هاوڵاتی بهرپرسێكی بزووتنهوهی حهماسی فهڵهستینی رایگهیاند، پێشنیازێكی نوێیان ههیه بۆ راگهیاندنی ئاگربهست له غهززه پێشكهش به نێوهندگیرهكانی قهتهر و میسر كردووه، دهشڵێت، پێشنیازهكه بۆ ماوهی شهش ههفتهیه ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێن، 25% دانیشتووانی غەززە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە ئهمڕۆ ههینی 15ی ئاداری 2024، بهرپرسێكی باڵای بزووتنهوهی حهماسی فهڵهستینی كه نهیویستووه ناوی ئاشكرا بكرێت به میدیاكانی راگهیاندووه، بزووتنهوهكهیان پێشنیازێكی نوێی پێشكهش كردووه بۆ راگهیاندنی ئاگربهست له غهززه وروونیشكردووهتهوه، ئاگربهستهكه بۆ ماوهی شهش ههفته دهبێت هاوكات لهگهڵ ئازادکردنی 42 بارمتەی ئیسرائیلی کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و نەخۆش لەخۆدەگرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی دەستگیرکراوانی فەڵەستینی. باسی لهوهش كردووه، ئهمه قۆناغی یهكهمه و قۆناغی دووهمیش بریتییه له کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ژمارەیەکی زیندانیانی فەڵەستینی كه ههردوولا به ناوبژیوانی دهرهكی لهسهری رێكبكهون. هاوکات تەندروستی غەززەش، رایگەیاندوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو 149 کەس کوژراون، بەم شێوەیەش ژمارەی کوژراوان لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە گەیشتە 31 هەزار و 490 کەس، 73 هەزار و 439 کەسی دیکەش بریندارن. 160 رۆژە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی درێژە کێشانی شەڕو نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی مەدەنی ئەو کەرتە هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی دەدەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی. خەڵکی غەززە بەدەست کەمئاوی و کەمخۆراکی دەناڵێنن، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە، لەکۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەلایەنی کەم 576 هەزار کەس واتا 25% دانیشتووانی ئەو کەرتە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی ١٥ی ئازاری ٢٠٢٤ بەلەمێکی کۆچبەران لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای چاناککالە لە دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت ژمارەیەک کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. لە سەرەتای رووداوەکە ئیلهامی ئاکتاش، پارێزگاری چاناککالە بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندبوو، هەشت کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و چوار کۆچبەری دیکەش رزگارکراون، لەوانەی گیانیان لەدەستدابوو دوو منداڵی تێدابوو. گەڕان بەدوای ئەو کۆچبەرانە بەردەوام بوو کە بێسەروشوێن بوون، لە ئەنجامی ئەو گەڕانە وەک پارێزگاری چاناککالە ئاماژەی پێداوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٠ کۆچبەر بەرزبووەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانی تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بەردەوامە و ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمە بەرزتربێتەوە.
هاوڵاتی رۆژنامەی "فاین ناشنال تایمز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکی ئاگادار بڵاویکردەوە، ئەمەریکا و ئێران لەماوەی دە مانگی رابردوودا بە نهێنی لەبارەی راگرتنی هێرشی حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دانووستانیان کردووە. هەروەها رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردەوە ئەمەریکا هەوڵی رازی کردنی ئێران دەدات تا بە مەبەستی راگرتنی هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور فشار بخاتە سەر حوسییەکان و هەروەها هەر لەو دانیشتنانەدا باسی دۆسییەی ئەتۆمی ئێرانیش کراوە . جێی ئاماژەیە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی حوسییەکانی یەمەن و باڵەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکانی عیراق و سوریا و یەمەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانی دەریای سوور زیادی کردووە.
هاوڵاتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی یەکی روسیا، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا رایگەیاند ، سێکۆچکەی ئەتۆمی روسیا لە چاو سێکۆچکەی وڵاتانی دیکە زۆر پێشکەوتووترە. هەروەها ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، " لە راستیدا تەنها ئێمە و ئەمریکییەکان خاوەنی ئەم سێکۆچکە ئەتۆمییەین و لەم رووەوە ئێمە زۆر لە ئەوان پێشکەوتووترین و خاوەنی سیستمێکی ئەتۆمی تازەین، بە شێوەیەکی گشتی لە لایەنەکانی کڵاوە ئەتۆمییەکان و ئامێرەکانی گواستنەوەی ئەو کڵاوانە تا رادەیەک هاوتەریبین، بەڵام سیستمە ئەتۆمییەکەی ئێمە لە چاو ئەمریکییەکاندا زۆر تازەترە". باسی لەوەشکرد : " ئێمە دەزانین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەبەردەوامی هەوڵی پێشخستنی سێکۆچکە ئەتۆمییەکانیان دەدەن و ئێمەش هەمان کار دەکەین". جێی ئاماژەیە مەبەست لە سێکۆچکەی ئەتۆمی ، ئەو چەکە ئەتۆمییە بالیستییانەن کە لە رێگەی فرۆکەی بۆمهاوێژی ستراتیژی و مووشەکی کیشوەربر و ژێردەریاییەکانەوە دەهاویژرێن.
هاوڵاتی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئازار، زیاتر لە ٥٠ مووشەکیان بەرەو باکووری ئیسرائیل هاویشتووە و ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج". سوپای ئیسرائیل ئاماژرەی بەوەشکردووە "٣٥ مووشەکی حزبوڵڵای پێش گەیشتن بە خاکی ئیسرائیل تەقاندووەتەوە". بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری فەرمی فەرەنسا، بەرەبەیانی یەکشەممە حزبوڵڵای لوبنان بە مووشەک هێرشی کردووەتەسەر باکووری ئیسرائیل و زیاتر ناوچەی مروون لە باکووری ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج کە سوپای ئەو وڵاتە بنکەیەکی سەربازی گەورەی کۆنتڕۆڵی لەم ناوچەیە هەیە. میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند "ژمارەیەک مووشەک لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و نزیک شاری سەفاد کەوتوونەتە زەوی". رۆژی شەممە ٩ی ئازار، ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوە بە جووڵە سەربازییەکانی پێشتری حزبوڵڵا، ظەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنانی کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ٥ کەس کوژران ، ٣ کەسیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان و ٢ کەسیان مەدەنی بوون کە یەکیان ژن بووە. لە راگەیاندنی سوپای ئیسرائیلدا دەربارەی هێرشەکانی رۆژی شەممە ئاماژە بەوە دراوە، ژێرخانە سەربازییەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەی "خربە سلم" کراونەتە ئامانج. بە پێی زانیارییەکانی میدیای فەرمی فەرەنسا، لە سەرەتای هێرشەکانی حزبوڵڵاوە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل تا ئێستە ١٠ کەسی سەربازی و مەدەنی ئیسرائیلی کوژراون و لەبەرامبەردا لانیەکم ٣١٢ هاوڵاتی لوبنانی کوژراون کە زۆریبەی زۆریان ئەندامی حزبوڵڵان و لە هەر ٦ کوژراوی لوبنانی ٥ کەسیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانن. حزبوڵڵای لوبنان رۆژی ٨ی تشرینی یەکەم و رۆژێک دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە جەنگی غەزەی لێکەوتەوە، بەمەبەستی یارمەتیدانی حەماس هێرشەکانی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەست پێکرد، بەڵام تا ئێستە نە حزبوڵڵا و نە ئیسرائیل خوازیاری ئەوە نین جەنگێکی تەواو بە مانای جەنگ لە نێوانیاندا دەست پێ بکات. بەهۆی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیلەوە دەیان هەزار هاوڵاتی ئیسرائیلی ئاوارە بوون. حەماس و حزبوڵڵای لوبنان لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن و ئێران وەک بەرەی بەرگری ناویان دەبات.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت ئەمڕۆ شەممە لەزاری بەرپرسێکی فەڕەنساوە ئاشکرایدەکات کە سەرۆکی فەڕەنسا هەڕەشەی ناردنی هێزبۆ ئۆکرانیا دەکات . رۆژنامەى لۆ ئیندیپێندێنت لە راپۆرتێکدا ئاشکرای كردووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانى پەرلەمانى وڵاتەکەى و بەرپرسانى چەند حیزبێک، باسى لە ئەگەرى ناردنى هێزەکانى فەڕەنساى بۆ ئۆکرانیا کردووە. ئەو ڕۆژنامەیە لەزاری فابیان رۆسێل، نوێنەری حیزبی شیوعی فەڕەنسا رایگەیاندووە، سەرۆکى فەڕەنسا هەڵبژاردەکانی بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئۆکرانیا تاوتوێدەکات و لە ئەگەری چوونە ناوەوەی هێزەکانی ڕوسیا بۆ ناو کیێڤ یاخود ئۆدێسا ئۆکرانیا هێزى سەربازیى دەنێرنە ئەو وڵآتە. لە ئێستادا پرسى ناردنى هێزى سەربازیى وڵاتانى رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بەردەوام باسدەکرێت و بەشێکە لە گفتوگۆکانی ناتۆو وڵآتانی ڕۆژئاوا و رۆژى 26ى شوباتى 2024، لە کۆنفرانسێکدا لە پاریس باس لە ئەگەری ناردنى هێزی سەربازیى رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا کرا، دواتریش ئیمانوێل ماکرۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لە ئێستادا هیچ کۆدەنگییەک نییە لەسەر ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا بەڵام لە داهاتوودا هیچ ئەگەرێک رەتناکەنەوە". لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا دەستپێکرد، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو جەنگە 22 مانگییەدا، زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانی کوژراون. بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکرانی و لە بەرامبەریشدا، لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.
کامەران ئەحمەد سلێمان نیکۆلای پاتروشێڤ بەبۆچوونە رادیکاڵەکانی ناسراوە، بەتایبەتی پشتگیریکردنی لەهەڵوەشاندنەوەی ئۆکرانیا، گومانی ئەوەی لێدەکرێت فەرمان و داڕێژەری تیرۆرکردنی یەڤگینی پریگۆژین بێت. ساڵانێکی زۆرە راوێژکاری پوتین و یەکێکە لەکارمەندە دڵسۆزەکانی. لەسێبەری کرێملیندا کاردەکات، بەپشوو درێژییەوە چاوەڕوانی کاتەکانی دەکات، لەئێستا لەڕۆڵی خۆی زۆر رازییە «ئەو پیاوەی بەگوێی پوتیندا چرپە دەکات». لەئێستادا نیکۆلای پاتروشێڤ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیایە، رۆڵێک کاریگەرییەکی بەرچاوی پێدەبەخشێت لەکرێملین. پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتین دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارییەکانیان لەساڵی ١٩٩٨ لەناو حکومەتی بۆریس یێڵسین سەرۆکی ئەوکاتی روسیا. پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بوو کاتێک پوتین لەساڵی ٢٠٠٠ بوو بەسەرۆک و پاتروشێڤ وەک جێگری بەڕێوەبەری FSB کەدەزگای هەواڵگری رووسیا دەستنیشانکرا. هەردوو پیاوەکە رابردوویەکی هاوبەشیان هەیە وەک سیخوڕی کەی جی بی، هەرچەندە کەسایەتییان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. پاتروشێڤ بەدڵخۆش و سۆزدار وەسف دەکرێت، بەپێچەوانەی پوتین کەدوورەپەرێزە. تەنانەت هەندێک بە “شەیتانی سەر شانی پوتین” ناوی دەبەن. بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی و جیهانبینی پیلانگێڕییەکەی بووە هۆی ئەوەی پاتروشێڤ نازناوی « بازەکەی کرێملین»ی پێبدرێت. بەپێچەوانەی هەندێک لەئەندامانی نوخبەی رووسیا، پاتروشێڤ لەبنەماڵەیەکی سیاسی و گروپی دەسەڵاتدارەوە نەهاتووە. باوکی ئەفسەرێکی دەریایی و ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بەزیرەکی و رێزگرتن لەژێردەستەکانی ناسراوە. پاتروشێڤ رەخنەگرێکی ماندوونەناس و توندی رۆژئاواوو ئەمریکایەو هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی پاراستنی باڵادەستی جیهانی دەدەن. ئەو ململانێیەی ئۆکرانیا بەدەربڕینی ئەم ستراتیژە دەبینێت و دەڵێت سەرکردەکانی ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی رووسیا دەدەن. هەروەها ناتۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەساڵی ٢٠٢٢ەوە هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا پشتگیری لەشەڕی بەوەکالەت لەدژی رووسیا کردووە. سەبارەت بەئۆکرانیا، پاتروشێڤ پاساو بۆ شەڕی رووسیا دەهێنێتەوە کەحکومەتی ئۆکرانیا بە “جنتا فاشیست” ناودەبات و تۆمەتباری دەکات بەبەکارهێنانی “تاوانبارانی نیونازی” بۆ ئۆپەراسیۆنی ناسەقامگیری. بانگەشە بۆ دابەشبوونی ئۆکرانیا دەکات بۆ چەند دەوڵەتێک. زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە پاتروشێڤ دەستی لە کوشتنی یەڤگینی پریگۆژیندا هەبێت و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە دەستکەوتووە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت ئەو رووداوەکەی رێکخستبێت کە بووەهۆی کوژرانی سەرۆکی گروپی ڤاگنەر. کرێملین خۆی رەتیدەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکە، هەروەها پشتگیری لەتیۆری داهێنراوی رووداوێک دەکات کە بەهۆی نارنجۆکێکەوە لەناو فڕۆکەکەدا روویداوە. سەرچاوە: (تاکتیک) لەگەڵ دەزگاکانی ڕۆژنامەوانی Aaron Hostutler, U.S
هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری بەرنامەی "60 خولەک" ی کەناڵی راسیای یەکی دەوڵەتی و هەروەها بەرنامەی "کات وەڵام دەداتەوە" ی کەناڵی یەکی تەلەفزیۆنی روسیا، لە دوو بەرنامەی جیاوازدا جەند تەوەرێکیان لەبارەی ناتۆ و زیاد بوونی چالاکییە سەربازییەکانی لە ئەوروپا خستە بەر باس و گفتۆگۆ. "ئۆلیسیا لوسوا"ی یەکێک لە پێشکەشکارەکانی بەرنامەی "کات وەڵام دەداتەوە" لە سەرەتای بەرنامەکەدا هۆشداریدا کە "وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە شێوەیەکی بەرچاو خۆیان بۆ جەنگ لەگەڵ روسیا ئامادە دەکەن". هەروەها ئەم پێشکەشکارە ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەکانی پێشوودا وڵاتی ئەلبانیا بە مەبەستی پێشوازی کردن لە فرۆکە جەنگییەکانی ناتۆ یەکێک لە بنکە هەواییەکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤێتی نۆژەن کردۆتەوە و هەرەوەها ئەوەشی خستە روو کە ناتۆ لە وڵآتانی نەرویج و سوید و فیلانددا لە ژێر ناوی "کاردانەوەی باکوور" دەستی کردووە بە مانۆرێکی سەربازی. هەروەها پێشکەشکارەکانی هەردوو بەرنامەی "60خولەک" و "کات وەڵام دەداتەوە، باسیان لە وتارێکی وەزارەتی بەرگری روسیا کردووە کە لە گۆڤاری "هزری سەربازی" بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لە چەند سیناریۆیەکی جیاوازی پەیوەست بە ئەگەری هێرشی رۆژئاوا بۆ سەر روسیا کراوە. لەلایەن خۆیەوە "ئۆلیگا ئسکابیوا"ی پێشکەشکاری بەرنامەی "60 خۆلەک"، وتی: " دوژمن پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵآتەکەمان، ئەوا چەند چالاکییەک ئەنجام دەدات و بە چری دەست دەکات بە چاودێری کردنی ناوچە سنوورییەکانمان". هەروەها ناوبراو ئەوەشی خستە روو ،" بە رێکەوت بێت یان نا ، تەنها یەک رۆژ بەر لە پێشکەشکردنی ئەم بەرنامەیە چەند زانیارییەکمان دەست کەوتووە کە فرۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە جۆری ئێف 35 لە ئاسمانی ئۆکرانیاوە ، بە فروانی و بە وردی خەریکی دەستنیشان کردنی بنکە دژە ئاسمانییەکانی روسیان ". لە وەڵامی پرسیارێکی بێشکەشکارەکەی بەرنامەی "60چرکە" دا " کە ئاخۆ لە وڵآتانی ئەسکەندافییەوە هیچ هەرەشەیەکمان لەسەرە؟" ڤلادیسلاو شوریگین"ی پسپۆری سەربازی وتی:" بێگومان ئەم هەرەشەیە زۆر جدییە، گەر لە رابردوودا بە درێژایی سنوورەکانی باکوور جگە لە نەرویج هیچ سنوورێکمان لەگەڵ ناتۆدا نەبووبێت ، ئەوا ئەمرۆ گشت سنوورەکانی باکووری روسیا بۆتە هاوسنووری ناتۆ". هەروەها ناوبراو لەبارەی ئەگەری کاردانەوەکانی روسیا وتی : " لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی دوبارە بنیات نانەوەی "ناوچەی سەربازی لینینگرادین" و کەشتیگەلی باکووریش وەک یەکەیەکی سەربەخۆی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیر کراوە ، پێدەچێت کە گشت ئەمانە بەشێک بن لە سیستمی یەکگرتووی سەربازی روسیا ، جگە لەوەش روسیا خەریکی بنیاتنانی ناوەندێکی راهێنانی هێزە تایبەتەکانی باکوورە لە ناوچەی "نیژنوارتوفسک" . ئەم شارەزا سەربازییە ئەوەشی وت:"ئەمە جەنگێکە بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرزەمینەکانی باکوور، جەنگیکە بۆ باکوور و ئێمەش دەبێت بزانین کە بەڵێ لە ئێستادا جەمسەری باکوور بۆتە ناوچەیەکی زۆر هەستیار بۆ ئێمە ،ئێمە دەزانین کە لە داهاتوودا جەمسەری باکوور وەک ناوچەیەکی ستراتیژی رۆڵێکی زۆر کارا و گرنگی دەبێت ". لێکەوتەکانی ئاشکرابوونی فایلە دەنگییەکانی ئەڵمانیا لە هەردوو بارنامەکەدا باس لە لێکەوتەکانی ئاشکرابەننی فایلە دەنگییەکانی بەرپرسانی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا کرا کە باسییان لە ناردن و جێگیرکردنی مووشەکی مەودا درێژ کردبوو لە ئۆکرانیا . "سکابیوا" لە بەرنامەی 60 خۆلەکدا ئەوەی خستە روو کە لە ئێستادا "جۆن کربی" وتەبیژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا خۆی لە باسی ئەو فایلە دەدزێتەوە ،چونکە دەزانێت گەر بێتوو ناوەرۆکی فایلەکان پستراست بکاتەوە ئەوا لە بەرژەوەندی کرملین دەبێت و ئاشکرا دەبێت کە روسیا نە تەنها لەگەڵ ئۆکرانیا بەڵکو لەگەڵ هەموو هێزەکانی ناتۆ لە جەنگدایە. ئەم پێشکەشکارە ئەوەشی ووت :" دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەوان بێدەنگییان هەلبژاردووە ، وەک بڵەیت ئێمە تێناگەین ، رەنگە ئێمەیان بە گێل زانی بێت". هەر لە گفتۆگانی هەردوو بەرنامە رووسیەکە باس لە چۆنییەتی ئاشکرابوونی ئەو فایلە دەنگییانەش کرا و "سپیردون کیلینکاروف" ی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئۆکرانیا بە بێ خستنە رووی هیچ بەڵگەیەک رایگەیاند کە ئەم فایلانە لەلایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە دزەی کردووە. "کیلینکاروف" ئەوەشی خستە روو کە 12 ساڵ لەمەوبەر سیاسییە ئەوروپی و روسەکان پێکەوە باسیان لە ئەوروپایەکی یەکگرتوو دەکرد کە لە "لیشبۆن"ەوە تا "ڤلادیوستوک" درێژ دەبووەوە. ناوبراو ئەوەشی وت کە ، بە دیهێنانی ئەو سنوورە ئەوروپییە لە بەرژەوەندی هەموو وڵآتانی ئەوروپی و دانیشتوانەکەی دەبوو ، بەڵام لەبەر ئەوەی دروست کردنی ئەو سنوورە بەرفراوانە وەک پەتێکی سێدارە دەبوو بە گەردەنی ئەمریکاوە ، هەرلەبەر ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان یان باشترە بڵێم هۆکارە سەرەکییەکەی گشت ئەم روداو و پیشهاتانەی کە لەناوچەکەدا دەیبینین ، دەگەرێتەوە بۆ ترسی ئەمریکا لە دروست کردنی ئەو ئەوروپا یەکگرتووە . هەرەوەها ناوبراو ئەوەشی وت:" بەڕاست چ کەسێک دەیەوێت دۆخەکە بەم جۆرە بێت؟ من تەواو باوەرم بەوە هەیە بە مەبەستی دوورخستنەوەی زیاتری مۆسکۆ و بەرلین لە یەک ، ئەم زانیاری و فایلە دەنگییانە لە لایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە دزەیان پێکراوە وئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو دوو وڵآتەیە". ئەوەشی وت :" ئەو دوو وڵاتە هەموو کارێک دەکەن تا لە کۆتاییدا مۆسکۆ و بەرلین راستەوخۆ رووبەرووی یەکتر ببنەوە ، تەنانەت وێنا کردنی ئەوەی کە چەند سیخۆرێکی دولایەنە لە ناو سیستمی بریاردان و بەرێوەبردنی ئەوروپا جێگەی خۆیان کردۆتەوە و لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و بەریتانیا کار دەکەن لەرز بە هەموو گیانمدا دێنێت ". دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024 دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەو جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە.
هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا "سینتکوم" ، دوێنێ چوارشەممە لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لەسەر پێگەی "ئێکس"رایگەیاند ، لە ئەنجامی هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن 3 کەس کوژراون و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە راگەیەندراوکەی "سینتکوم"دا هاتووە ،" رۆژی چوارشەممە بە مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان هێرش کراوەتە سەر کەشتی "لیبریە"ی بربادۆس، دوای هێرشەکەش تاقمی کەشتییەکە رایانگەیاندووە 3 کەس لە ئەنجامی هێرشەکە کووژراون و 4 کەسی تریش بریندار بوون کە دۆخی 3 لە بریندارەکان سەختە، هەروەها کەشتییەکەش زیانێکی زۆری پێگەیشتووە". بە وتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ، ئەمە پێنجمین مووشەکی بالیستییە کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ، لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو کەشتییەکانی ناو دەریای سوور هاویژراوە. لە لایەن خۆیانەوە وەزارەتی کرێکارە کۆچەرییەکانی فلیپین کوژرانی چەند دەریاوانێکی فلیپینی لە ئەنجامی ئەو هێرشە پشتراست کردەوە و رایگەیاند، "لە ئەنجامی هیرشێکدا لە دەریی سوور ، دوو دەریاوانی فلیپینی کوژراون و دوو دەریاوانی دیکەی فلیپینیش بە سەختی بریندار بوون". دوابەدوای هێرشەکەش حوسییەکان رایانگەیاند ، ئەو کەشتییەی بە ئامانجیان گرتووە ، کەشتییەکی ئەمریکییە و پابەندی ئاگادارکردنەوە و رێنووماییەکانی چەکدارەکانییان نەبووە ، هەربۆیە بە موشەک هێرشیان کردۆتە سەر و پێکاویانە. هەروەها حوسییەکان ئەوەشیان راگەیاند ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە و هەڵگرتنی ئەو ئابلوقەیەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە خراوەتە سەر ئەو کەرتە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان. لەلایەن خۆیەوە کەناڵی "سی ئێن ئێن" ی ئەمریکی بڵاویکردەوە ، لە ماوەکانی پێشوودا حوسییەکان زیاد لە 45 هێرشی جۆراوجۆریان بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان کردۆتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە ئەمریکی و رۆژئاواییەکانی ناو دەریای سوور . جێی ئاماژەیە حوسییەکانی یەمەن گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانن و بە بڕوای چاودێران و بەرپرسە سەربازییە ئەمریکی و رۆژئاواییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و یارمەتی لۆجیستی و سەربازی دەدرێن و ئاراستە دەکرێن
هاوڵاتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نوێترین ئاماری بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات لە ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران زیادیکردووە. بەپێی ئامارەکەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بێت، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ھەشت ھەزار و ٥٦٥ کۆچبەر لە رێگاکانی کۆچ لە سەرانسەری جیھاندا گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئامارەکە، ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە. ھاوکات جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ رێگریکردن لە مردنی زیاتری کۆچبەران لە رێگاکانی کۆچدا، بەوپێیەی ئامارەکە بەرزترینە بەراورد بە ١٠ ساڵی رابردوو.
هاوڵاتی ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران رۆژی چوارشەممە 6ی ئازاری 2024 رایگەیاند، ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکادا گرتووە، ئەم کەشتییە نەوتهەڵگرە کە ناوی ADVANTAGE SWEE لە کەنداوەوە تێدەپەڕی. ئاژانسی تەسنیم بە ئاماژە بە گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی دژی کۆماری ئیسلامی باسی لەوەکردووە ئەم گەمارۆیانە بووە بەهۆی ئەوەی رێگری لە فرۆشی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشە پەپوولەییەکان (EB: Epidermolysis Bullosa) بگیردرێت لەلایەن کۆمپانیایەکی سویدییەوە و ئەمە بووە بەهۆی ئەوەی ئەو نەخۆشخانە لە باری جەستەیی و دەروونییەوە زیانی قورسیان پێ بگات. تەسنیم رایگەیاندووە، کەشتی ADVANTAGE SWEE بە بڕیاری دادگاییەک لە تاران دەستی بەسەردا گیراوە و نووسیویەتی "لەسەر سکاڵای نەخۆشە پەپوولەییەکان (EB: Epidermolysis Bullosa) دژی ئەمریکا لە دادگای مافی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تاران، بڕیار دراوە دەست بە سەر ئەم کەشتییەدا بگیردرێت". تەسنیم هیچ زانیارییەکی زیاتری لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە. پێشتر هێزی دەریایی ئەمریکا رۆژی 27ی نیسانی 2023 رایگەیاند ئێران لە دەریای عومان دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی ADVANTAGE SWEET"دا گرتووە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە. هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئەم کەشتییە کاتێک دەستی بەسەردا گیراوە پەیامێکی ناردووە. هێزی دەریایی ئەمریکا هەروەها وتوویەتی ئەم کارەی ئێران دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە. هەروەها رۆژی 11ی کانوونی دووەمی 2024 ماڵپەڕی تەسنیم رایگەیاند "دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکیدا گرتووە".
هاوڵاتی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دەربارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری وتی "بەو پەڕی وشیاری و راستگۆیانە دەنگم نەدا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەس درۆ نەکەم". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمجارە بڕیارمدا ئەگەر ناتوانم کارێک بۆ خەڵک بکەم هاودەنگ و هاورێی لەشکری ناڕازییەکان بم" محەمەد خاتەمی لە کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکارەکانی خۆی رایگەیاند "بەپێی ئامارەکان زۆرینەی خەڵک لە دۆخەکە ناڕازین و هیوایەکیان بە داهاتوو نییە". هەروەها وتیشی "کاتێک دەڵێم خەڵک مەبەستم ئەو رێژە زۆرەی خەڵکە کە زیاتر لە ٥٠٪ حەشیمەتی ئێرانن و بەشداریان لە دوو هەڵبژاردنی پێشتردا کردووە و هەروەها چەند میلیۆن کەسێک کە بە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان و بە دەنگی سپی خۆیان ناڕەزایەتی خۆیان بە دۆخەکە دەربڕی، لەم هەڵبژاردنەشدا بینیمان ئەوانەی بەشداریان لە هەڵبژاردندا نەکردووە یان دەنگی سپیان داوە لە هەڵبژاردنی پێشتر زۆرتر بووە". ئاماژەی بەوەشدا، لە دۆخی نالەباری ئێستادا دەنگ نەدان جۆرێک دەنگدانە، لەم دۆخەشدا زۆرینەی زۆری خەڵک دەنگ نەدانیان هەڵبژارد. بەپێی ئامارە حکومییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە رۆژی ١ی ئازار بەڕێوە چوو کەمتر لە ٤١٪ خەڵک بەشداریان کردووە لە دەنگدان، هەرچەندە بیروڕای گشتی لایان وایە رێژەی بەشداریکردن زۆر لەوە کەمتر بووە، لە پارێزگای سنە بە پێی ئامارە حکومییەکان لە ٢٥٪ خەڵک بەشداریان لە دەنگدان کردووە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لەوەدەکەن ئەم رێژەیە کەمتر بووە لە ١٠٪.
هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری سەر لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە هەر دوو پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر دووچاری کێشەیەکی تەکنیکی بوون و سێرڤەرەکانیان لە کارکەوتن. هەر لەمبارەیەوە "ئەنەس نەجداوی" راوێژکاری تەکنەلۆژی و پێگە کۆمەڵایەتییەکانی کەناڵی "ئەلعەربییە" رایگەیاند، "ئەمە یەکەمین جار نییە کە پێگەکانی کۆمپانیای "میتا" رووبەرووی ئەم جۆرە کێشانە دەبنەوە ، بۆ نمونە 2 ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیاکە رووبەرووی هەمان کێشە بووەوە و پێگەکانی نزیکەی شەش کاتژمێر لە کارکەوتن". هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە رەنگە کێشەکەی ئەمجارە پەیوەندی بە هەڵە یان ئەو کێشانەوە هەبێت کە لە کاتی تازەکردنەوەی سێرڤەرەکان و بەرنامەکانەوە روویدابێت و بووە هۆکارێک تا زیاتر لە 500 هەزار کەس لە گەیشتن بە هەژمارەکانیان لەسەر فەیسبووک بۆ ماوەیەک بێبەش بن، هەر وەک چۆن لە هەمان کاتتدا 50 هەزار کەسی دیکەی لە پێگەی ئینستاگرام و 10 هەزار کەسی دیکەی لە بەردەست بوونی مەسنجەر بێبەش کرد. ئەم راوێژکارە ئەوەشی روونکردەوە کە ئەم کێشانە زۆر ئاسایین و تەنانەت لەناو ئەو سیستمانەش کە زۆر ئاڵۆزن و پارێزبەندییەکی تۆکمەیان هەیە روودەدات. دوابەدوای لە کار کەوتنی هەردوو پێگەی فەیس بووک و ئینستاگرام بۆ ماوەیەک، هەندێک کەس پێیان وایە کە ژیان بەبێ سۆشیال میدیا و پێگە کۆمەڵایەتییەکان بێ مانایە و نازانن چۆن کاتەکانی خۆیان بەسەر بەرن ، ئەم کەسانە پێیان وایە کە پێگە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەرێکی باشن بۆ مانەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و کەسوکاریان. لە بەرامبەردا هەندێک کەسی دیکە پێیان وایە ، ژیان بە بێ پێگە کۆمەڵایەتییە ئەلەکترۆنییەکان ئارامتر و باشتر دەبێت و پەیوەندییەکانی مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی لە پشت شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانەوە ببەسترێن ، راستەخۆ دەبێت ، بە رای ئەم کۆمەڵە پێگە کۆمەڵایەتییە ئەلەکترۆنییەکان زۆر شتیان لەناوبرد و لایەنە نەرێنییەکەی و زیانەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە زیاتر بوو وەک لە سوودەکانی. جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە 5/3/2024 هەردوو پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام بۆ ماوەیەک لەکارکەوتن و "هەژماری بەدواداچوونی ئینتەرنێتی" تایبەت بە چاودێریکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بڵاویکردەوە کە سەدان هەزار لە بەکارهینەرانی فەیسبووک و ئینستاگرام و مەسنجەر لە هەندێک ناوچەی جیهاندا دووچاری کێشەبوون و کێشەکە هیچ پەیوەندییەکی بە بڕانی ئینتەرنێتەوە نییە. دوابەدوای نەمانی پێگەکانی کۆمپانیای "میتا"ش، ئیلۆن ماسک-ی خاوەنی پێگەی ئەلیکترۆنی "ئێکس" وەک توانجێک لەو کۆمپانیایە لەسەر هەژمارەکەی خۆی لە پێگەی "ئێکس" نووسی "گەر ئەم نووسینە دەخوێنیتەوە ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە سێرڤەرەکانمان بێکێشەن".
هاوڵاتی حوسییەکانی یەمەن ئاشکرایانکرد ئێوارەی ئەمڕۆ بە ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو کەشتی ئەمریکییان لە دەریای سوور کردە ئامانج. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئازاری 2024 حوسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد، لەڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە دەریای سوور دوو کەشتی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج. ئاماژە بەوەشکراوە "ئۆپەراسیۆنەکە بە ژمارەیەک مووشەکی دەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە"، حوسییەکانی یەمەن جەخت لەوەدەکەنەوە "هێزە چەکدارەکانی یەمەن درێغی ناکەن لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی هەموو ئامانجە دوژمنکارەکان، هەروەها ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن تاوەکو گەمارۆی سەر گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە هەڵنەگیرێت".
هاوڵاتی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا، ئەمرۆ یەکشەممە 3/2/2024، لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، کەشتی "روبیمار"ی بەریتانی کە لە 18 شوباتی 2024 دا لە دەریای سوور لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بە مووشەکێکی بالیستی بە ئامانج گیرا بوو، ژێرئاو کەوتووە. هەر لە راگەیاندنەکەدا هاتووە کە، کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە هەڵگری نزیکەی 21 هەزار تۆن مەتری لە پەینی ئامۆنیۆم سۆلفات بووە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لە دەریای سووردا دروست دەکات. هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا هۆشداری لە بەرکەوتنی کەشتییەکانی ناو دەریای سوور لەگەڵ کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە داوە. لەلایەن خۆیەوە حکومەتی یەمەن رایگەیاند، دوابەدوای بە ئامنج گرتنی کەشتییەکە لەلەیەن حوسییەکانەوە ،حکومەت شانەیەکی قەیرانی بۆ مەترسییەکانی ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکە پیکهێنا ، بەڵام کە گوێی لە داواکاری و بەدواداچوونەکانی شانەکە نەگرت و بۆ ماوەی زیاتر لە 12 رۆژ کەس نەچوو بە لای کەشتییەکەدا و دواجار ژێرئاوکەوتنی ئەو کەشتییە ، مەترسییەکی راستەقینەی لە دەریای سوور درووست کرد. لەلایەن خۆیشیانەوە حوسییەکانی یەمەن بە تووندی ئەو تۆمەتانەیان رەت کردەوە کە باسیان لە دووبارە بە ئامانج گرتنی کەشتییە پێکراوە بەریتانییەکەی دەکرد لەلایەن گروپەکەیانەوە و هەر لەم بارەیەوە "تۆفیق حەمیری" راوێژکاری وەزارەتی راگەیاندن ی سەر بە حوسییەکان وتی: "رەنگە لایەنێکی سێیەم هەستا بێت بەو کارە و بە دیاریکراویس رەنگە ئەمریکا ئەم کارەی کردبێت". هەروەها "حەمیری " ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە پێشنیازێکی حوسییەکان رازی نەبووە کە لەبەرامبەر گەیاندنی یارمەتی بە کەرتی غەزە ، ئەوا ئەمانیش رێگەدەدەن کە پاشماوەی کەشتیەکە لە دەریای سوور دوور بخەنەوە. جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەرن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو گروپە رایانگەیاندووە ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە لە هێرش و پەلامارەکانیان بەردەوام دەبن.