وتەبێژی حوسییەکان: ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە ئیسرائیل ناگرێتەوە

16 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وتەبێژی حوسییەکان لەلێدوانێکیدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و حوسییەکان ئیسرائیل ناگرێتەوەو لەهێرشەکان بۆ سەر ئەوان بەردەوامدەبن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، حوسییەکان تەسلیمبوون و ئەوان هێرشەکانیان لە دەریادا ڕادەگرن، هێرشەکانى سوپاى ئەمریکاش بۆ سەر یەمەن ڕادەگیرێت.

ئێوارەى ئەمرۆ ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت: حوسیەکان نایانەوێت شەڕ بکەن، داوایان لێکردووین هێرشەکان رابگرین ئێمەش ڕێز لەوە دەگرین. ​​ئێمە بۆردومانەکان ڕادەگرین.

محەممەد عەبدولسەلام، سەرۆکی دانوستانکاری حوسییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە: ڕێککەوتنى ئاگربەستى ئەمریکا، ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک و شێوە و فۆرمێک ناگرێتەوە.

سەرۆکی دانوستانکاری حوسییەکان ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان بووە و بە ئامانجگرتنی کەشتییە ئەمریکییەکان ڕادەگیرێت.

لە مانگی یەکەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی لە ناوچەی دەریای سوور نەبووە.

لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزى ئەمریکى،  لەزاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران فشاریكردووە بۆ ڕاگرتنی هێرشی حوسیەکان بۆ سەر کەشتیە ئەمریکیەکان.

رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسانی ئێرانەوە ئەوەشى ئاشکراکردووە، تاران هەژمونی خۆی بەسەر حوسیەکان بەكارهێناوە، وەک بەشێک لە هەوڵەكان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست، هانیداون بۆ ئەوەی واز لە بەئامانجگرتنی کەشتیە ئەمریکیەکان بهێنن.

حوسیەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدەن و کەشتیەکانی دەریای سور دەکەنە ئامانج، ئەوەش وەك نیشاندانی هاودەنگییان لەگەڵ فەلەستینیەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار