فەڕەنسا: ئامادەین دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێین
10 مانگ لەمەوپێش
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند؛ بەمەبەستی گەڕاندنەوەی دادپەروەری ڕەنگە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، وڵاتەکەی بە هاوبەشی سعودییە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
دوای لێدوانە بەردەوامەکانی ناتەنیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ لەسەر چۆڵکردنی غەززە، سەرۆکی فەرەنسا بۆ یەکەمجار باس لە دانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەکات و قسەی بۆ یەکێک لە کەناڵی وڵاتەکەی کردوە و جەختی کردوەتەوە؛ واقیعەکە وادەخوازێت هەنگاو بنێین بەرەو دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین و لە چەند مانگی داهاتودا ئەو کارە دەکەین.
سەرۆکی فەرەنسا ڕونیکردوەتەوە؛ کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی دڵخۆشکردنی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نابێت، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەیە پێیان وایە ئەم کارە دادپەروەرانەیە و وەک فەڕەنسا هەوڵ دەدەن بەشێکبن لە پشتگریرکردن لە دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لە داهاتویەکی نزیکدا.
ناوبراو وتوشیەتی؛ ئامانجیان ئەوەیە لە مانگی حوزەیراندا لەگەڵ سعودیە هاوسەرۆکایەتی کۆنفرانسێک بکەن و هەوڵدەدەن لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا هەنگاوی دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین تەواو بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەم هەفتەیەدا ماکرۆن بەشداری لوتکەی سێ قۆڵی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و عەبدوڵڵای دوەم شای ئوردن لە قاهیرە کرد.
لە لوتکەکەدا تیشک خرایە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و پاڵپشتیکردنی پلانی عەرەبی بۆ کەرتی غەززە لەبەرامبەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و کردنەوەی دەروازەکان بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بە هاوکاری بۆ ناو ناوچە گەمارۆدراوەکە.
