ڤاتیکان: ڕۆژی شەممە پرسەی پاپا بەڕێوەدەچێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ڤاتیکان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، پرسەی پاپا فرانسیس  ڕۆژی شەممە کاتژمێر 10:00 بەیانی بەکاتى ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانی سانت پیتەر لە ڤاتیکان بەڕێوەدەچێت.

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، ڕؤژى دووشەممە، 21-04-2025، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

لە بەیاننامەکەى ڤاتیکاندا هاتووە، دوای پرسەکە تەرمەکەى دەگوازرێتەوە بۆ بازیلیکای سانتا ماریا ماجیۆر لە ڕۆما و پاپا فرانسیس لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.

بڕیارە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان ئامادەی پرسەکە بن. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەرازیل بڕیاری خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرسەکە ڕاگەیاند و نوێنەری کەنیسە و ئایینە مەسیحییەکانی جۆراوجۆریش بەشداری دەکەن.

ئێستا تەرمی پاپا فرانسیس لەناو تابوتێکدایە لە بازیلیکای سانتا مارتا، کە لە ماوەی ١٢ ساڵەی پاپایدا لەوێ نیشتەجێ بووە.                        

پاپا فرانسیسی ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵی لە بەیانیی دووشەممە، 21-04-2025، گیانی لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هەوکردن و کێشەی سییەکانەوە لە نەخۆشخانە خەوێنرا و پێش پێنج هەفتە هاتە دەرەوە.
 
پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. لە 13ـی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا.
 
بەگوێرەی ڤاتیکان، پاپا لە وەسیەتی خۆیدا داوایکردووە لە رۆما لە کەنیسەی (ماریی گەورە) بەبێ "دیکۆر" بنێژرێت. زۆربەی پاپاکانی پێشوو لە کەنیسەی سەینت پیتەر نێژراون.
 
ڤاتیکان رایگەیاند، پاپا هەروەها داوایکردووە ناوی خۆی بە لاتینی لەسەر کێڵەکەی بنووسرێت (Franciscus).
 
پاپا فرانسیس کەمێک پێش گیان لەدەستدانی، لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار