سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەکۆشکى سپى وەڵامێکى توندى قسەیەکى ترەمپى دایەوەو لەبەردەم ڕۆژنامەنوسان راستەوخۆ وتی، "کەنەدا بۆ فرۆشتن نییە." رۆژی سێشەممە 6ی ئاداری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا کۆبووەوە و پێش کۆبوونەوەکە، ترەمپ دەربارەی چەندین پرسی گەرمی جیهان قسەی کرد. لەبارەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان لەگەڵ کەنەدا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ئەگەر کەنەدا ببێتە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا، ئەوا هاوسەرگیرییەکی نایاب دەبێت. ترەمپ لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا لە داهاتوودا هەرچۆنێک بێت، "ئەو حەز دەکات" رێککەوتنێکی نوێی بازرگانییان هەبێت، "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا خاڵە سەختەکان تاوتوێ دەکەم." مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا کەیەکەمجارە لەگەڵ ترەمپ وتووێژدەکات، وتى: کەنەدا بۆ فرۆشتن نییە هەرگیزیش بۆ فرۆشتن نابێت. رۆژی 01ـی شوباتی 2025، ترەمپ لە فەرمانێکدا 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک و 10٪ی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی چیندا سەپاند. کارنی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی نیساندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردندا ئەوەى دووپاتدەکردەوە کە وڵاتەکەی هەرگیز نابێتە بەشێک لە ئەمریکا؛ بەڵێنیش دەدات دژی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بوەستێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، حوسییەکان تەسلیمبوون و ئەوان هێرشەکانیان لە دەریادا ڕادەگرن، هێرشەکانى سوپاى ئەمریکاش بۆ سەر یەمەن ڕادەگیرێت. ئێوارەى ئەمرۆ ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت: حوسیەکان نایانەوێت شەڕ بکەن، داوایان لێکردووین هێرشەکان رابگرین ئێمەش ڕێز لەوە دەگرین. ئێمە بۆردومانەکان ڕادەگرین، بەڵام بەمەرجى خۆڕادەستکردن. ئەو وتیشى: ئەو گرووپە یاخیبووە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ناوچەکە ڕادەگرن، ئێمەش بۆردومانەکان بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر دەستبەجێ دەوستێنین. حوسییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانج. هەر ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعباین لە یەمەن کردە ئامانج. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی یەمەن ئەنجامداوە. ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە تەرمیناڵی سەرنشینانی فڕۆکەخانەی سەنعا و هەموو فڕۆکەکانی ناوەوەی کراونەتە ئامانج و فڕۆکەخانەکە بە تەواوی داخراوەو وێرانبووە. حوسییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانج. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 8ی ئایار یاخود هەینی 9ی ئایار و پێش سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "راگەیێندراوێکی زۆر گرنگم دەبێت، کە لەبارەی بابەتێکی زۆر گرنگە و یەکێک دەبێت لەو راگەیێندراوانەی چەندین ساڵە شتی وا نەبووبێت لەبارەی بابەتێکی دیاریکراو."
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ئەوروپا لەگەڵ ڕووسیا لە شەڕدایە. ئەم هێزانە جارێکی دیکە لەژێر ئاڵای نازیزمدا یەکیانگرتووەو پشتیوانییان لە ڕژێمەکەى ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ئۆکرانیا دەکەن. لە میانی مەراسیمی تاجە گوڵینەدان لەوەزارەتی دەرەوە، ئەمرۆ سی شەممە سێرگی لاڤرۆڤ وتى: ئێستا ئەوروپییەکانیش لە ژێر ئاڵای نازییەکان لە دژی ئێمە یەکگرتوو بوون و بە مانای وشەیی وشەکە، پشتگیری لە ڕژێمی ڕەگەزپەرست و دژە ڕووسیی زێلێنسکی دەکەن. لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، وەک لە ئۆپەراسیۆنی بیرنەکراوەدا (پلانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر یەکێتی سۆڤیەت لەسەر فەرمانی وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٥)دا ڕوویدا، لە ئێستادا هەڕەشەی شکست لە ڕووسیا دەکەن. جەنگی ئۆکراینا و رووسیا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە. لە کانوونی دووەمی ئە م ساڵەوە ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چڕکردووەتەوە، بەڵام جگە لە دوو ئاگربەستی کورتی و ئامانجدار نەبوونەتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا بەردەوامە، بەڵام ئەو بەڵێنەی کە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دای و رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت، دەرکەوت کە خەیاڵە.
پنتاگۆن دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەفسەرانی باڵای ئەمریکی لە سوپای ئەمریکا بۆ 20%. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی بۆ کەمکردنەوەی سەربازان و فەرمانبەرانی وڵاتەکەی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەفسەرانی ناپێویست و بەهێزکردنی سوپاکەی، فەرمانی داوە ژمارەی ئەفسەرانی پلەبەرزی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی یاداشتێکی وەزارەرتی بەرگریی ئەمەریکای بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا پیتی هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا فەرمانی کردووە %20ـی ئەفسەرانی پلە چوار و ئەدمیراڵەکانی هێزەکانی وڵاتەکەی دەر بکات. بە گوێرەی یاداشتەکە، ئەو فەرمانە %10ـی ئەفسەرانی پلە نزم و %20ـی ئەفسەرانی نەتەوەییش دەگرێتەوە. لە یاداشتەکە هاتووە، مەبەست لەم بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی ئەفسەرانی ناپێویست و بەتواناکردنی سەرکردایەتیی سوپاکەیانە. ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی فەرمانبەرانی و ئەفسەرانەی ئەمەریکا دێت. هاوکات، پیتی هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی ڤیدیۆیی لەو بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی دۆنالد ترەمپ بە دروشمی 'بەدەستهێنانی ئاشتیی لە ڕێگەی بەهێز کردنی سوپاوە' ئەو چاکسازییە لە سوپای ئەمەریکا دەکرێت. هەروەها گوتیشی: لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، 12 ملیۆن سەربازمان هەبوو کە تەنیا 17ـەیان پلەی جەنەراڵی چوار ئەستێرەییان هەبوو، بەڵام ئێستا دوو ملیۆن و سەد هەزار سەربازمان هەیە کە 44ـیان پلەی جەنەراڵی چوار ئەستێرەییان هەیە. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، زۆری ژمارەی جەنەراڵ مانای ئەوە نییە سەرکەوتنی زۆر بەدەست بهێنین. پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ژمارەی ئەفسەرە پلە باڵاکانی دیکەی وەکوو فەرماندەکانی هێزی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکان، سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی، ئەدمیراڵی هێزەکانی دەریایی هاوکار لەگەڵ ناتۆ و سێ پارێزەری باڵای سەربازی دوور خستووەتەوە.
سەرجەم ئەو کاردیناڵانەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکەن، گەیشتنە رۆما و سبەینێ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا پاپای نوێ هەڵدەبژێرن. سبەینێ لە کڵێسای سیستین بە بەشداری 133 کەسایەتی باڵای کاسۆلیکی کە بە کۆلێژی کاردیناڵەکان ناسراوە، شوێنگرەوەی پاپا فرانسیس دیاریدەکەن، کە 21ـی مانگی رابردوو لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. کاردیناڵ ژان پۆڵ ڤێسکۆ، سەرۆکی قەشەکانی جەزائیر رایگەیاند، کەشێكی ئەرێنی لەنێوان کاردیناڵەکان هەیە و دڵنییان لەوەی پاپایەکی باش هەڵدەبژێرن. کاردیناڵ پیترۆ پارۆلین، کەسایەتی دووەمی ڤاتیکان لە دیارترین کاندیدەکانە بۆ شوێنگرتنەوەی پاپا فرانسیس، هەروەها 10 کەسی دیکە بۆ بوون بە پاپا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا هەڵبژاردن بۆ پاپی نوێ ئەنجام دەدرێت و هەر کاندیدێک بۆ سەرکەوتن پێویست بە دوو لەسەر سێی دەنگی کاردیناڵەکان هەیە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە کاندیدی سەرکەوتوو دەبێت 89 دەنگ مسۆگەر بکات ئەوکات دەبێت بە پاپای کاسۆلیکی کە زیاتر لە 1.4 ملیار پەیڕەوکاری هەیە. لەحاڵەتی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، پرۆسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک یاخود رەنگە زیاتری پێ بچێت، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی ئاخۆ کاردیناڵەکان لەناو خۆیان چەند رای جیاوازیان هەیە و ناکۆکن لە هەڵبژاردنی پاپی نوێ. هەر رۆژێک کۆبوونەوە نهێنییەکە دەتوانێت چوار خولی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت و ئەگەر تا خولی 33 هیچ کەس هەڵنەبژێردرا، ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان کۆکردووەتەوە دەستنیشاندەکرێن بۆ ئەوەی بچنە قۆناغی داهاتوو و ئەوکات هەڵبژاردن تەنها لەنێوان ئەو دووانە دەکرێت.
ماڵپەری "ئاکسیۆس"ی ئەمریكی، لەزاری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بڵاویكردووەتەوە، واشنتۆن هەوڵدەدات لەم هەفتەیەدا خولی چوارەمی دانوستانەكانی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی رێکبخات. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، بە پەیامنێری ئەکسیۆسی راگەیاندووە، لە دانوستانەکاندا پێشکەوتن بەدەستهاتووە، جەختیشیکردووە، سەرۆک ترەمپ دەیەوێت بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەری ئەم کێشەیە بکات ئەگەر بكرێت، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ ئێران. تائێستا سێ خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عێراقچى و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف نێردراوى ترەمپ لە ١٢ی نیسانەوە ئەنجام دراوە: دوو دانوستان لە مەسقەت و یەک لە ڕۆما. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕێگریکردنە لە هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی، عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی ئێکس ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە،عەباس عێراقچی ڕایگەیاندووە، "ئەگەر ئامانجەکە وەک ترەمپ وتی، وڵاتەکەمان خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوا گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەگەری هەیە". وەزیری دەرەوەی ئێران هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد هەوڵی ڕاکێشانی ئیدارەی ئەمریکا دەداتە ناو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
سوپای ئیسرائیل سەبارەت بەو هێرشانەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، کردییە سەر بەندەری حودەیدە لە دەوروبەری یەمەن بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی کردە سەر حووسییەکانی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن کە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە. ئاماژە بەوەش کراوە، سوپا، ژێرخانی حووسییەکانی لە ناوچە کەنارەکانی یەمەن بۆمباران کرد. بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو هێرشانە لە وەڵامی هێرشە دووبارەکانی حووسییەکانە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل کە بریتی بوون لە هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو خاکی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە. سوپای ئیسرائیل ئەو بەندەرەی بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ حووسییەکان زانی، بەو پێیەی بەندەرەکە بۆ گواستنەوەی چەکی ئێرانی و کەرەستەی سەربازی و پێداویستی سەربازیی بەکاردێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کارگەی چیمەنتۆی باجیل لە ڕۆژهەڵاتی حودەیدەش بۆمباران کراوە، وەک دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئابووری بۆ حووسییەکان کاری دەکرد، هەروەها بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی بۆ حووسییەکان بەکاردێت. گوتیشی: حووسیییەکان لە ماوەی ساڵ و نیوێکی ڕابردوودا، بە ڕێنمایی و بودجەی ئێران، بۆ لێدانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی و تێکدانی ناوچەکە و تێکدانی ئازادیی کەشتیوانی جیهانی کاردەکات. دەشڵێت: ئیسرائیل سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە مامەڵەکردنی زۆرەملێ دژی هەر هەڕەشەیەک، بۆ سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل، لە هەر مەودایەکی پێویستدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سوریا ڕایدەگەیەنێت، ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا، سەردانی فەرەنسا دەکات، بڕیاریشە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە لە پاریس، پێشوازی لێدەکات. ئەمڕۆ سێشەممە، کۆشکی ئیلیزێ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: ماکرۆن "پشتگیریی فەرەنسا بۆ بنیادنانی سووریایەکی نوێ دووپاتدەکاتەوە، سووریایەکی ئازاد، سەقامگیر، سەروەر کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت". هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسا بەرامبەر بە گەلی سووریا کە خوازیاری ئاشتی و دیموکراسین." سەرۆکایەتیی فەرەنسا هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، ماکرۆن جەخت لە "داواکارییەکانی بەردەم حکومەتی سووریا دەکاتەوە، کە سەرەکیترینیان بریتییە لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە، بە لوبنانیشەوە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر". ماکرۆن سەرەتا لە مانگی شوباتدا بانگهێشتی سەرکردەی نوێی سووریای کردبوو بۆ ئەوەی بچێتە فەرەنسا، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام کە شەرع سەرکردایەتیی دەکات، لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی دیکەی توانییان لە کۆتایی ساڵی رابردوو بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو بڕووخێنن. مانگی ئادار، ماکرۆن جارێکی دیکە شەرعی بانگهێشتکردەوە، بەڵام بە مەرجی پێکهێنانی حکومەتێکی سووریایی گشتگیر کە نوێنەرایەتیی "هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سڤیل" بکات. سەرۆککۆماری فەرەنسا ئەوکات دانوستاندنە سەرەتاییەکانی لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی دیمەشق بە "ئەرێنی" ناوبردن. دەسەڵاتدارە نوێیە ئیسلامییەکانی سووریا، کە پێشتر بەشێک بوون لە رێکخراوی قاعیدە، بەڵێنی دەسەڵاتی فرەلایەنیان لە وڵاتە فرە ئایین و فرە نەتەوەکەدا داوە.
ماڵپەرى ئەکسیۆس لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندوە ئیسرائیل سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک دوا وادە بۆ ڕێککەوتنی نوێی ئازادکردنى بارمتەکان و ئاگربەست داناوە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان دەست پێدەکات ئەگەر رێککەوتن نەکرێت. شەوی یەکشەممە کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی پەسەندکرد کە وردە وردە هەموو غەززە داگیربکاتەوە و بۆ ماوەیەکی نادیار ڕابگیرێت ئەگەر تا ١٥ی ئایار ڕێککەوتنێک نەکرێت. بەرپرسێکی ئیسرائیلی وتی بەدیل بۆ مانەوە لە ناوچەی مرۆیی ئەوەیە کە فەلەستینییەکان "خۆبەخشانە" ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن بۆ وڵاتانی دیکە "بەگوێرەی دیدگای ترامپ بۆ غەززە. بەزەحمەت دەتوانرێت ئەم جۆرە ڕۆشتنانە بە خۆبەخشانە هەژمار بکرێت و تا ئێستا هیچ وڵاتێک ڕازی نەبووە کە فەلەستینییە ئاوارەبووەکان وەربگرێت. بەرپرسانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دانوستان لەگەڵ چەند وڵاتێک لەو بارەیەوە بەردەوامە. بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، سەردانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات بکات و چوار رۆژ لەو وڵاتانە بمێنێتەوە. کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن، ترەمپ لە ئێستادا ڕۆڵێکی کارا نابینێت لە هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست و بە شێوەیەکی کاریگەر گڵۆپی سەوزی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە بۆ ئەوەی بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانێت بیکات. گەڕانەوە بۆ شەڕی تەواو دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل پێشتر هەموو پێداویستییەکانی خۆراک و ئاو و دەرمانی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە بڕیوە دوای ئەوەی ئاگربەستەکە دوو مانگ لەمەوبەر تێکچوو. زۆرێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک بژاردەیەکی ئەتۆمی دەبینن و زۆر پێیان باشە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتنێک بکرێت.
تا ئەم دواییانە بەهێزترین پیاوی پاکستان پێی باشتر بوو لە پشت پەردەوە بمێنێتەوە. بە توندی کۆنترۆڵی دەرکەوتنی گشتی خۆی دەکات و لێدوانەکانی سنووردار دەکات بە وتارە ئامادەکراوەکان لە کاتی ڕووداوە سەربازییەکان. بەڵام دوای هێرشە تیرۆریستییە کوشندەکەی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان، جەنەڕاڵ عاسم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان بۆتە چەقی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان پاکستان و هیندستان. لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان لە هیندستان بۆ وەڵامدانەوەی بەهێز بۆ ئەو هێرشەی کە زیاتر لە ٢٠ گەشتیاری هیندۆسی لە نزیک شارۆچکەی پەهالگام کوشت، مونیر بە قسە توندەکانی دەستی کرد بە دانانی بەربەست بۆ پاکستان. هیندستان و پاکستان هێزەکانیان لەسەر سنووری نێوانیان زیادکردووە. پەیوەندییەکانی دەلهی و ئیسلاماباد بەرە بەرە گرژتر دەبن، ئەمە دوای ڕووداوەکەی 22ـی مانگى ڕابردوو کە لە هێرشێکی چەکداریدا 26 کەس کوژران. پێنجشەممەی ڕابردوو لە میانی مانۆڕێکی سەربازیدا، مونیر لەسەر تانکێک وەستا و قسەی بۆ سەربازەکان کرد و وتی، "هیچ بوارێک بۆ ناڕوونی نییە، هەر سەرگەرمییەکی سەربازی لەلایەن هیندستانەوە وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوە و پەرەسەندوو بەرەوڕووی دەبێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵێنی پاکستان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی هیندستان بە هێزێکی یەکسان یان زیاتر. لێدوانەکانی مونیر لە هیندستان و پاکستان وەک هەوڵێک بۆ پرۆژەکردنی هێز و کۆکردنەوەی پشتیوانی جەماوەری لێکدرایەوە، بەتایبەتی کە پاکستان بەدەست دووبەرەکیی سیاسی و قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت کە دڵسۆزی تەقلیدی بۆ دامەزراوەی سەربازیی لەناوبردووە، کە لەمێژە ڕۆڵێکی شاراوەی لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ناوخۆدا گێڕاوە. بەڵام پێدەچێت کاردانەوەی مونیر قووڵتر بێت لە تەنها حیساباتی سیاسی. شیکاران بە کەسێکی توندڕەو بەرامبەر هیندستان وەسفی دەکەن و هەڵوێستەکانیشی بەهۆی سەرکردایەتیکردنی دوو گرنگترین دەزگای هەواڵگری سەربازی پاکستان و باوەڕەکەی کە ململانێی بەردەوام لەگەڵ هیندستان لە بنەڕەتدا سروشتی ئایینییە. نزیکەی 15 ملیۆن کەس لە کشمیر دەژین کە 10 ملیۆنیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هیندستاندان. درێژی سنووری هیندستان و پاکستان لە کشمیر 740 کیلۆمەترە و نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لەو ناوچانە دەژین. خەڵکی ناوچەکە لە هەڵگیرسانی جەنگ دەترسن، بۆ ئەو ئەگەرەش، حەشارگەیان ئامادەکردووە. ریاز ئەوان، جوتیارە لە ناوچەکە و باس لەوە دەکات، "زۆر نزیک لە سنوورەکان دەژین کە تەقە و تۆپبارانی یەکدی لێوە دەکەن. رۆژانە تەقە لەیەک دەکەن و ئەمەش ئەزموونێکی ناخۆش بووە کە نامانەوێت منداڵەکانمان پێیدا بڕۆن". کشمیر، هەرێمێکی دەوڵەمەندە بە کانزا و دیمەنی جوانی سرووشت، لە ساڵی 1947ـەوە لەنێوان هیندستان و پاکستان دابەشکراوە. هیندستان 55٪ـی ئەو هەرێمەی لەژێر دەستە، هەرچی پاکستانە 30٪ـی کۆنترۆڵ کردووە. ئەوەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی چینە. زۆرێک لە هیندستان ئاماژەیان بەو لێدوانانە کردووە کە مونیر شەش ڕۆژ پێش هێرشە تیرۆریستییەکە داوە، کە تێیدا بە کۆمەڵگەیەکی پاکستانی لە ئیسلام ئابادی وتووە کە کشمیر- کە لە نێوان هیندستان و پاکستاندا دابەشکراوە و بە تەواوی لەلایەن هەردووکیانەوە ئیدیعای دەکرێت- "هێڵی ژیانی" پاکستانە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕێگریکردنە لە هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی، عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی ئێکس ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە،عەباس عێراقچی ڕایگەیاندووە، "ئەگەر ئامانجەکە وەک ترەمپ وتی، وڵاتەکەمان خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوا گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەگەری هەیە". وەزیری دەرەوەی ئێران هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد هەوڵی ڕاکێشانی ئیدارەی ئەمریکا دەداتە ناو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا. عێراقچى جەختی لەوە کردەوە کە "تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەویش دیپلۆماسی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش". وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە "پشتیوانیکردن لە جینۆسایدی نەتانیاهۆ لە غەززە بە ناردنی چەکی کوشندە و بەڕێوەبردنی جەنگی وەکالەت لە یەمەن هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی ئەمریکا بەدەست نەهێناوە". وتیشی: جیهان درک بەوە کردووە کە چۆن ناتانیاهۆ ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە کاروباری ئیدارەی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی بەرەو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا ڕابکێشێت. تائێستا سێ خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عێراقچى و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف نێردراوى ترەمپ لە ١٢ی نیسانەوە ئەنجام دراوە: دوو دانوستان لە مەسقەت و یەک لە ڕۆما.
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەردانی شاندەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندایە بۆ سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بەشی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق 'محەممەد ڕەزا حوسێنی و نوێنەری ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراقە، ئامانجی شاندەکە تەواوکردنی گفتوگۆ تەکنیکیەکانە لەسەر یاداشتەکانی لێکگەیشتن کە لەگەڵ تورکیا ئیمزا دەکرێت. ڕوونیشیکردەوە، یاداشتەکان چەند بوارێکی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە ئەمنی، گواستنەوە، پلاندانان، پەروەردە، پەیوەندییەکان و پیشەسازی. ماجد لەجماوی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکەن، لەوانە گەشەپێدان، وزە و بازرگانی. عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات، هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش لە نیوەی ئەمساڵدا سەردانی عێراق دەکات. نزیكەی مانگێك لەمەوبەر، لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق و توركیا ئامادەیی هەردووڵاتیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هاریكاری ئەمنی و سەربازی راگەیاند و جەختیان لە جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان كردەوە بۆ نەهێشتنی "هەڕەشەی "پەكەكە بۆ سەر هەردوو وڵات. ئەو هەڵوێستە هاوبەشە دوای كۆبوونەوەی نێوان لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق و توركیا راگەیەنرا، كە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق. لەكۆبوونەوەكەدا كە بەبەشداری نوێنەری حەشدی شەعبی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، عێراق و توركیا ئامادەییان نیشاندا بۆ بەرزكردنەوەی هەماهەنگی دوو قۆڵی، لەبواری سەربازی و هەواڵگری، ئاسایشی سنور، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پیشەسازی بەرگری، وزە، ئاو، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەى رجال کەرامەی درووزەکانى سوریا، بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتی گوتووە، ئەوان لەگەڵ رێکخستنى چەک و چەکدارییدان، نەک داوای ئەوەیان لێبکرێت چەکەکانیان رادەست بکەن. ئەبو فەخر دەشڵێت، دۆسیەى رادەستکردنى چەکی دەست درووزەکان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى بەرگریی، نەک هەر کەس و گرووپێک بیەوێت لێدوانى لەسەر بدات و داوایان لێ بکات چەک رادەست بکەن. پێیوایە چەکى دەست درووز نەبووەتە مایەى دروستکردنى هەڕەشە و مەترسی، تەنها بۆ بەرگرییکردن لە خاک و ئاو و ناوچە و شەرەفمان بەکارمان هێناوە. گوتەبێژەکە سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر درووزەکان دەڵێت، هێشتا لە پارێزگای سوەیدا و شار و شارۆچکە و گوندەوارەکانى، مەترسیی لەسەر درووزەکان هەیە، هێزەکانیان بە چەکی سووک و ناوەند، بەردەوام لە ئەرکی پاراستن و بەرگرییکردندان.
