ترەمپ: گفتوگۆ باش دەڕوات و دۆخی ئێران زۆر باش دەبێت

دوێنێ
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران "باش دەڕوات" و "دۆخی ئێران زۆر باش دەبێت."
لە کاتی رۆیشتنی بۆ شاری مەیامی بۆ تەماشاکردنی یارییەکی زۆرانبازیی (UFC)، ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەکەی عومان گوتی: "ناتوانم پێتان بڵێم، چونکە هیچ شتێک گرنگ نییە تاوەکو ئەو کاتەی بە ئەنجام دەگات، بۆیە حەزناکەم قسەی لەسەر بکەم، بەڵام باش دەڕوات. دۆخی ئێران زۆر باش دەبێت، من وای دەبینم."
رۆژی شەممە، بەرپرسانی هەردوو وڵات لە عومان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە تاران کردبوو، ئەگەر بە ئاشتی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.
هەردوو وڵات رایانگەیاند، گفتوگۆکەیان "ئەرێنی و بونیاتنەرانە" بووە و رێککەوتوون شەممەی داهاتوو 19ـی نیسان، جارێکی دیکە کۆببنەوە.
ئەوە یەکەمین گەڕی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بوو لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.
کۆشکی سپی رۆژی شەممە رایگەیاند، گفتوگۆکە "زۆر ئەرێنی و بونیاتنەرانە بوو" و هەردوولا رێککەوتوون شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەی "راستەوخۆ" لە مەسقەت، گفتوگۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ویتکۆف بۆ د. عێراقچی دووپاتکردەوە کە لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی، ئەگەر بکرێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی گفتوگۆ و بە دیپلۆماسی چارەسەر بکات. ئەمانە هەندێ پرسی زۆر ئاڵۆزن."
کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە "گفتوگۆی ئەمڕۆی راستەوخۆی ویتکۆف هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بۆ بەدیهێنانی ئەنجامێک کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت."
ئێران: ئەمریکا دەیەوێت بە زووترین کات بگاتە رێککەوتن
پێش راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، ئێران رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت "بە زووترین کات" بگاتە رێککەوتنێکی ئەتۆمی.
عێراقچی بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "لایەنی ئەمریکی گوتی، رێککەوتنی ئەرێنی بە جۆرێک دەبێت کە بە زووترین کات بەدەستبهێندرێت، بەڵام ئەوە ئاسان نابێت و پێویستی بە ئامادەیی هەردوولا دەبێت"؛ گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە دانانی بناخەیەک بۆ دانوستاندن زۆر نزیک بووینەوە. نە ئێمە و نە لایەنەکەی دیکە، دانوستاندنی بێ بەرهەممان ناوێت. نامانەوێت دانوستاندن لە پێناو دانوستاندن بکەین."
بە گوێرەی کۆشکی سپی، سەعید بەدر، وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو. ئێران دەڵێت، وەزیرەکە لە "گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکاندا" وەک نێوەندگیر رۆڵی بینیوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانی پێدادەنێت کە دانوستاندنکارەکان "بۆ ماوەی چەند خولەکێک" رووبەڕوو قسەیان لەگەڵ یەک کردووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، کۆبوونەوەکە "لە کەشێکی بونیاتنەرانە و بە رێزگرتنی هاوبەش بەڕێوەچوو."
