ترەمپ: بەمزوانە بڕیارێكی خێرا لە بارەی ئێرانەوە دەدەین

2 ڕۆژ لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبونەوەیەکی لەگەڵ راوێژکارەکانی كردووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران، پێشبینیشی كرد بەمزوانە بڕیارێکی خێرا بدات، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
لێدوانەكەی ئەمڕۆی ترەمپ، دوای دانوستانی واشنتۆن و تاران دێت لە سەڵتەنەی عومان، كە بە ئەرێنی وبونیادنەر وەسف کراو، رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستان لە رۆژی شەممەی داهاتوو.
ترەمپ، لە فرۆكەكەیدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پێشهاتەکانی دۆسیەی ئێرانی لەگەڵ راوێژکارەکانی تاوتوێ کردووەو زۆر بە خێرایی بڕیار لەسەر ئێران دەدەن.
هەر لەو چوارچێوەدا، ماڵپەری "ئەکسیۆس"ی ئەمریكی، لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، رۆژی شەممەی داهاتوو لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، خولی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ستیڤ ویتکۆف، عەباس عراقچی، رۆژی شەممە بۆ ماوەی نزیکەی (٤٥) خولەک قسەیان کردووە.
رۆژی شەممە، بەرپرسانی هەردوو وڵات لە عومان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە تاران کردبوو، ئەگەر بە ئاشتی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.
هەردوو وڵات رایانگەیاند، گفتوگۆکەیان "ئەرێنی و بونیاتنەرانە" بووە و رێککەوتوون شەممەی داهاتوو 19ـی نیسان، جارێکی دیکە کۆببنەوە.
ئەوە یەکەمین گەڕی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بوو لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.
