ترەمپ: بەبێ ئەوەی شەڕ ڕووبدات بەم نزیکانە لەگەڵ ئێران ڕێک دەکەوین

9 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانی نێوان واشنتن و تاران بە باشی بەڕێوەدەچێت و خەریکە دڵنیابێت لەوەی رێککەوتن لەگەڵ تاران دەکرێت بەبێ ئەوەی پێویست بە هێرشی سەربازی بکات.
هەروەها بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ لە وتارێکدا رایگەیاند، تاکە رێککەوتنی قبوڵکراوی نێوان واشنتۆن و تاران رێککەوتنێکە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز پێشتر بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاندبوو، بەرنامەی مووشەکیی ئێران پرسێکی گەورەترە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، یەکێک لە پێشنیازەکانی ئێران لە دانوستانەکاندا هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە لە وڵاتێکی دەرەوە، روسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە یۆرانیۆمەکەی ئێران بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
