ئەم هەفتە سوودانی بۆ چەند پرسێکی گرنگ سەردانی تورکیا دەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەردانی شاندەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندایە بۆ سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بەشی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق 'محەممەد ڕەزا حوسێنی و نوێنەری ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراقە، ئامانجی شاندەکە تەواوکردنی گفتوگۆ تەکنیکیەکانە لەسەر یاداشتەکانی لێکگەیشتن کە لەگەڵ تورکیا ئیمزا دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، یاداشتەکان چەند بوارێکی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە ئەمنی، گواستنەوە، پلاندانان، پەروەردە، پەیوەندییەکان و پیشەسازی.
ماجد لەجماوی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکەن، لەوانە گەشەپێدان، وزە و بازرگانی.
عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات، هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش لە نیوەی ئەمساڵدا سەردانی عێراق دەکات.
نزیكەی مانگێك لەمەوبەر، لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق و توركیا ئامادەیی هەردووڵاتیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هاریكاری ئەمنی و سەربازی راگەیاند و جەختیان لە جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان كردەوە بۆ نەهێشتنی "هەڕەشەی "پەكەكە بۆ سەر هەردوو وڵات.
ئەو هەڵوێستە هاوبەشە دوای كۆبوونەوەی نێوان لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق و توركیا راگەیەنرا، كە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.
لەكۆبوونەوەكەدا كە بەبەشداری نوێنەری حەشدی شەعبی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، عێراق و توركیا ئامادەییان نیشاندا بۆ بەرزكردنەوەی هەماهەنگی دوو قۆڵی، لەبواری سەربازی و هەواڵگری، ئاسایشی سنور، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پیشەسازی بەرگری، وزە، ئاو، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
