ئیسرائیل هۆکاری هێرشکردنە سەر بەندەری حودەیدەی ئاشکرا کرد

دوێنێ
سوپای ئیسرائیل سەبارەت بەو هێرشانەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، کردییە سەر بەندەری حودەیدە لە دەوروبەری یەمەن بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی کردە سەر حووسییەکانی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن کە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە.
ئاماژە بەوەش کراوە، سوپا، ژێرخانی حووسییەکانی لە ناوچە کەنارەکانی یەمەن بۆمباران کرد.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو هێرشانە لە وەڵامی هێرشە دووبارەکانی حووسییەکانە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل کە بریتی بوون لە هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو خاکی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە.
سوپای ئیسرائیل ئەو بەندەرەی بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ حووسییەکان زانی، بەو پێیەی بەندەرەکە بۆ گواستنەوەی چەکی ئێرانی و کەرەستەی سەربازی و پێداویستی سەربازیی بەکاردێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کارگەی چیمەنتۆی باجیل لە ڕۆژهەڵاتی حودەیدەش بۆمباران کراوە، وەک دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئابووری بۆ حووسییەکان کاری دەکرد، هەروەها بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی بۆ حووسییەکان بەکاردێت.
گوتیشی: حووسیییەکان لە ماوەی ساڵ و نیوێکی ڕابردوودا، بە ڕێنمایی و بودجەی ئێران، بۆ لێدانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی و تێکدانی ناوچەکە و تێکدانی ئازادیی کەشتیوانی جیهانی کاردەکات.
دەشڵێت: ئیسرائیل سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە مامەڵەکردنی زۆرەملێ دژی هەر هەڕەشەیەک، بۆ سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل، لە هەر مەودایەکی پێویستدا.
