قەتەر: ڕێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ زەحمەتە

24 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە هەندێک پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە بەڵام ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە هێشتا بە زەحمەتە.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران هاوکات وەزیری دەرەوەی قەتەریشە، ڕایدەگەیەنێت وتی "ئێمە لە پێنجشەممەدا کەمێک پێشکەوتنمان بینیوە بە بەراورد بە کۆبوونەوەکانی دیکە، بەڵام پێویستە وەڵامێک بدۆزینەوە بۆ پرسیاری کۆتایی: چۆن کۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت. ئەوە خاڵی سەرەکی تەواوی دانوستانەکانە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ئاکسیۆس، ڕۆژی پێنجشەممە هەفتەی ڕابردوو دەیڤید بارنیا، بەڕێوەبەری مۆساد، سەفەری دەوحەی کرد و چاوی بە شێخ محەممەد کەوت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە بەردەوامە.
شێخ محەمەد باسی لەوەکرد حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئامانجی کۆتایی دانوستانەکان ناکۆکن، وتیشى: ئەو گروپە چەکدارە ئامادەیە هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکانی ماوەتەوە بگەڕێنێتەوە ئەگەر ئیسرائیل کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت. بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت حەماس ئەو بارمتە ماوەتەوە ئازاد بکات بەبێ ئەوەی دیدێکی ڕوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە پێشکەش بکات.
لە 19ی تشرینی دووەمی پاردا ئیسرائیل و حەماس ئاگربەستێکیان راگەیاند و بۆ دوو مانگ بەردەوام بوو، بەڵام لە 18ی ئاداری ئەم ساڵدا سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی شکاند و دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە، حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندی مەرجەکانی ئاگربەست نەبووە.
