زێلێنسکی: ڕۆژی پێنجشەممە لە تورکیا چاوم بە پوتین دەکەوێت

3 مانگ لەمەوپێش



 

ڤلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند: وڵاتەكەی چاوەڕێی ئاگربەستی تەواوەتی دەکات لە سبەینێوە، بۆ دەستپێکردنی رێکارە دیپلۆماسییەکان، وتيشى: درێژەكێشانی جەنگ هیچ سودێکی نییە.

زیلینسکی جەختیشكرد لەوەی، رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا چاوی بە ڤلادیمێر پۆتین، هاوتا روسیەكەی دەکەوێت.

لێدوانەكەی زیلینسكی لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند: ئۆکرانیا دەبێت دەستبەجێ داواكەی پوتین قبوڵ بکات بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا کۆببێتەوە بۆ دانوستان.

سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کرد، رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا بکرێت، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە داواکاریی سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، کە داوایان کرد، لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرج دەستپێبکات. 
 
رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن." 
 
سەرکردەکانی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و پۆڵاند رۆژی یەکشەممە بە شەمەندەفەر گەیشتنە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێیان بەسەر مۆسکۆ دا کرد، ئەگەر رووسیا بەو پێشنیازە نوێیەیان رازی نەبێت. 
 
لە هەفتەکانی سەرەتای ئەم جەنگە، کە لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، رووسیا و ئۆکراینا، راستەوخۆ لە تورکیا گفتوگۆیان کرد، بەڵام گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبوو، جەنگیش تاوەکو ئێستا بەردەوامە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار