پنتاگۆن بە ڕێژەی 20% ئەفسەرە باڵاکانی کەمدەکاتەوە
.jpg)
2 ڕۆژ لەمەوپێش
پنتاگۆن دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەفسەرانی باڵای ئەمریکی لە سوپای ئەمریکا بۆ 20%.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی بۆ کەمکردنەوەی سەربازان و فەرمانبەرانی وڵاتەکەی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەفسەرانی ناپێویست و بەهێزکردنی سوپاکەی، فەرمانی داوە ژمارەی ئەفسەرانی پلەبەرزی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە.
سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی یاداشتێکی وەزارەرتی بەرگریی ئەمەریکای بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا پیتی هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا فەرمانی کردووە %20ـی ئەفسەرانی پلە چوار و ئەدمیراڵەکانی هێزەکانی وڵاتەکەی دەر بکات.
بە گوێرەی یاداشتەکە، ئەو فەرمانە %10ـی ئەفسەرانی پلە نزم و %20ـی ئەفسەرانی نەتەوەییش دەگرێتەوە.
لە یاداشتەکە هاتووە، مەبەست لەم بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی ئەفسەرانی ناپێویست و بەتواناکردنی سەرکردایەتیی سوپاکەیانە.
ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی فەرمانبەرانی و ئەفسەرانەی ئەمەریکا دێت.
هاوکات، پیتی هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی ڤیدیۆیی لەو بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی دۆنالد ترەمپ بە دروشمی 'بەدەستهێنانی ئاشتیی لە ڕێگەی بەهێز کردنی سوپاوە' ئەو چاکسازییە لە سوپای ئەمەریکا دەکرێت.
هەروەها گوتیشی: لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، 12 ملیۆن سەربازمان هەبوو کە تەنیا 17ـەیان پلەی جەنەراڵی چوار ئەستێرەییان هەبوو، بەڵام ئێستا دوو ملیۆن و سەد هەزار سەربازمان هەیە کە 44ـیان پلەی جەنەراڵی چوار ئەستێرەییان هەیە.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، زۆری ژمارەی جەنەراڵ مانای ئەوە نییە سەرکەوتنی زۆر بەدەست بهێنین.
پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ژمارەی ئەفسەرە پلە باڵاکانی دیکەی وەکوو فەرماندەکانی هێزی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکان، سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی، ئەدمیراڵی هێزەکانی دەریایی هاوکار لەگەڵ ناتۆ و سێ پارێزەری باڵای سەربازی دوور خستووەتەوە.
