شەڕو پێکدادانەکانى نێوان هیندستان و پاکستان فراوانتر دەبێت

16 كاتژمێر لەمەوپێش



 

درەنگانێکى شەوى ڕابردوو سوپای پاکستان ڕایگەیاند، ھیندستان لەڕێگەى هەڵدانى مووشەکەوە سێ پێگەی وڵاتەکەیانی کردووەتە ئامانج؛ پاکستانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێت، وەڵام دەدەنەوە. 

ڕۆژی چوارشەممە هیندستان هێرشی کردە سەر پاکستان و ئەو بەشەی کشمیر کە ئیسلام ئاباد بەڕێوەی دەبات، هاوکات پاکستانیش ڕایگەیاند کە پێنج فڕۆکەی شەڕکەری هیندستانی خستووەتە خوارەوە، ئەمەش گەوەرتین شەڕو پێکدادانە لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

سوپای هیندستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە شەوی 6 لەسەر 7ـی ئایاری 2025، سوپای پاکستان بە شێوەی هەڕەمەکی بۆردوومانی سنووری هیندستانی کرد."

لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشكراوە، "بەهۆی بۆردوومانەکانەوە سێ هاوڵاتیی سڤیلی بێتاوان گیانیان لەدەستدا و ئێمەش بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش دۆخەکەی بە "شەرمەزارکەر" وەسف کرد و دەشڵێت "هیوادارم بە خێرایی کۆتایی پێبێت".

هیندستان ئاماژەی بەوە کردووە، "ژێرخانی تیرۆریستیان لە پاکستان کراونەتە ئامانج." بەڵام خەواجە عاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت،  هیندستان هێرشەکانی لەنێو خاکی خۆی ئەنجامداوە و دەنگۆی هیندستان بۆ بەئامانجگرتنی "تیرۆریستان" راست نییە و ناوچە سڤیل نشینەکانیان بە ئامانج گرتوون.
 
وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکان سێ کەسی سڤیل کوژراون کە یەکێکیان منداڵ بووە.
گوتەبێژێکی سوپای پاکستان دەڵێت، "لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، وەڵامیان دەدەینەوە."
 
گوتەبێژەکە دەشڵێت، "هەموو فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیمان لە ئاسمانن، ئەمە هێرشێکی شەرمەزارکەر و ترسنۆکانە بوو کە لەنێو خاکی هیندستان ئەنجامدرا."

هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٤٧ەوە دوو شەڕیان کردووە لەسەر ناوچەی کشمیر کە زۆرینەی موسڵمانە، کە هەردوولا بانگەشەى تەواویان دەکەن و بەشێکی کۆنترۆڵیان کردووە.
لە دوای ئاگربەست لە ساڵی ٢٠٠٣ کە دوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢١ نوێیان کردەوە، لێدان لە ئامانجەکانی نێوان هەردوو دراوسێ لە ڕادەبەدەر دەگمەن بووە. بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن، مەترسیی پەرەسەندنی ھێرشەکە زیاتر بووە بە بەراورد بە ڕابردووی ئەم دواییە، ئەمەش بەھۆی توندی هێرشەکەی هیندستانەوە.

ئەو هێرشەی هیندستان داوی ئەوە هات، لە 22ـی نیساندا و لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هیندستان لە کشمیر، 26 کەس کوژران و دوای هێرشەکەش، حکومەتی هیندستان پەنجەی تۆمەتی بۆ پاکستان درێژ کرد. 
 
هەرێمی کشمیر لە ساڵی 1947وە بەسەر هیندستان و کشمیردا دابەشکراوە، بەڵام هێشتا کێشەلەسەرە و لەسەدا 55ی لەلایەن هیندستانەوە کۆنترۆڵ کراوە و لەسەدا 30یشی لەلایەن پاکستان و لەسەدا 15ی دیکەش لەلایەن چینەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار