خراپترین سیناریۆ بۆ شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان بزانە
.png)
24 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ چوارشەممە پەرەسەندنی توندوتیژی نێوان هیندستان و پاکستان بەردەوام بوو، هەردوولا لە تۆپبارانەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوانیان بەردەوام بوون زیانی گیانییان بە یەک گەیاند.
بەشێکى زۆر لە وڵاتانى جیهان، هۆشدارییاندا بەوەى ئەم گرژى و پەرەسەندنانە ئەگەر بەردەوام بێت مەترسیی گەورە دروست دەکات، بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى هەردوو وڵات خاوەن چەکى ئەتۆمین.
لێکۆڵینەوەیەکی پێشووتر، کە زانکۆی (Rutgers) لە ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕی ئەتۆمی نێوان هیندستان و پاکستان لەماوەی چەند خولەکێکدا 100 ملیۆن کەس دەکوژێت.
زانکۆکە لە لێکۆڵینەوەکەى جەختیکردووەتەوە، کە جگە لە گیانلەدەستدانى ئەو سەرچاوە گەورە مرۆییە، لەناوچوونی بەرفراوان و گەورە لە ژێرخانی ئابووری هەردوو وڵات روودەدات، ئەمە جگە لە سەرهەڵدانی ئاگرێکى گەورەى شەڕ لە ناوچەکەدا، ئەوەش دەبێت مەترسى گەورە بۆ سەر جیهان و گرانى روودەدات.
لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایکردووە، هیندستان خاوەنی نزیکەی 160 کڵاوەى ئەتۆمی و توانایەکى گەورەى مووشەکییە، لەوانەش مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا، لە کاتێکدا پاکستان خاوەنی نزیکەی 165 کڵاوەى ئەتۆمییە، ئەمەش واتە هەر هێرشێک لە لایەکیانەوە، وەڵامدانەوە و شەڕى ئەتۆمی دەستبەجێ بە دواوە بێت.
بە گوتەى شرۆڤەکاران مەترسیدارترین لایەن، ئەوەیە، هیچکام لە وڵاتان سیستەمی بەرگریی پێشکەوتووی مووشەکییان دڵنیاکەرەوەیان نییە و هەر ئاڵوگۆڕێکی هێرشی ئەتۆمی دەتوانێت کارەسات دروست بکات.
شرۆڤەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرژییەی ئێستا لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەڵێت، ئەو گرژییانە تەنها پێویستی بە جوڵەیەکى هەڵە، یان پەرەسەندنێکی نەخوازراو هەیە بۆ ئەوەی ململانێی نێوان هەردوو دراوسێکە بگۆڕێت بۆ خراپترین کارەسات لە مێژووى مرۆڤایەتی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
پاکستان و هیندستان لە 22ـی نیسانەوە لە لێواری شەڕدان، ئەمەش دوای هێرشێک، کە لە شاری پەهالگام لەکشمیر ئەنجامدراو 26 کەس کوژران.
هێرشەکە لەلایەن چەند گرووپێکى چەکدارییەوە ئەنجامدرا، هیندستان پاکستانى تۆمەتبارکرد بە پشتگیرى ئەو گرووپانە، بەڵام ئیسلام ئاباد رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکى بە هێرشەکە و گرووپەکانەوە هەبێت.
لەو کاتەوە رۆژ بە رۆژ گرژییەکانى نێوانیان زیادى کردووە و لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ هیندستان هێرشى کردە سەر چەند ناوچەیەکى پاکستان و ئەویش وەڵامى دایەوە، بەو هۆیەوە نزیکەى سەد کەس بوونە قوربانى، کە زۆرینەیان مەدەنى بوون.
ئەم گرژییانە دەنگى ناڕەزایی و نیگەرانى لە سەرانسەری جیهان لەسەر ئاستى باڵا دروست کرد و بەرپرسانى ئەو وڵاتانە داوایان کرد هەردوو وڵات دان بەخۆیاندا بگرن و گرژییەکان کەمبکەنەە.
چین وەک یەکەم وڵاتى زلهێز “نیگەرانی” خۆی لە دووبارە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی و روسیا داوای لە هیندستان و پاکستان کرد “دان بەخۆیاندا بگرن، بۆ ئەوەی گرژییەکان زیاتر نەبن”، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هیوادارە “گرژییەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیپلۆماسی چارەسەر بکەن”.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواست، شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان “زۆر بە خێرایی بوەستێت”. هەروەها مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا هیندی و پاکستانییەکانی قسەی کرد و داوای کرد گفتوگۆ بکرێت بۆ “کەمکردنەوەی” دۆخی سەربازیی و هێورکردنەوەى گرژییەکان.
هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جیهان بەرگەی یووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان هیندستان و پاکستان ناگرێت و داوای لە “هەردوو وڵات کرد خۆیان لە پێکدادانى سەربازى بەدووربگرن”.
