سوپای پاسداران: توانا بەرگری و سەربازییەكان هێڵی سورە

15 كاتژمێر لەمەوپێش
سوپای پاسداران دەڵێت، ئاسایشی نەتەوەیی و توانای بەرگری و سەربازییەكانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێڵی سورە، کە لە هیچ بارودۆخێکدا دانوستان و گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت.
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بڵاویكردەوە، عەمید عەلی محەمەد نائینی، وتەبێژی سوپای پاسداران، لە یەکەمین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستی 1" (هێرشی یەكەمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل) ئاماژەی بە رەهەند و ئەنجامە ستراتیژییەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە کردوەو وتويەتی، "بەڵێنی راستی1" گەورەترین ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوو لە جیهان و لە ناوچەکە، کە مەودای فڕینی هەزار و کیلۆمەتری تێپەڕاند.
راشیگەیاندووە، ئەو ئۆپراسیۆنە نمونەی دەستپێشخەری و توانای هێرشكردنی نابەرامبەری کۆماری ئیسلامی بوو لە بە ئامانجگرتنی دوژمنی زایۆنی و، یەکەمین روبەڕوبونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بوو لە نێوان ئێران و قەوارەی زایۆنی.
وتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاسایشی نەتەوەیی و تواناکانی بەرگری و سەربازی لەو پرسە جێگیرانەن كە بە هیچ شێوەیەک دانوستانیان لەسەر نییەو، ئۆپەراسیۆنەکانی "بەڵێنی راستی 1" و "بەڵێنی راستی 2" بەڵگەی زیندون بۆ ئیرادەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی.
قسەكانی وتەبێژی سوپای پاسداران لەكاتێكدایە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی لەتازەترین لێدوانیدا ئاشكرایكردووە، هەر رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پەیوەستە بە دوو مەرجەوە.
ویتکۆف، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" وتی: پرسە بنەڕەتیەكە بە پلەی یەکەم بەندە بە لێكۆڵینەوە لە بەرنامەی پیتاندن و دواتر بەرنامەی چەک، ئەوەش موشەک دەگرێتەوە، لەگەڵ جۆری ئەو موشەکانەی عەمبارییان كردووە.
