ئیسرائیل: پشتیوانی لەپلانی ترەمپ دەکەین بۆ دابەشکردنى هاوکارییەکان لەغەززە

18 كاتژمێر لەمەوپێش
گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی تەواو لە پلانی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی غەززە، کە ئیسرائیل بەشێک نابێت لێی.
ساعر لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، یۆهان وادێفول، وتی: ئیسرائیل بە تەواوی پشتگیری لە پلانەکەی ئیدارەی ترەمپ دەکات، ڕۆژى هەینی لەلایەن مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل پێشکەشکرا.
ترەمپ لەم دواییانەدا بەڵێنێکی ئەمریکای نوێکردەوە بۆ یارمەتیدانی گەیاندنی هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە. هەروەها نوێنەری واشنتۆن لە ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە میکانیزمێک کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ غەززە بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لایەکى دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی "رێوشوێنی تاکلایەنە" دەگرێتەبەر لە بەرامبەر هەر دانپێدانانێک بە دەوڵەتێکی فەلەستین، ئەمەش دوای لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی ڕابردوودا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کارە.
ساعر وتی: هەر هەوڵێک بۆ دانپێدانانی تاکلایەنە تەنها زیان بە ئاسۆی داهاتووی پرۆسەیەکی دوولایەنە دەگەیەنێت و پاڵمان پێدەنێت بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هەنگاوی تاکلایەنە بگرینەبەر.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکی لە غەززە بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت، پێیوابوو چارەسەری سیاسی دەبێت هەنگاوى یەکەم بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەڵمانیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی "ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر بکات"، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە وڵاتەکەی "ناتوانێت ڕەخنە لە ڕێبازی حکومەتی ئیسرائیل بگرێت".
