لیبراڵەکان لە هەڵبژاردنی کەنەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا

2 مانگ لەمەوپێش
بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتی لیبڕاڵی فەرمانڕەوا، هەڵبژاردنی گشتیی کەنەدای بردەوە.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، توانی بڕوا بە دەنگدەرانی کەنەدی بهێنێت کە ئەو ئەزموونەی لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکاندا هەیەتی، دەتوانێت وای لێ بکات رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ببێتەوە.
پارتی لیبڕاڵ بە بەدەستهێنانی 43٪ یەکەم بووە، واتە کابینەی داهاتووی حکومەتی کەنەدا پێکدێنێت، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی خاوەن 343 کورسی، زۆرینەی بەدەستەوە نابێت، بەڵکو 144 کورسیی دەبێت.
پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆن، 41.7٪ـی بەدەستهێناوە، واتە پیێر پۆلیڤیێر، سەرکردەی پارێزگاران ناتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام پارتەکەی بە 122 کورسییەوە دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران.
جەنگە بازرگانییەکەی ترەمپ و هەڕەشەی لکاندنی کەنەدا و کردنی بە ویلایەتی 51ـەمین، کە رۆژی دووشەممەش لە کاتی دەنگدانەکەدا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جەختی لێکردنەوە، کەنەدییەکانی توڕە کرد و رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکای دراوسێی کردە پرسێکی سەرەکیی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن.
کارنی کە مانگی رابردوو وەک سەرۆکوەزیران شوێنی جەستن تروودۆی گرتەوە، دژایەتیکردنی ترەمپی کردە چەقی هەڵمەتەکەی.
ئەو پێشتر لە کەنەدا و بەریتانیا وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی کاریکردووە. هەر بەوەش توانی متمانەی دەنگدەرانی بەدەستبێنێت لەسەر ئەوەی کە ئەزموونی دارایی، ئەوی ئامادە کردووە لە جەنگی بازرگانیدا سەرکردایەتیی کەنەدا بکات.
کارنی کە پێش ئەوەی لە کەرتی حکومیی کەنەدا دا دەست بە کارکردن بکات، وەبەرهێنەرێکی بانکی بووە، بەڵێنی بە هاووڵاتییەکانی دا کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی کەنەدا لەگەڵ وڵاتانی دیکە فراوان بکات بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە ئەمریکا ببەستن.
سەرۆکوەزیرانەکە لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ بە قسەی راشکاو و تووند، سڵی نەکردووەتەوە.
ئەو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت تێکمانبشكێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە خاوەنمان. ئەوان سەرچاوەکانی ئێمەیان دەوێت، ئەوان ئاوی ئێمەیان دەوێت، ئەوان خاکی ئێمەیان دەوێت، ئەوان وڵاتی ئێمەیان دەوێت. بەڵام نایبەن."
کاتێک ئەنجامی بەرایی راگەیێندران، دەنگی دڵخۆشی لە گۆڕەپانی ئۆتاوا بەرزبووەوە، کە لەوێ لایەنگرانی پارتی لیبڕاڵ بۆ سەیرکردنی ئەنجامەکان کۆببوونەوە.
دۆرۆسی گۆباڵتی تەمەن 72 ساڵ گوتی: "دڵخۆشم چونکە ئێستا کەسێکمان دەبێت بتوانێت قسە لەگەڵ ترەمپ بکات. ترەمپ پیاوی بازرگانییە. کارنیش پیاوی بازرگانییە، پێموایە هەردووکی بەرامبەری یەکن."
گۆباڵت لە بارەی کارنی دەڵێت: "ئەو چیدیکە پارێزگاری بانک نییە، ئەو سەرۆکوەزیرانی کەنەدایە و کەنەداش چیدیکە 51ـەمین ویلایەت نییە. بەڵکو ئێمە ئێمەین. ئێمە کەنەداین."
ستیڤن گیڵبوو، پەرلەمانتاری لیبڕاڵ و ئەندامی کابینەکەی کارنی، ئەنجامەکەی بە ترەمپەوە بەستەوە.
