ئەکسیۆس: ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان دەستپێدەکات ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت

دوێنێ
ماڵپەرى ئەکسیۆس لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندوە ئیسرائیل سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک دوا وادە بۆ ڕێککەوتنی نوێی ئازادکردنى بارمتەکان و ئاگربەست داناوە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان دەست پێدەکات ئەگەر رێککەوتن نەکرێت.
شەوی یەکشەممە کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی پەسەندکرد کە وردە وردە هەموو غەززە داگیربکاتەوە و بۆ ماوەیەکی نادیار ڕابگیرێت ئەگەر تا ١٥ی ئایار ڕێککەوتنێک نەکرێت.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی وتی بەدیل بۆ مانەوە لە ناوچەی مرۆیی ئەوەیە کە فەلەستینییەکان "خۆبەخشانە" ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن بۆ وڵاتانی دیکە "بەگوێرەی دیدگای ترامپ بۆ غەززە.
بەزەحمەت دەتوانرێت ئەم جۆرە ڕۆشتنانە بە خۆبەخشانە هەژمار بکرێت و تا ئێستا هیچ وڵاتێک ڕازی نەبووە کە فەلەستینییە ئاوارەبووەکان وەربگرێت. بەرپرسانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دانوستان لەگەڵ چەند وڵاتێک لەو بارەیەوە بەردەوامە.
بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، سەردانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات بکات و چوار رۆژ لەو وڵاتانە بمێنێتەوە.
کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن، ترەمپ لە ئێستادا ڕۆڵێکی کارا نابینێت لە هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست و بە شێوەیەکی کاریگەر گڵۆپی سەوزی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە بۆ ئەوەی بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانێت بیکات.
گەڕانەوە بۆ شەڕی تەواو دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل پێشتر هەموو پێداویستییەکانی خۆراک و ئاو و دەرمانی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە بڕیوە دوای ئەوەی ئاگربەستەکە دوو مانگ لەمەوبەر تێکچوو.
زۆرێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک بژاردەیەکی ئەتۆمی دەبینن و زۆر پێیان باشە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتنێک بکرێت.
