سەرۆکوەزیرانی کەنەدا: هەرگیز ملکەچی هەڕەشەکانی ترەمپ نابین

دوێنێ



 

مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند،'' کەنەدا ‘هەرگیز’ ملکەچی هەڕەشەکانی ترەمپ نابێت، ئێمە لەم شەڕە بازرگانییەدا سەردەکەوین، نابێت وانەکانی خیانەتی ئەمریکا هەرگیز لەیاد بکەین''.

دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کەنەدا سەرکەوتنی لیبراڵەکان، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە پەیامێکی تووند ئاڕاستەی ئەمریکا دەکات. 
مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی "هەرگیز" ملکەچی ئەمریکا نابێت، کاتێک سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە فیدراڵییەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممەدا ڕاگەیاند.

کارنی وتی: "وەک چەند مانگێکە هۆشداریی دەدەم، ئەمریکا خاکی ئێمە، سەرچاوەکانمان، ئاوەکەمان، وڵاتەکەمانی دەوێت. بەڵام ئەمانە هەڕەشەی بێهودە نین. ترامپ هەوڵدەدات ئێمە بشکێنێت بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت خاوەنی ئێمە بێت." “ئەوە هەرگیز هەرگیز ڕوونادات.”

وتی: "ئێمە لە شۆکی خیانەتی ئەمریکیدا تێپەڕین بەڵام نابێت هەرگیز وانەکان لەبیر بکەین. دەبێت چاودێری خۆمان بین. و لە سەرووی هەمووشیانەوە دەبێت ئاگاداری یەکتر بین."

پارتی لیبڕاڵەکانی کەنەدا لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کەنەدا توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی تازە هەڵبژێردراوی کەنەدا پەیامێک ئاڕاستەی ئەمریکا و سەرۆکەکەی دەکات.

پارتی لیبڕاڵ بە بەدەستهێنانی 43.5٪ یەکەم بووە، واتە کابینەی داهاتووی حکومەتی کەنەدا پێکدێنێت، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی خاوەن 343 کورسی، زۆرینەی بەدەستەوە نابێت، بەڵکو 155 کورسیی دەبێت.
 
پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن، 41.4٪ـی بەدەستهێناوە، واتە پیێر پۆلیڤیێر، سەرکردەی پارێزگاران ناتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام پارتەکەی بە 133 کورسییەوە دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران. 

لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆشکی سپی گرژی و ئاڵۆزیی کەوتە نێوان ئەمریکا و کەنەدا بەتایبەت باجەکانی ترەمپ و شەڕی بازرگانی گرژییەکانی زیادکرد، ترەمپ هەڕەشەی ئەوە دەکات  25% ئەو پێناسە گومرگییەی کە پێشتر بەسەر کەنەدای سەپاندبووی بەرزتری دەکاتەوە، دەنگدەرانی کەنەدا بڕوایان وایە کە کارنی دەتوانێت ڕووبەڕووی ترەمپ ببێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار