وەزیری دەرەوەی ئێران: دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بە ئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕوات

4 كاتژمێر لەمەوپێش
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەی دوایین پێشهاتەکانی وتووێژی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر دەرئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا.
عراقچی وتیشی، دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکییەکان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕوات.
لەلایەكی ترەوە، مایک والتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئەمڕۆ، سەبارەت بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، لەوە زیاتر لە ئیدارەکانی پێشوودا بینیوتانە.
واڵتز جەختیكرد، هیچ بڕگەیەکی هاوشێوەی بڕگەكانی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییە نابێت کە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، لەگەڵ ئێران ئەنجامی داوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی زۆر ڕوون بووە کە ئێران هەرگیز ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، راشیگەیاند، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن سەبارەت بە ئێران، بەڵام ترەمپ پێی باشترە بگاتە رێککەوتن.
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، سەرۆک ترەمپ دەزانێت چۆن ئامرازەکانی فشار بە شێوەیەکی گونجاو بەکاربهێنێت.
سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران وتی: ئاماژەی ئەرێنیمان به م ئاڕاسته پێدەگات.
