تاران: پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا بەندە بە نیازپاکی ئەمریکاوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کاتێکدا کە بڕیارە سبەی شەممە، سێهەمین خولی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە سوڵتانیای عومان بەڕێوە بچێت، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو شاری مەسقەت بەرەو مەسقەت دەچێت.
ئیسماعیل باقائیی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ عەباس عێراقچى بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی و تەکنیکی، تاران بەرەو مەسقەت بەجێدەهێڵێت، بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا.
هاوکات وتەبێژەکەى ئاماژەی بەوەشکرد، "هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتمەند بە تەکنیکی کە هاوکات دەبێت لەگەڵ ئامادەبوونی دانوستانکاری باڵای هەردوو وڵات، عێراقچى و نوێنەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف.
ناوبراو زیادی کرد: بە پێی ئەو ڕێکخستنانەی میوانداری عومانی کردوویەتی، سبەی کۆبوونەوەی تایبەتمەند و دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان وەزیری دەرەوە و نێردەی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا پێویستی بە نیەتپاکی و جددی و واقیعبینی لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە هەیە"، بە ئاماژەدان بە ئەمریکا، بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیا ناوخۆییەکان.
ئاکسیۆس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە گەڕی دووەمی دانوستانی تاران و واشنتن لە رۆما، پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گەڕی دووەمی دانوستان، خواستی وڵاتەکەی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی دەربڕیوە. بەڵام ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتوویەتی، واشنتن نایەوێت لەم کاتەدا گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی کاتییەوە بکات.
ویتکۆف جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی لەم کاتەدا جەخت لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی روون دەکاتەوە، لە ماوەی شەست رۆژدا، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوایکردووە.
ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر ئێران و ئەمریکا لە 60 رۆژدا نەگەنە رێککەوتن، ترەمپ فەرمان بە سوپای وڵاتەکە دەکات ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، یان هاوکاری ئیسرائیل دەکات بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە.
