وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: لەبەرامبەر تیرۆردا، شانبەشانی کورد دەمێنینەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین.
لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم دۆخی سیاسیی سووریا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەشداربوونی کوردان و پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات، گەیشتن بە سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات کرایەوە.
شەوی ڕابردوو، هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
بەپێی ئەوەی قەسەدە ڕوونی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ، ستایشی ڕۆڵی قەسەدە لە تێکۆشان دژی تیرۆردا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو جۆرە پشتگیرییەکان بۆ ئەم هێزە دابین بکرێت تا شەڕی دژی چەتەکانی “داعش” بەردەوام بێت، سەقامگیری و ئەمنی سووریا بە گشتیی بەهێز بکرێت. وەزیری فەرەنسا جەختی لەسەر بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات کردەوە، کە سووریا بگەیەنێتە سەقامگیرییەکی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بونیادنانەوەی وڵات.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی: وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 10 ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن.
ژان نوێل بارۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت.
دوێنێ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا گەڵ هەر یەکە لە بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.
