سێنتکۆم: تا ئێستا 800 ئامانجی حووسییەکانمان پێکاوە

10 كاتژمێر لەمەوپێش
سێنتکۆم ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن بەردەوامە.
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕاف ڕایدەرەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا زیاتر لە 800 پێگەی حووسییەکانی بۆمباران کردووە؛ ئەم هێرشانە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان چەکداری حووسی و زۆرێک لە سەرکردەکانیان، لەنێویاندا فەرماندەی باڵای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان."
ئاماژەی بەوەش کردووە "هێرشەکان چەندان دامەزراوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەی پێشکەوتووی دروستکردنی چەکی و شوێنی هەڵگرتنی چەکی پێشکەوتوویان لەناو بردووە. ئەم دامەزراوانە چەکی ئاسایی پێشکەوتوویان لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا مووشەکی کروز بالیستی و دژە کەشتی، سیستەمی ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە هێرشی حووسییەکان لەسەر هێڵەکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنران."
ڕوونیشی کردەوە، لەکاتێکدا حوسییەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانمان، ئۆپەراسیۆنەکانمان فراوانتر دەکرد، بەو هۆیەوە هێرشەکانیان کەم کردەوە. هەڵدانی مووشەکی بالیستی بەڕێژەی 69% کەم بووەتەوە. هەروەها هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەڕێژەی 55% کەم بووەتەوە.
هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا توانای وەرگرتنی سووتەمەنی بەندەری ڕەئس عیسایان لەناو برد، ئەمەش کاریگەری نەرێیی لەسەر توانای حووسییەکان هەبوو، لەو ڕێگەوە ملیۆنان دۆلار داهاتییان بوو بۆ کار و چالاکییەکانیان دەست دەکەوت.
باسی لەوەش کرد، لە 15ی ئادارەوە هەڵمەتێکی چڕ و بەردەواممان بۆ سەر حووسییەکان دەست پێ کردووە، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی گیانی کەشتیوانانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان. ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە بەکارهێنانی زانیاری هەواڵگری ورد و هەمەلایەنە کراون، کە کاریگەرییە کوشندەکان لە دژی حووسییەکان هەبووە، لە هەمان کاتدا کەمترین مەترسیی هەبووە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی."
