ڤاتیکان سبەینێ پاپایەکی نوێ هەڵدەبژێرێت

2 مانگ لەمەوپێش
سەرجەم ئەو کاردیناڵانەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکەن، گەیشتنە رۆما و سبەینێ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا پاپای نوێ هەڵدەبژێرن.
سبەینێ لە کڵێسای سیستین بە بەشداری 133 کەسایەتی باڵای کاسۆلیکی کە بە کۆلێژی کاردیناڵەکان ناسراوە، شوێنگرەوەی پاپا فرانسیس دیاریدەکەن، کە 21ـی مانگی رابردوو لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
کاردیناڵ ژان پۆڵ ڤێسکۆ، سەرۆکی قەشەکانی جەزائیر رایگەیاند، کەشێكی ئەرێنی لەنێوان کاردیناڵەکان هەیە و دڵنییان لەوەی پاپایەکی باش هەڵدەبژێرن.
کاردیناڵ پیترۆ پارۆلین، کەسایەتی دووەمی ڤاتیکان لە دیارترین کاندیدەکانە بۆ شوێنگرتنەوەی پاپا فرانسیس، هەروەها 10 کەسی دیکە بۆ بوون بە پاپا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا هەڵبژاردن بۆ پاپی نوێ ئەنجام دەدرێت و هەر کاندیدێک بۆ سەرکەوتن پێویست بە دوو لەسەر سێی دەنگی کاردیناڵەکان هەیە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە کاندیدی سەرکەوتوو دەبێت 89 دەنگ مسۆگەر بکات ئەوکات دەبێت بە پاپای کاسۆلیکی کە زیاتر لە 1.4 ملیار پەیڕەوکاری هەیە.
لەحاڵەتی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، پرۆسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک یاخود رەنگە زیاتری پێ بچێت، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی ئاخۆ کاردیناڵەکان لەناو خۆیان چەند رای جیاوازیان هەیە و ناکۆکن لە هەڵبژاردنی پاپی نوێ.
هەر رۆژێک کۆبوونەوە نهێنییەکە دەتوانێت چوار خولی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت و ئەگەر تا خولی 33 هیچ کەس هەڵنەبژێردرا، ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان کۆکردووەتەوە دەستنیشاندەکرێن بۆ ئەوەی بچنە قۆناغی داهاتوو و ئەوکات هەڵبژاردن تەنها لەنێوان ئەو دووانە دەکرێت.
