لە یەک شەودا ئەمەریکا 29 هێرشی ئاسمانی کردە سەر یەمەن

2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئەمەریکا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن چڕتر کردووەتەوە و درەنگانی شەوی ڕابردوو 29 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەی حووسییەکان لە پێنج پارێزگای یەمەن کردووە.
هێرشەکانی ئەمەریکا بەندەری ڕەئس عیسا و دوورگەی کەمران لە ئەلسەلیف لە پارێزگای حودەیدە بۆمباران کردووە. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، هێرشەکانی ئەمەریکا پێگە و شوێنی حووسییەکانیان لە باشووری سەنعا بۆمباران کردووە.
ئەمەریکا بە سێ هێرشی ئاسمانی کۆگاکانی چەکی حووسییەکانی لە سەربازگەی ئەلسەواد لە باشووری سەنعا بۆمباران کردووە و تەقینەوەیەکی بەهێزیش پایتەختی هەژاندووە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا شەش هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە ناوچەی بەنی مەتەر لە ڕۆژئاوای سەنعا.
بەگوێرەی میدیاکانی حووسی، لە بۆمبارانکردنەکانی ئەمەریکا لە سەنعا 14 کەس بریندار بوون.
میدیاکان ڕاشیانگەیاند "ئەمەریکا سێ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەی حووسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سەعدە."
دوای هێرشی حەماس بۆ سەر شارۆچکە و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکان دەیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، وەک پاڵپشتییەک بۆ دانیشتوانی غەززە.
