ئیسرائیل ناوچەیەکى نزیک کۆشکەکەى ئەحمەد شەرع بۆردومان دەکات
.jpg)
13 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە ناوچەیەکى نزیک کۆشکەکەى ئەحمەد شەرعى سەرۆککۆمارى سوریا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا.
ئەو ناوچە دەکەوێتە باکوورى دیمەشقى پایتەختى سوریا و ناوچەیەکى بەرزە، کە رەنگە ئەمە پەیامى نوێى ئیسرائیل بێت بۆ دەسەڵاتى سوریا، ئەم هێرشە دوای ئەوە بووە، کە ئیسرائیل دەسەڵاتدارانی سوریای ئاگادارکردووەتەوە، بەرەو ئەو ناوچانە پێشڕەوى نەکەن، کە درووزەکانى لێیە و ئیسرائیل پشتگیرییان دەکات.
ئەمە دووەم جارە ئیسرائیل لە ماوەی دوو ڕۆژدا هێرش بۆ سەر سوریا دەستپێدەکات، دوای ئەوەی بەڵێنی دا بەرگری لە کەمینەی دروز بکات.
ڕۆژی پێنجشەممە، کاتز هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل بە زۆر وەڵام دەداتەوە ئەگەر دەسەڵاتدارانی سوریا دروزەکان نەپارێزن، ئەمەش دوای دوو ڕۆژ پێکدادان لە نزیک دیمەشق.
لەلایەکى دیکەوە بنیامین ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز وتی: شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق دەستپێکرد.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕژێمی سوریا: ڕێگە نادەین هێزەکانی (سوریا) لە باشووری دیمەشق جێگیر ببن و هیچ مەترسییەک بۆ سەر دروزەکان دروست بکەن.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە سەبارەت بەو هێرشە نەدراوە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاو، ئیسرائیل باشووری ڕۆژئاوای سووریای کۆنترۆڵ کردووە و بەڵێنی پاراستنی دروەزەکانی داوە. هەروەها زۆربەی چەکە قورسەکانی سوپای سووریای لە دوای ڕووخانی ئەسەد لەناوبرد.
