عێراقچی: ئامانجى ترەمپ چەکی ئەتۆمی بێت، ئەگەری ڕێککەوتن هەیە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕێگریکردنە لە هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی، عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی ئێکس ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە،عەباس عێراقچی  ڕایگەیاندووە، "ئەگەر ئامانجەکە وەک ترەمپ وتی، وڵاتەکەمان خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوا گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەگەری هەیە".

وەزیری دەرەوەی ئێران هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد هەوڵی ڕاکێشانی ئیدارەی ئەمریکا دەداتە ناو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا.

عێراقچى جەختی لەوە کردەوە کە "تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەویش دیپلۆماسی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش".

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە "پشتیوانیکردن لە جینۆسایدی نەتانیاهۆ لە غەززە بە ناردنی چەکی کوشندە و بەڕێوەبردنی جەنگی وەکالەت لە یەمەن هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی ئەمریکا بەدەست نەهێناوە". 

وتیشی: جیهان درک بەوە کردووە کە چۆن ناتانیاهۆ ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە کاروباری ئیدارەی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی بەرەو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا ڕابکێشێت.

تائێستا سێ خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عێراقچى و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف نێردراوى ترەمپ لە ١٢ی نیسانەوە ئەنجام دراوە: دوو دانوستان لە مەسقەت و یەک لە ڕۆما.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار