ئەمریکا پەنابەرانى وڵاتەکەى دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا

21 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایان کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئۆکرانیاو چەند وڵاتێکی دیکە کردووە، ئەو کۆچبەرانە وەربگرێت کە لە ئەمریکا دیپۆرت دەکرێنەوە.

ئەم داواکارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ترەمپ دێت بۆ ڕاگرتنی قەیرانی کۆچبەران لە سنووری باشوور و ڕاستکردنەوەی ئەوەی کە بە شکستی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەسفی کردووە، ئەوکەسانە دیپۆرت دەکرێنەوە پێشینەی تاوانکارییان هەیە.

جگە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین بۆ وەرگرتنی دیپۆرتکراوی غەیرە هاوڵاتی، ئیدارەی ئەمریکا هەوڵی داوە ڕێکەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەنجام بدات.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە سەرەتای ئەمساڵ داوایان لێکرا ژمارەیەکی دیارینەکراوی دیپۆرتکراوی ئەمریکا وەربگرێت.

ئەو بەڵگەنامانەی ڕۆژنامەکە پێداچوونەوەی بۆ کردوون، نیشانیان نەداوە کە بەرپرسانی حکومەتی ئۆکرانیا چۆن وەڵامی ئەو پێشنیازەیان داوەتەوە، کە لە کۆتایی مانگی یەکدا لەلایەن دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکاوە گەیاندراوە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەلایەن دیپلۆماتکارێکی ئۆکرانیەوە ئاگادارکراوەتەوە کە وەڵامی فەرمی نایەتەوە تا هەڵوێستێک لەسەر ئەو پرسە نەگیرێتەبەر. 

دوو بەرپرسی ئۆکراینی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەو پرسە نەگەیشتووەتە ئاستە بەرزەکانی حکومەتەکەیان. یەکێک لە بەرپرسەکان ڕایگەیاند کە ئاگاداری هیچ "داواکارییەکی سیاسی" نییە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئۆکرانیا هەبێت بۆ ئەوەی دیپۆرتکراوان قبوڵ بکات.

بەپێچەوانەی زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا پەیوەندی پێوەکردوون، ئۆکرانیا لەو کاتەوەی ڕووسیا هێرشێکی بێ وێنەى لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ دەستپێکرد، لە دۆخێکی شەڕدا بووە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆکرانیا هیچ هاووڵاتییەکی وڵاتی سێیەمی لە ئەمریکاوە وەرنەگرتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار