ئەمریکا گرێبەستێکی 100 ملیار دۆلاری لەگەڵ سعودیەدا ئەنجام دەدات

8 كاتژمێر لەمەوپێش
لەمیانی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سعودیە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک ڕایگەیاندوە، ئەمەریکا پاکێجێکی گەورەی سەربازی بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بۆ سعودیە ئامادە دەکات و ترەمپ لە سەردانەکەیدا واژوی لەسەر دەکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردوە ئەو پاکێجە لە کاتی سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سعودیە کە بڕیارە لە مانگی پێنجدا بچێتە ئەو وڵاتە واژوی لەسەر دەکرێت، لەوبارەیەوە بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی سعودیە تا ئێستا ئامادە نەبون بە فەرمی هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدەن.
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە، پێدەچێت کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییە گەورەکانی ئەمەریکا لەوانەش کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی سەربازی و موشەک و ڕادار لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا کە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا چالاکن، ڕۆڵێکی سەرەکی لەم پاکێجەدا بگێڕن.
هەروەها باس لەوە کراوە کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگری ئەمەریکا پلانیان هەیە لە چوارچێوەی شاندێکی بازرگانی-سەربازیدا گەشت بۆ ناوچەکە بکەن.
ئەمە لەکاتێكدایە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ لە نێوان 13 بۆ 16ی ئایاردا لە یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوای دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی ئەمەریکا گەشت بۆ سعودیە بکات .
