ئەمریکا: ئێران بەردەوامبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم ناگەینە ڕیککەوتن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، لەگەڵ ئێران ناگەنە ڕێککەوتن، ئەگەر ئەو وڵاتە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بیەوێت لەگەڵ واشنتن ڕێکبکەوێت، پێویستە لەسەری دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت، بەپێچەوانەوە هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت.
وەکوو ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی کرد "ئەگەر ئێران ئامانجی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە، دەتوانێت وەکو وڵاتانی دیکە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە دەرەوە هاوردە بکات نەک خۆی بیپیتێنێت."
لەبارەی ئەوەی گفتوگۆکانی ناڕاستەوخۆی نێوان واشتن و تاران گەیشتوونەتە چ ئاستێک، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا "هێشتا لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر دوورن، بەڵام دەخوازن بگەنە ڕێککەوتن."
لە 12ـی نیسانەوە ئێران و ئەمەریکا دووجار بە ناڕاستەوخۆ کۆ بوونەتەوە و دانوستانیان لەسەر چەکی ئەتۆمی کردووە، یەکەمیان لە عوممان و دووەمیشیان لە ڕۆما بووە. وەزارەتی دەرەوەی عوممان ڕایگەیاندووە، سێیەم دانوستان لە 26ـی نیسان لە مەسقەت بەرێوە دەچێت.
