ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى وەزیری دەرەوەى فەرەنسا و مەسرور بارزانی

6 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەى فەرەنسا و مەسرور بارزانی کۆبوونەوەو پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنساى دووپات کردەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/23 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا .
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕيزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .
