یەکێتیی ئەوروپا: دۆخی مرۆیی غەززە مەترسیدارە

15 كاتژمێر لەمەوپێش
کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، نابێت دۆخی کەرتی غەزە بەمشێوەی ئێستا بەردەوامبێت و پێویستە هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەرتەکە بکرێت.
کالاس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گیدۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، دۆخی مرۆیی غەزە مەترسیدارە و نابێت بەهیچ شێوەیەک رێگری لە چوونی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتەکە بکرێت، پێویستیشە دەستبەجێ ناردنی هاوکاریییەکان دەستپێبکاتەوە.
لە وەڵامدا، گیدۆن سار بزووتنەوەی حەماسی بەهۆکاری راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان تۆمەتبارکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس هاوکارییە مرۆییەکان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.
پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەنراوێکدا گوتبووی، ئیسرائیل هاوکارییە مرۆییەکانی کردووەتە چەکی جەنگ و لە جیاتی ئاو و مادە خۆراکییەکان، بۆمب بەسەر دانیشتووانی غەزەدا دەبارێنێت.
