و بە هەڵە كوشتونی، ژمارەیان 13 سەربازە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردبوەوە کە ژمارەی ئەو سەربازانەی لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ 434 سەرباز، لەوانەیش 105یان لە شەڕ و پێکدادانەکانی ناو کەرتی غەززەدا کوژراون. ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزوتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردەسەر ئیسرائیل، لەهێرشەکەدا زیاتر لەهەزارو 400 ئیسرائیلی کوژرانو سەدانی دیکەش برینداربون، هاوکات 240 هاوڵاتیی ئیسرائیلى وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهركران.
هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە سوپای ئیسرائیل ژێرئاوخستنی تونێلەكانی غەززەی دەستپێكردووە تا چەكدارەكانی حەماس ناچاربكات تونێلەكان چۆڵ بكەن. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویكردەوە،سوپای ئیسرائیل لەرێگای راكێشانی ئاوی دەریاوە هەوڵدەدات تونێلی چەكدارەكانی غەززە ژێرئاو بخات، ئەوەش بەلایەنی كەمەوە هەفتەیەكی پێویست دەبێت. دەشڵێت، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند لەسەر ئەو بابەتە هیچ لێدوانێك نادات و ئەوە پرۆسەیەكی تەواو نهێنییە. هاوکات هەندێک لە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەڵێن ئەم پرۆسەیە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە وێرانکردنی تونێلەکان، کە ئیسرائیل پێی وایە حەماس بەکاریدەهێنێت بۆ شاردنەوەی بارمتە و چەکدار و تەقەمەنی، لەهەمانکاتدا کاربەدەستانی دیکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی بە کارهێنانی ئاوی دەریا مەترسی لەسەر سەرچاوەی ئاوی شیرینی غەزە دروست بکات. هەرلەوبارەیەوە جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەكی غەززە پشتیوانیەكان بۆ ئیسرائیل روو لە كەمبوونەوەن و داوای لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كردووە حكومەتەكەی بگۆڕێت.