بەرپرسێکی ئەمریکی: واشنتۆن لە یەمەن حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەدەستدا
.jpg)
2 مانگ لەمەوپێش
بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا، ڕایگەیاند وڵاتەکەى له مانگی ئازارەوه کەهەڵمەتێکى چڕوپڕى ئاسمانی له دژی حوسییەکان دەستپێکردوە، ٧ فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی جۆرى MQ-9 Reaper لەیەمەن لەدەستداوە، هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
ئەو بەرپرسە بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئایا ئەو فڕۆکانە بە تەقەی حوسییەکان خراونەتە خوارەوە یان بە هۆکاری دیکە لەدەستچوون، وتی: لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی جۆری MQ-9مان لەدەستداوە.
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 دەتوانرێت بۆ سیخوڕی بەکاربهێنرێت، کە پێکهاتەیەکی سەرەکی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ دەستنیشانکردن و بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی کە حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەکاریدەهێنن، هەروەها بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان کە هەریەکەیان نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێزەکانی ئەمریکا لە 22ی نیساندا حەوتەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەدەستداوە.
ناوچەکانی حوسییەکان لە یەمەن نزیکەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبنەوە، لەو کاتەوەی واشنتۆن لە ١٥ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی ئەوان ڕاگەیاند بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە زیاتر لە ٨٠٠ ئامانجی لە یەمەن داوە و سەدان چەکداری حوسی لە نێویاندا ئەندامانی سەرکردایەتی گرووپەکەیان کوژراون.
