مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبونەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا، لە هەولێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە؛ سەقامگیریی رۆژاڤای كوردستان، پتەوكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ.
ئاژانسەکانى هەواڵى ڕؤژئاوا بڵاویانکردەوە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارۆت لە هەولێر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە، بەرزکردنەوەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سوریاییەکان و ڕۆڵی فەرەنسا لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چارەسەری سیاسی.
ئەم دیدارە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانەیە کە لە لایەن ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجام دراوە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراسی و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی سوریادا.
فەرەنسا پێشتر پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەربڕیبوو، بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانیبوو بەرەو چارەسەری ئاشتیانە کە گەرەنتی یەکڕیزی سوریا و مافی هەموو پێکهاتەکانی بکات بە کوردیشەوە.