ئەمەریکا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن چڕتر کردووەتەوە و درەنگانی شەوی ڕابردوو 29 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەی حووسییەکان لە پێنج پارێزگای یەمەن کردووە. هێرشەکانی ئەمەریکا بەندەری ڕەئس عیسا و دوورگەی کەمران لە ئەلسەلیف لە پارێزگای حودەیدە بۆمباران کردووە. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، هێرشەکانی ئەمەریکا پێگە و شوێنی حووسییەکانیان لە باشووری سەنعا بۆمباران کردووە. ئەمەریکا بە سێ هێرشی ئاسمانی کۆگاکانی چەکی حووسییەکانی لە سەربازگەی ئەلسەواد لە باشووری سەنعا بۆمباران کردووە و تەقینەوەیەکی بەهێزیش پایتەختی هەژاندووە. فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا شەش هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە ناوچەی بەنی مەتەر لە ڕۆژئاوای سەنعا. بەگوێرەی میدیاکانی حووسی، لە بۆمبارانکردنەکانی ئەمەریکا لە سەنعا 14 کەس بریندار بوون. میدیاکان ڕاشیانگەیاند "ئەمەریکا سێ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەی حووسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سەعدە." دوای هێرشی حەماس بۆ سەر شارۆچکە و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکان دەیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، وەک پاڵپشتییەک بۆ دانیشتوانی غەززە.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ماڵپەرى ئەلعالم جەدید ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق ئەنجام بدات، بە سەرۆکایەتی شاندێکی وەزاری گەورە کە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی و ئابووری لەخۆدەگرێت. سەردانەکە کە لەلایەن سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی عێراقەوە بە "گرنگ" وەسف دەکرێت، بەشداری لە سێیەمین خولی کۆنفرانسی بەغدا دەکات. هەروەها سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێش ئامادە دەبن، لەوانە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ئەمەش نیشانەی ئاساییبوونەوە لەگەڵ ڕژێمی نوێی سوریایە. ئەمەش لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێکى کەم ماوە بۆ ئەنجامدانى کۆمکارى لوتکەی عەرەبی لە بەغدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە گرنگی ئامادەبوونی سەرۆکی سوریا لە لوتکەکەدا کردەوە بۆ خستنەڕووی دیدگای نوێی سوریا. بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی دەرەوە، سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ عێراق بەشداریکردنە لە کۆنگرەى سێیەمى بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی دەگرێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەهۆی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا دواخرا، کۆنگرەى یەکەم و دووەم لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بەشداری سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق بەڕێوەچووە. یەکەم کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی، کە کۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بوو، رۆژی شەممە 28ی ئابی 2021 لە بەغدا کرا. حەوت وڵاتی عەرەبی و بیانی بەشداربوون. وڵاتە بەشداربووەکان بریتی بوون لە: عێراق، کوێت، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، ئوردن، میسر، ئێران، تورکیا و فەرەنسا. کۆنگرەی دووەمی بەغدا لە 20ی کانوونی یەکەمی 2022، لە ناوچەی دەریای مردوو لە ئوردن بەڕێوەچوو. لە سەرەتای ساڵی 2023، محەمەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ ماکرۆن واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتنە یەکەم ڕێککەوتنی لەجۆرەکەی نێوان بەغدا و پاریس بوو، هەروەها 50 ماددەی هاوکاری لەخۆگرتبوو. دیارترینیان بەرزکردنەوەی هاریکاری ئەمنی و بەرگری و ئاسانکاری بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەربازی دروستکراوی فەرەنسا، هەروەها کاراکردنی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری سەربازی نێوان هەردوولا، بەگوێرەی بەیاننامە فەرمییە هاوبەشەکانی هەردوولا.
