تاران: دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەدەینە دانوستانەکەى سبەینێ

2 مانگ لەمەوپێش
بڕیارە سبەینێ شەممە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە عوممان دەست پێبکات، لە کاتێکدا نادڵنیایی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا راستەوخۆ دەبێت یان ناراستەوخۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دووپاتیکردوەتەوە، کە وڵاتەکەی دەرفەت بە دیپلۆماسییەت دەدات.
ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوەتەوە، وڵاتەکەی "دەرفەتێکی راستەقینە" دەداتە ئەم دانوستانانە و گرنگی بە دیپلۆماسییەت دەدات.
راشیگەیاند، "تاران هیچ شتێکی پێشوەختە ناکات، بەڵکو نییەتی لایەنی بەرانبەر هەڵدەسەنگێنێت و دواتریش وەڵام دەداتەوە.
ئیسماعیل باقائی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێمانوایە ئەمەریکا ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرز نرخێنێت.
پێشتریش، تامی بروس بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەی داهاتوی وەفدەکانی ئەمریکا و ئێران دەتوانێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ تاقیکردنەوەی جددی لەسەر هەڵوێستی تاران.
