پزیشكیان بۆ ترەمپ: كەرامەتی ئێمە بۆ فرۆشتن نییە

3 مانگ لەمەوپێش



 

سەرۆكی ئێران ڕایگەیاند: ئێمە كڕنۆش بۆ هیچ دەسەڵاتێك نابەین، ئێمە داكۆكیكاری ئاشتیین، بەڵام كەرامەتی ئێمە بۆ فرۆشتن نییە، هەڵسوكەوتەكانی ئەمریكا وڵاتانی ناوچەكە بەرەو شەڕ دەبات.

مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران لە وەڵامی قسەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكادا رٍاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لەڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ترەمپ بە چ لۆژیكێك بانگەشەی ئاشتیخوازی دەكات، لە كاتێكدا چەك و بۆمب و مووشەك بۆ وڵاتانی ناوچەكە دەنێرن؟ ئەم هەڵسوكەوتەی ئەمریكا وڵاتانی ناوچەكە بەرەو شەڕ دەبات، نازانین بەڕاستی ئامانجی ئاشتییە یان زیادكردنی گرژی.

ئاماژەی بەوەشكرد: چۆن دەتوانن ئێمە وەك ئەو كەسانە پیشان بدەن، كە هۆكاری نائارامین، لە كاتێكدا ٦٠ هەزار ژن و منداڵ لە غەزە كوژران؟ مەترسی ڕاستەقینە كێیە؟ ئێوە پشتیوانی سەربازی بۆ ئیسرائیل دەنێرن.

وتیشی: ئێران هەوڵی بە دیهێنانی ئاشتی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەكە دەدات، ئەوان ئاشتییان بوێت یان نا، ئێمە بە هێزەوە ئەم وڵاتە بنیات دەنێین و پەرەی پێدەدەین.

لە كۆتاییدا وتویەتی: ئێمە داكۆكیكاری ئاشتیین نەك داكۆكیكاری شەڕ، بەڵام كەرامەت و شانازیمان بۆ فرۆشتن نییە و نە چۆك بۆ هیچ هێزێك دادەنێین و نە ڕادەست دەبین.

ئەو وتانەی پزیشكیان دوای ئەوە دێت، كە ترەمپ بانگەشەی ئەوەی كرد، ئێران “وێرانكەرترین هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە”، هۆشداریشیدا لەوەی ئەمریكا هەرگیز ڕێگەی پێنادات خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، "بەهۆی سیاسەتەکانی ئیدارەی جۆ بایدنەوە خەریک بوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست بدەین"، جەختیشیکردەوە "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزین". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموایە ئێمە زۆر نزیکین لە ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران".

ئەو وتانەی سەرۆک ترامپ لە میانەی سەردانەکەیدا بوو بۆ لای هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید کە دەکەوێتە بیابانی باشووری ڕۆژئاوای دۆحەی پایتەختی قەتەر کە میوانداری گەورەترین دامەزراوەی سەربازی ئەمریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەمەوێت کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە زیرەکی چارەسەر بکەین نەک بەبەکارهێنانی هەڕەشە و توندوتیژی.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا دەیەوێت ئێران وڵاتێکی گەورە و مەزن بێت، بەڵام بەبێ چەکی ئەتۆمی، هەروەها نایەوێت هەنگاوی دووەم بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر و هەڕەشە لەو وڵاتە بکات.

جەختی لەوەشکردەوە، دەمانەوێت ئێران ببوژێتەوە، بەڵام هەرگیز رێگەنادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار