ح.ەم.اس وەڵامی ترەمپى دایەوە: غەززە بۆ فرۆشتن نییە

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی پێنجشەممە دووپاتی کردەوە کە غەززە "بۆ فرۆشتن نییە"، ئەمەش وەک وەڵامێک بوو لەسەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ "گرتنەوەی" کەرتی و گۆڕینی بۆ "ناوچەی ئازادی".

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا پێشتر رایگەیاند کە دەیەوێت غەزە بکات بە 'ناوچەیەکی ئازاد' و لەژێر دەستی حەماس دەریبێنێت.

باسم نەعیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی: غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکەکانی فەلەستین، نەک موڵکێک بۆ فرۆشتن لە بازاڕی کراوەدا.

هاوکات باسم نەعیم جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگەدان بە هاوکارییەکان بۆ ناو غەززە "کەمترین" مەرجە بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل کە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە گەمارۆی توندی بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندووە.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حەماس دەڵێت، کەمترین شت بۆ کەشێکی لەبار و بنیاتنەر بۆ دانوستاندن، پابەندکردنی حکومەتەکەی (بنیامین) سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە بۆ کردنەوەی دەروازەکان و ڕێگەدان بە هاتنە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان و خۆراک و پزیشکییەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە دیسانەوە پێشنیاری کۆنترۆڵکردنی غەززەی لەلایەن ئەمریکاوە کردەوە و بیرۆکەی "ناوچەی ئازاد" و دووبارە گەشەپێدانی ئەو ناوچە جەنگاوەرەی خستەڕوو.

ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەی مێزی دەوری بازرگانیدا لە دۆحە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەر وتی: ئەگەر پێویست بکات، پێموایە شانازی دەکەم کە ئەمریکا خاوەنی کەرتی غەززە بێت و دەستی بەسەردا بگرێت و بیکاتە ناوچەیەکی ئازاد. 

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "وێنەی ئاسمانی بینیوە کە نزیکەی هیچ بینایەک بەپێوە نەماوە وەک ئەوە نییە هەوڵی ڕزگارکردنی هیچ شتێک بدەیت. هیچ بینایەک نییە. خەڵک لەناو داروپەردووی بینا ڕووخاوەکاندا دەژین، ئەمەش قبوڵ ناکرێت".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەمەوێت غەززە وەک ناوچەیەکی ئازاد ببینم، ئەگەر پێویست بکات، پێموایە شانازی دەکەم ئەگەر ئەمریکا خاوەندارێتی بکات و بیکاتە ناوچەیەکی ئازاد، با شتی باش هەبێت.

ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو، دەیەوێت غەززە بکاتە "ریڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، با هەندێک شتی باش ڕووبدەن، با خەڵک بگەڕێنینەوە ماڵەوە لەو شوێنەی کە سەلامەت بن، دەبێت مامەڵە لەگەڵ حەماسدا بکەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار